نامەكەی مەسعود بارزانی دراوی یەكێتی بێ بەها دەكات

بڕوا ناكەم محەمەد ڕەوف ئەو نامەیەی داتاشیبێت، دڵنیاشم كۆپییەكی ئەو نامەیەی بۆ یەكێتی چووە لەلایەن پارتییەوە دراوەتە درەو میدیا بەمەبەستی بڵاوكردنەوەی، یان وەك جاری جاران لەلایەن ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاگادار لە نامەكە بۆی چووە .

لەم كاتەدا ئەو نامەیە بۆ؟
بەڵگە نەویستە حكومەتەكەی مەسرور بارزانی لەهەموو كایەكانی ئیداری و ئەمنی و موچەو ئازادی ڕادەربڕین و سیاسەتی ناوخۆیی و عێراقی و هەرێمییەوە شكستێكی گەورەی هێناوە، هەندێك هۆكاری گشتی وەك كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت و هۆكارە تایبەتییەكانی وەك حكومەتی پۆلیسی و نەبونی دبلۆماسیەتی كاركردن و بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان و..هتد ئەو شكستەیان بەرهەمهێناوە .

بەڵگە نەویستە حكومەتەكەی مەسرور بارزانی لەهەموو كایەكانی ئیداری و ئەمنی و موچەو ئازادی ڕادەربڕین و سیاسەتی ناوخۆیی و عێراقی و هەرێمییەوە شكستێكی گەورەی هێناوە

پارتی یارییەكی ناوخۆیی و ئیقلیمی هەمەلایەنە دەكات، پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیاو ئێران و هەتا بەشێكی زۆری هێزە عێراقییەكاندا ڕوون و ئاشكرایەو ئەجێندای سیاسی و سەربازی و هەرێمی ئەوان جێبەجێدەكات، تەسلیمكردنەوەی شەنگال و هێرشی توركیاو كوتانی تەپڵی شەڕی پەكەكە خزمەت بەو پەیوەندییانەی پارتی دەكەن، كە تەنیا ئەو چارەنووسی ئەم گەلەی لە بەر دەستایەو چۆنی بوێت وا دەكات .

یەكێتیش سەرەڕای لەبێخەبەری، كە چی دەگوزەرێت و سبەینێ چی ڕودەدات، تەنیا خاڵێكی ئەرێنی مانەوەو ململانێكانی لەگەڵ پارتیدا، ئەو سۆزە جەماوەرییە ناوخۆیی و كوردستانییەیە، كە لە ناوخۆی هەرێم و پارچەكانی تری كوردستاندا هەیەتی، ئەوەش مێژووەكەی زۆر كۆنەو دەگەڕێتەوە ساڵەكانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو، پشتیوانیكردنی كوردانی ڕۆژهەڵات و باكور و مێژوی نزیكی شەڕی كۆبانی و ناردنی هێزو یارمەتی بۆ كوردانی ڕۆژاوا دواهەمینیشیان هەڵوێستی ڕەتكردنەوەی شەڕی پەكەكەیە.

كارتێكی فشاری تری یەكێتی لامەركەزیەتی ئیداری و سەركێشانێتی بۆ لامەركەزییەتی سیاسیش ئەگەر شەریكێكی ڕاستەقینەی دەسەڵات نەبێت، پارتی ئەوەندە بێئاگا نییە، كە پرۆژەی لامەركەزییەتەكەی یەكێتی لە تەواوبووندایە، بۆیە ئەم نامەیەی بەڕێز مەسعود بارزانی پوچەڵكردنەوەی پرۆژەكەیەو بێبەهاكردنی دراوی یەكێتییە لە بازاڕی سۆزی نیشتمانی و نەتەوەییدا ، پوچەڵكردنەوەی ئەو فشارانەیە كە یەكێتی جارجارە لافی پێوە لێدەدات .

ئەم نامەیەی بەڕێز مەسعود بارزانی پوچەڵكردنەوەی پرۆژەكەیەو بێبەهاكردنی دراوی یەكێتییە لە بازاڕی سۆزی نیشتمانی و نەتەوەییدا

نامەكە تەنیا ئاراستەی بازاڕی سیاسەت كراوە، خودی كاك مەسعودیش دەزانێت هیچ لۆژیكێك ئەوە قبوڵناكات تۆ بگەڕێیتەوە دوو ئیدارەیی و پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم وەكو خۆیان بمێننەوە ، ئەی ئەو كاتە جێگری حكومەت و وەزیرەكانی و سەرۆكی پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانەكانی و جێگری سەرۆكی هەرێمی یەكێتی چ كارە دەبن و دەبێت ڕۆژەكانیان چۆن بەسەر بەرن؟

سیاسەت جاری جاران زۆر ئاڵۆز بوو، بیری تیژو پاشخانێكی سیاسی و مەعریفی گەورەی گەرەك بوو، بەڵام ئێستا ئەوەندە ئاسان بووە، ئەوەی دەستی ڕاستی لە چەپی جیا بكاتەوە دەتوانێت سیاسەت بكات .

سەمەد زەنگەنە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا