كاریگەری داشكانی بەهای دیناری عێراق

بانكی ناوەندیی عیراق لە وتارێكی رەسمیدا كە ئاراستەی بانكە ناوخۆییەكانی كرد تا نرخی نوێی دینار لە بەرامبەر بە دۆلار پەیڕەو بكەن، وێڕای دووپاتكردنەوەی ئەو نرخی گۆڕینەوە نوێیە نرخێكی كۆتاییە و بەهیچ جۆرێك دەستكاری ناكرێت، ئەم بڕیارە بازاڕی عیراقی توشی شۆك كرد، هەرچەند وەزارەتی دارایی عیراق بەڵێنی دا جارێكیتر دەستكاری بەهای دینار ناكەینەوە، هاوكاتیش دڵنیایی بە هاووڵاتیان داوە كە ئەم بڕیارەیان كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەو توێژانەی خەڵكی ناكات كە كاڵای نێوخۆیی بەكاردەهێنن.

ئەو بڕیارەی حكومەتی عیراق و بانكی ناوەندیی عیراق بە كەمكردنی بەهای دیناری دەریكردووە، لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە. لەو رۆژەی ئەو بڕیارە دراوەو خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، رەوشی ئابووریی هاووڵاتیانی عیراقی بە هەرێمی كوردستانیشەوە بەراورد بە رۆژی پێشتری گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتووە، دینار لە بەرامبەر بە دۆلار شكاو رێژەی هەڵئاوسانی بەرزكردەوەو رێژەی هەژاری لە كۆمەڵگە بەرز دەكاتەوە، بەداخەوە ئەمە لە دەوڵەتێكدایە كە لەسەر دەریایەكی نەوت‌و غازی سروشتییە، وێڕای دەرامەتە سروشتییەكانی تر، كە دەكرا بە ئیدارەیەكی دروستی ئابووری ژیانێكی تری جیاواز بۆ خەڵكی عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە دابین بكرابایە نەوەك نغرۆی بێكاری‌و هەژاری بكرابایە.

لایەنە ئەرێنییەكانی بەرزكردنەوەی نرخی گۆڕینەوە
یەك: بەپێی لێدوانەكانی وەزیری دارایی‌و شارەزایانی ئابووریی حكومەت، ئەو بڕیارە بۆ كەمكردنەوەی كەلێنی نێوان داهاتی فرۆشتنی نەوت و خەرجییە هەڵكشاوەكانی گشتیی عیراقە، واتە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی گشتییە، عیراق رۆژانە بڕی (3.250) بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، هەر بەرمیلێك بە (42) دۆلار، داهاتی ئەو بڕە نەوتە بەشی مووچەی فەرمانبەرانی حكومەت ناكات، بە داشكانی بەهای دینار لە بەرامبەر بە دۆلار ئەو كورتهێنانە پڕ دەبێتەوەو حكومەت پێویستی بە قەرزی دەرەكی‌و ناوخۆیی نامێنێت.

دوو: داشكانی نرخی گۆڕینەوە، ئاستی بە قاچاخبردنە دەرەوەو تەحویلكردنی دۆلار بۆ دەرەوەی عیراق كەم دەكات‌و پێچەوانە دەبێتەوەو دۆلار بەرەو ناو عیراق دێت.

لایەنە نەرێنییەكان
یەك: نرخی دۆلار لە بەرامبەر بە دینار هەڵدەكشێت‌و كاریگەریی بەرچاوی لەسەر هاووڵاتیان دەبێت، چونكە عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بەرهەمێكی پیشەسازی‌و كشتوكاڵی ئەوتوی نییەو زۆربەی لە دەرەوە هاوردە دەكات، ئەنجامەكەی هەڵكشانی نرخی هەموو شتێكە لە بازاڕ. ئەم دوو لایەنە زیانی گەورەیان بەردەكەوێت.

مووچەخۆرانی حكومەت
مووچەخۆران یان خاوەن داهاتە سنوردارەكانی هەرێمی كوردستان، وێڕای ئەوەی چەند ساڵێكە بەدەست كاریگەرییە نەرێنییەكانی قەیرانی دارایی هەرێمەوە دەناڵێنن، مووچەكانیان دوادەكەوێت و لێی دەبڕدرێت، ئێستا فاكتەرێكی تری نەرێنی تەنگیان پێ هەڵدەچنێت، ئەویش داشكانی بەهای دینارە، لەگەڵ ئەوەی ئەو كەلوپەل‌و كاڵایانەی لە بازاڕدان هەن، هی ماوەی پێش ئەم داشكانەیە، كەچی یەكسەر بەبێ هیچ هۆكارێك هەندێكیان زیاد لەو رێژەی دیناری پێ داشكاوە، بەرزتر كراوەتەوە، بەبێ ئەوەی حكومەت لەبەرامبەریدا هیچ هەنگاوێك بنێت، واتە ئەم توێژە گرنگەی هاووڵاتیان بەبێ بەرگری خراوەتە بەردەم جەبەروتی بازاڕ و هێزەكانی تا زیاتر بیان هاڕن.

بەڵێندەران
ئەو توێژەی كۆمەڵگە یەك لە زەرەرمەندەكانی تری ئەم داشكانی بەهای دینارەیە، كە بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێمەوە لە بری وەرگرتنی شایستە داراییەكانیان، چەكی خەرجنەكراویان وەرگرتووە، وێڕای ئەوەی ماوەیەكی زۆری بەسەرداچووەو بەشێكیان بە نرخی هەرزان فرۆشتوویانە، ئێستاش ئەم داشكاندنی بەهای دینارە زیانێكی تریان پێ دەگەیەنێت، ئەمەش پێویستی بە چارەسەركردن هەیە، كە دەبێ حكومەت ئەم توێژەی كۆمەڵ پشتگوێ نەخات، ئەمانیش بەشێكی گرنگی سەرمایەی نیشتمانی ئەم هەرێمەن لەبری دەستگیرۆیی كردنیان چەند ساڵێكە پشتگوێخراون، ئەم داشكاندنە كەلێنی متمانەی نێوانیان لەگەڵ حكومەت زیاتر دەكات.

دوو: دەبوو دەوڵەت دەزگایەكی چاودێریی توند و تۆكمەی هەبایە (ئەو دەزگایانە بوونیان هەیە بەڵام پێویستیان بە لایەنی ترە تا دەستیان بەسەر بازاڕدا زاڵ بێت) تا بتوانێ كۆنتڕۆڵی شێتی هەڵكشانی نرخ‌و چاوچنۆكی بازرگانانی بكردبایە.

لە رۆژانی پێش 2020/12/20 یەك دۆلار دەیكردە 1190 دینار، بەپێی لێدوانەكان بانكی ناوەندی بڕی (290) ملیۆن دۆلاری بە نرخی 1190 دینار دەفرۆشت‌و لە بازاڕ بە 1330 دینار بوو، واتە بە جیاوازی 140 دینار بۆ هەر دۆلارێك، بەمەش بانكی ناوەندی (250 ملیۆن دۆلار * 140 دینار = 35 تریلیۆن دینار زەرەری دەكرد، بە دیوەیەكی تریشدا ئەو بانكانەی رێگەیان پێدراوە دۆلاری بانكی ناوەندی بكڕن ئەو قازانجەیان دەكرد، وەك بڵاوكراوەتەوە ئەو بانكانە هی حزبە باڵادەستەكانە.

گریمان بانكی ناوەندی نیوەی ئەو بڕەی سەرەوەی دەفرۆشت وەك یەك لە پەرلەمانتارەكان رایگەیاند بوو، واتە 125 ملیۆن دۆلار، زیانەكەی بانك دەیكردە حەڤدە تریلیۆن و نیو دینار.

حكومەتی عیراق لەم بڕیارەی لە بەردەم دوو ئەگەری زۆر قورسدایە:
یەكەمیان: ئەگەر ئەم پڕۆژەیەی لە ئەنجومەنی نوێنەران تێپەڕێنرێت‌و بڕوات ئەوا ئەو كاریگەرییانەی لەسەرەوە ئاماژەی پێكرا بەردەوامی دەبێت.

دووەمیان: ئەو هێزانەی لە پشت ئەو بانكانەوەن، بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو قازانجە گەورەیایان نابن‌و هەموو هەوڵێك دەدەن تا شكست بەو بڕیارەی حكومەت‌و بانكی ناوەندی بهێنن. ئەگەر ئەم هێزە سەركەوت‌و پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی رەوانەی حكومەت كردەوە، ئەوكات عیراق جارێكی تر دەكەوێتە ژێر هەژموونی قەرزی ناوخۆیی‌و دەرەكی‌و ئابووریی عیراق بەرەو نەهامەتی زیاتر دەبات، چونكە چیتر هیچ متمانەیەك بە هیچ ریفۆرمێك لە عیراق ناكرێت، ئەو نرخی گۆڕینەی دۆلار و دینار ناگەڕێتەوە دۆخی جارانی‌و جێگیری بەخۆیەوە نابینێت.

ئەم دوو خاڵەی سەرەوە كاریگەریی دیاری لەسەر هەرێمی كوردستانی دەبێت، ئەگەر هاتوو حكومەتی هەرێم بە هەمان ریتم‌و سیاسەتی ئەمساڵ 2020 مووچە دابەش بكات‌و لێبڕینی بۆ بكات‌و بە سێ مانگ موچەیەك دابەش بكات، ئەوا چیتر خەڵكی بەرگەی ئەو رەوشە ناهەموارەی ئابووری‌و دارایی ناگرن كە هاوكاتی بەهای دینار شكاوەو بازاڕیش گرانتر بووە.
دەرئەنجام

بازاڕ وەك هەر كاڵایەكی تر بەپێی خستنەڕوو و خواست نرخی دراوی دیاری دەكات، بانكی ناوەندی بەرپرسی دراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی عیراق لەناو گێژاوێكی سیاسی‌و ئیدارییە، تێبینی دەكرێت بانكی ناوەندی لە ژێر كۆنتڕۆڵی وەزارەتی داراییە، لەكاتێكدا دەبوو سەربەخۆی بێت‌و خۆی داڕێژەری سیاسەتی نەختی بێت، ئەمەش لە لێدوانی وەزیری دارایی بە روونی دیار بوو.

لەو دەوڵەتانەی كە سیستمی گۆڕینەوەیان جێگیرە، نرخی گۆڕینەوەی دراو پشت بە هەناردەو هاوردە دەبەستێت، چەند هەناردە لە هاوردەیان زیاتر بێت، خواست لەسەر دراوی ناوخۆیی بەرزدەبێتەوە، پێچەوانەكەیشی راستە، چەند تەرازووی بازرگانی لە بەرژەوەندیی دەرەكی بشكێتەوە خواست لەسەر دراوی ناوخۆیی دائەشكێت و نرخەكەی لە بەرامبەر بە دراوی بیانی دەشكێت.

حكومەتی عیراق لەبەر ئەوەی نەیتوانی لە دەرەوەی كەرتی نەوت چارەسەری گونجاو بۆ قەیرانی داراییەكەی بدۆزێتەوەو سەرچاوەی بەردەوامی دارایی فەراهەم بكات، دەبینین بەرەو چارەسەری گاتی هەنگاو دەنێت كە كاریگەریی نەرێنی لەسەر هاووڵاتیان بەجێ دەهێڵێت، ئەم داشكانی بەهای دینارە جگە لە چارەسەرێكی كاتی‌و پینەوپەڕۆ هیچیتر نییە.

گریمان جگە لەم هەنگاوە هیچیتری لە بەردەست نییە، دەكرا هەنگاو بە هەنگاو نرخی گۆڕینەوەی دیناری داشكاندبایەو توێژینەوەی لەسەر بكردبایە تا بزانرێت ئەم هەنگاوە چەند سەركەوتوو و گونجاوە، ئەوكات ماوەیەكی گونجاو لە بەردەست بڕیار بەدەستان دەبوو بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی تر.

باشتر وابوو حكومەت بە ئاراستەی ئەو دەرامەتە پەككوتوانەی ناو ئابووری هەنگاو بهاویشتبایە، وەك باج‌و رەسمی گومرگی‌و رێكخستنەوەی مەرزەكان‌و باشتركردنی ئیدارەی دارایی‌و رێكخستنەوەی مووچە و دەرماڵە.

وەك چارەسەرێكی گونجاو بۆ توێژە زەرەرمەندەكان، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نرخی كاڵای سەرەكییەكانی خۆراك‌و پزیشكییەكان، حكومەت بە هەمان نرخی پێشوو دۆلاری بە بازرگانانەی ئەو كاڵایانە هاوردە دەكەن بفرۆشتبایە، بۆ ئەوەی زۆرینەی خەڵكی لە ئاسەواری داشكانی بەهای دینار زەرەرمەند نەبن.

فەیسەڵ عەلی
سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا