یاسای دادگای فیدڕاڵیی عێراق كەمینەكانی كوردستانی نیگەران كردووە

پۆڵەتیك پرێس
پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینە كەمینەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەمواری یاسای دادگای فیدڕاڵی عێراق كە لەئێستادا لە پەرلەمانی عیراق گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه و بەپێشێلكاری دژی مافەكانی مرۆڤ كەمینەكان ناوی دەبەن.

‌كلاره‌ عودیشو یعقوب، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی كلدانی سریانی ئاشوری بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، هەمواری یاسای دادگای فیدڕاڵی عێراق پێداگیریی مەزهەبیی تێدایە و ئەوەش کاریگەری زۆری دەبێت لەسەرچۆنییەتی پێکەوە ژیان لەنێوان نەتەوەو ئاینەكاندا.

وتیشی”: دەبێت یاساکە دووربێت لە ململانێی نەتەوەیی و مەزهەبی و ئایینی و نەبێتە هۆكاری سیاسیی كه‌ لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراق به‌كاربهێندرێت”.

كلاره‌ عودیشو ئاماژەی بەوەشكرد، “گوێنەدان بەمافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینە كەمینەكانی دیكە دژی مافەكانی مرۆڤەو جگە لەبۆچونی هەرسی لایەنی، شیعە، سوننە و كورد، مافی بۆ هیچ پێكهاتەیەكی دیكە دانەناوە، بۆیە هەوڵیانداوە لایەنە پەیوەندیدارەكان و رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان لەمەترسییەكانی ناوپڕۆژەیاساكە ئاگاداربكەنەوە بۆئه‌وه‌ی ڕێگری بكرێت لەهەواری یاساكە ئەویش لەپێناو پێكەوەژیانی گشتی لەعێراق”.

لەلایەكی ترەوە رەجەب كاكەیی، نوێنەری پێكهاتەی كاكەییەكان دەربارەی هەمواری یاسای دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی:”دەمانەوێت شارەزای زۆرینەی ئاینەكان لەناو دادگای فیدڕاڵی نوێنەریان هەبێت و نیگەرانی پێكهاتەو ئاینە كەمینەكان ئەوەیە، حوكمی ئاینێكی دیاری كراو دەسەپێندرێت بەسەر تەواوی ئاینەكانی دیكە لەعێراق، بەوەش وڵات هەنگاو دەنێت بەرەو چۆڵكردنی پێكهاتەو ئاینەكانی دیكە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەپەسەندكردنی پڕۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵی عێراق وادەكات لەداهاتودا پێكەوە ژیان بكەوێتە مەترسییەوه‌، ئاینە كەمینەكان بەتەواوی پەراوێزبخرێن.

بەوتەی رەجەب كاكەیی، “هیچ گەرەنتییەك نییە بۆ ئاینە كەمینەكان كە دوای تێپەراندنی یاسای دادگای فیدڕاڵی ئاینێكی دیاری كراو لەناو ئاینەكەشدا مەزهەبێكی دیاری كراو لەناو مەزهەبەكەشدا رەوتێكی دیاری كراو دەست ناگرێت بەسەر كارەكانی دادگای فیدڕاڵیدا و بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاری ناهێنێت”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا