هەتا ئەو بایە لەو كونەوە بێت

رەنگبێ لاچوونی نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، بەقەدەر نەمانی مام جەلال بۆ یەكێتی كەمەرشكێن بێت؛

خوا بۆی دابوون، لە سلێمانی موعارەزە و لە ھەولێریش حكومەت بوون، ھەر چییەكیش لە سلێمانی روویدابا، حكومەت ئۆباڵەكەی بە ئەستۆ دەگرت.

ئەم پارتییەی ئێستا، بەغدا چ بە ھەولێر بكات، ئەویش بە سلێمانیی دەكات. ئەگەر موتیع و ملكەچی ھەولێر نەبی ئەوا ھەر كەس لە ماڵی خۆی.

ئەو بێمنەتییەی ھەولێر لە مەسەلەی ھەڕەشەكردن بە دوو ئیدارەیی لەوەڕایە كە پارتی دڵنیا بووە، یەكێتی نە خۆی پێوە بەڕێدەبرێت و نە دەتوانێ قووت و موچەی خەڵكی خۆی دابین بكات.

دانانی قوباد تاڵەبانی وەكو سەرۆكی شاندی ماراسۆنكاری ھەرێم لە بەغدا زۆر زیرەكانەیە؛ نەوەكا بە ناوی ھەولێر بچێتە داوای بودجە و بۆ سلێمانیی بخوازێت!

لانیكەم دوو ساڵە یەكێتی قەوانێكی ھەیە لێدەدات و، بەدەم ئەو ئاوازەوە شەوان تەگبیر دەكات كە چۆن بە كارتی دوو ئیدارەیی پارتی ئەبڵەق بكات! كەچی دەركەوت نیوەشەوێك پارتی بۆمبەكەی ھەڵداوەتەوە بن لێفەی یەكێتی!

ھەموو ئومێدی یەكێتی ئەوە بوو كە بتوانن لە دەرەوەی حكومەتی ھەرێمەوە، موچەی دەڤەری سەوز لە بەغداوە دابین بكەن، بەڵام ئەوە سەری نەگرت و پێدەچێ پارتیش ئەوە بزانێت. بۆیە لەسەر سینیی زێر دوو ئیدارەیی پێشكەشی یەكێتی كرد. سەیر ئەوەیە كە یەكێتی ئەوەی بە ھەڕەشە وەرگرتووە!!.

ئەلبەتە پرۆژەی راستكردنەوە رێڕەوی حوكمڕانی لە كوردستان لە بەر ھاتنی پاپا چەند رۆژێك دەوەستێ! بەڵام ھەقە ئیتر لێرە بەدواوە یەكێتی لەگەڵ خەڵكی خۆی راستگۆ بێت. بەڕاستی و بە فیعلی بچێتە بنباری ئیدارەی ناوچەكەی خۆیەوە و واز لەو تەگبیرانە بێنێت.

راستە بۆ پارتی قورس دەبێ ببێتەوە حاكمی دوو شار، بەڵام پارتی بەسەرێك سلێمانیی لەكۆڵ دەبێتەوە و بەسەرێكی دیكەش ئۆباڵی ئەوەی ڕوو دەدات دەخاتە ئەستۆی ئێستای یەكێتی.

ھا ئەگەر یەكێتی بە تەمای موعجیزەیە لە حوكمڕانیدا، شتی وا روو نادات. جارێ ئەو بایە ھەر لەو كونەوە دێت.

رێبوار كەریم وەلی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا