تیۆرەكانی ئابووری.. نە شیكردنەوە و نە چارەسەریشیان پێیە

قورسترین‌و ئاڵۆزترین ئەو قۆناغانانەی بەسەر مێژووی ئابووریی جیهانیدا تێپەڕیوە، ئەو ماوانەیە كە تێیدا تیۆری ئابووری نەیتوانیوە رەوشی باوی ئابووری شرۆڤە بكات یان چارەسەری گونجاوی پێشكەش بكات، چونكە ئەوكات تیۆری ئابووری رووبەڕووی حاڵەتی بێ پێشینەی وا نەبۆتەوە، هیچ سامپڵێكی ماتماتیكی یان پێوانەیی بۆ پێشبینیكردنی لەبەردەست نەبوە تا بتوانێ لێوەی هاوكاری بڕیاردەران بكات، لە رابردوودا، تیۆری كلاسیكی شكستی هێنا لەوەی بتوانێ شرۆڤە یان چارەسەر بۆ قەیرانی بێبازاڕی بدۆزێتەوە. بەهەمان شێوە تیۆری كینزی شكستی هێنا لە رووبەڕووبوونی قەیرانی هەڵئاوسان‌و بێكاری. وەك دەردەكەوێت قەیرانی ئێستای ئابووری كەمتر نییە لەو قەیرانە گەورانەی رووبەڕووی تیۆرە ئابوورییەكان بووەوە، ئەو پاشەكشێ ئابوورییەی ئێستا بە تەواوی جیاوازە لەو پوكانەوە یان ئەو بێبازاڕی‌و بێكاری‌و هەڵئاوسانەی كە جیهان لە رابردوودا دووچاری بوو بوو، هۆكارەكانی ئێستای بێكاری هەمان ئەو هۆكارانە نین كە پێش چەند دەیەیەك شرۆڤە و تیۆریزەی بۆ كرابوو.

كێشەكەی ئێستا بە كشانەوەی خەڵكی لە چالاكی رۆژانەی ئابوورییەوە پەیوەستە، كە هاوكاتیشی حكومەت بەهۆی كۆرۆنا ڤایرۆسەوە بازاڕ و بزاوتی ئابووری داخست. بەڵام ئەو پاشەكشێیەی خەڵكی بەهۆی كەمتوانایی خەرجی یان نەبوونی پارە یان كاڵاوە نەبوو، بەڵكو بەهۆی رەوشێكی قورسی تەندروستییەوە بوو، كە بووە رێگر لە بەردەم ئەنجامدانی چالاكی ئابووری لە دەرەوەی ماڵ. ئەم رەوشە ژینگەیەكی ئابووریی تەواو نوێی رەخساند، چالاكی ناو ماڵ پارەیەكی باشی بۆ ئەو كۆمپانیایانە فەراهەم كرد كە لە دوورەوە خزمەتگوزارییەكانیان پێشكەش دەكرد، وەك كۆمپانیای ئەمەزۆن‌و كۆمپانیا هاوشێوەكان، لەكاتێكدا ئەو كۆمپانیایانەی تر كە لەگەڵ ئەو چالاكییانەی مرۆڤ لە دەرەوەی ماڵ كاریان دەكرد دووچاری قەیرانی بێبازاڕی بوونەوە. لێرەڕا ئەو چارەسەرە ئابوورییە باوانەی هەیە توانای پێشكەشكردنی چارەسەریان نییە، زۆرێكی ئابووریناسانی جیهان پشتیوانی ئەم بۆچوونە دەكەن، بەوەی بەكارهێنانی زمانی كلاسیكی ئابووری لە وەسفكردنی پاشەكشێی ئێستای ئابوورییدا، شڵەژان‌و ئاڵۆزی سەبارەت بە دەستنیشانكردنی سیاسەتێكی گونجاوی ئابووری بۆ مامەڵەكردنی لەگەڵ قەیرانی ئێستا دروست دەكات.

وەك دەزانرێت، ناوەڕۆكی سیستمی تەقلیدی ئابووری بەپێی چەمكە پەیڕەوكراوەكانی زانستی نوێ، دیاردەیەكی ناوازەی ئەو دەوڵەتانەیە كە ئاستێكی نزمی گەشەی ئابوورییان هەیە. هەروەها پێوەرێكی سەرەكیی پۆلێنكردنی ئەو دەوڵەتانەیە كە بەشی زۆری بەرهەمهێنانیان دەستییە و ئاستی بەكارهێنانی تەكنەلۆجیای تێیدا لاوازە و بە شێوەیەكی گشتی سیستمی ئیدارەدانی ئابوورییان كاتی بەسەرچووە و كۆن بووە. بەشێكی گەورەی یەكە ئابوورییەكانی ئەو دەوڵەتانە لەمیانی شێوە كلاسیكییە كۆمەڵگەییەكەوە گوژم بە پڕۆسەی كاركردن دەدات. ئەم رەوشە بەشێوەیەكی گشتی نەیتوانی رووبەڕووی دەرهاویشتەكانی كۆرۆنا ڤایرۆس بێتەوە، كە كاریگەریی دیاری لەسەر كەرت‌و چالاكییە بازرگانییەكان كردووە و نیشانەكانی بزاوتی گەشەی ئابووریی تێیاندا پەكخستووە.

ئابووریناسانی وەك مێرڤین كینگ كە پرۆفیسۆری ئابوورییە لە زانكۆكانی كامبریج‌و بێرمنگهام لە بریتانیا و هارڤارد و ماساچوستس لە ئەمریكا، پێی وایە لۆجیكی نییە بەپێی رێسا ئابوورییە پەیڕەوكراوەكانی پێشوو قەیرانی ئابووریی ئێستا (پاشەكشێی ئابووری) لەڕێی هاندانی خەرجییەوە چارەسەر بكرێت، كێشەكە وەك ئەوەی كینگ دەیبینێت كەمتوانایی بەكاربەران نییە لە خەرجكردن، بەڵكو لەوەدایە دەتوانن ئەوە بكەن، لە حاڵەتی ئەوها هەر هاندانێكی ئابووری بەشێوە تەقلیدییەكەی هیچ كاریگەرییەكی لەسەر خواست نابێت چونكە خەڵكی ناتوانن بچنە دەرەوە شتومەك و كەلوپەل بكڕن‌و گەشت بكەن. لەبەر ئەوە، ئەوەی پێویستە ئیستا كاتی هاندانی خواست نییە، بەڵكو پشتیوانی كۆمپانیاكانە بەتایبەتی پڕۆژە زۆر بچوك و بچوك و مامناوەندییەكانە تا بتوانن ئەم قەیرانە تێپەڕێنن.

لەسایەی ئەم گفتوگۆ جیهانییەی لەمەڕ ئاراستەكردنی دروستی ئابووری دەكرێن تا لەم قەیرانە ئابوورییەی كە تەشەنەكردنی پەتای كۆرۆنا بەدوای خۆیدا هێناویەتی دەربازیان بێت، عیراق بە هەرێمی كوردستانەوە هیچ هەنگاوێكی دروستی ئابوورییان بەو ئاقارەدا نەناوە تا پشتیوانی پڕۆژەی زۆر بچوك‌و بچوك‌و مامناوەند بكەن تا لەم قەیرانە دوولایەنەدا (داشكانی نرخی نەوت‌و پەتای كۆرۆنا) خۆیان بگرن‌و بە مایەی خۆیانەوە تێیپەڕێنن، وێڕای ئەوەی پشتیوانییان نەكردووە، بەهۆی نەدانی مووچەی فەرمانبەران‌و دواكەوتنییەوەو ئەو خواستەی كە پێشتر لە بازاڕدا هەبوو بەجۆرێك ببووە پشتیوانی ئەو پڕۆژانە، هۆكارێكی تری پەكخستنیانە. ئابووریی زۆربەری دەوڵەتانی جیهان بە پێشكەوتوو و دواكەتوییانەوە بەشێوەیەكی بنچینەیی پشت بە پڕۆژەی بچوك‌و مامناوەند دەبەستن، بەردەوام هەوڵی پشتیوانیكردنیان دەدەن‌و تا ئەوپەڕی ئاسانكارییان پێشكەش دەكەن، چونكە ئەم پڕۆژانە سەرچاوەی سەرەكی رەخساندنی دەرفەتی كارن لەناوچە جیاجیاكانی ئابووری‌و بەشێكی بەرچاوی پێداویستییەكانی خەڵكیش دابین دەكەن.

لە هەرێمی كوردستان، ئیدارەدانی ئابووری بەشێوازێكە رەنگە دەمێكە زەمەنی بەسەرچوو بێت، هەر ئەمەشە وایكردووە، ئابووریی هەرێم لە قەیرانەوە بەرەو قەیرانێكی تر ملی رێگە بگرێت، ئەمەش بەو راستییەمان دەگەیەنێت، كە هەرێمی كوردستان قەیرانی ئابووری‌و دارایی نییە بە قەدەر ئەوەی قەیرانی ئیدارەی ئابووری‌و دارایی هەیە.

فەیسەڵ عەلی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا