کۆنگرەی پێنجەم و شانزەی ئۆکتۆبەر

دیاری کردنی رۆژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکوکی قودسی کوردستانەوە، ئەگەر کۆمەڵێک دەلالەتی جوانی هەبێت وەک بەستنی کۆنگرە لەهەر چوار ساڵ جارێکدا و لەکاتی خۆیدا، یەکڕیزی و دەستەجەمی ئێستای یەکێتی لەبڕیاردان، نوێبوونەوە و گەشەی حزبی و ….هتد، ئەوا لەپشت ئەم کۆبوونەوەیەی یەکێتییەوە لە کەرکوک و بڕیاردان لەکۆنگرەی پێنجەم، خوێندنەوەیەکی دیکەشی هەیە تایبەتە بە 16ی ئۆکتۆبەر و پیلانگێڕی و ویستە دوژمنکارانەکان بەرامبەر دۆستایەتی مێژوویی یەکێتی و کەرکوک وەک دوانەیەکی نەبڕاوە.

ئەم بڕیارە و چەندان بڕیاریتریش لە قودسی کوردستانەوە، بۆ یەکێتییەکان چاوەڕوانکراوە لەئێستا و داهاتووشدا، بەڵام بۆ “ئۆکتۆبەریست و ئەنتی کەرکوکییەکان” مردنێکی رەش! و پێچخواردنێکی ئازاراوییە بە دڵ و دەروونیاندا، ئەوان چیان لە یەکێتی دوای شانزەی ئۆکتۆبەر دەویست لە کەرکوک و کەچی شتێکی دیکە دەرچوو کە پێچەوانەی خەونەکەی ئەوان بوو، ئۆکتۆبەرییەکان هەموو پێشهاتێکی خراپیان بە خەیاڵدا هات کە یەکێتی لەم شارەدا رووبەڕووی ببێتەوە، بەڵام وادەرنەچوو، بە پێچەوانەوە سەرۆک بافڵ وتی “کەرکوک قەڵای سەوزی کوردستانە”.

ئەگەر لەدوای شانزەی ئۆکتۆبەرەوە هەندێک گەندە خەون مابێت بۆ هەرەس و دوورکەوتنەوەی یەکێتی لە کەرکوک، ئەوا کۆبوونەوەی 20ی ئابی 2023ی سەرکردایەتی یەکێتی لە کەرکوک، پەیوەندییە مێژووییەکەی یەکێتی و کەرکوکی دەمەزەرد کردەوە و پێیوتین ئەم عەشقە دوور و درێژەی نێوان یەکێتی و کەرکوک تا کۆن ببێت بەهێزتر دەبێت و تا ئازاریشی هەبێت لەپێناوی کەرکوک ماسۆشێست و پڕ چێژ دەبێت.

ئۆکتۆبەرییەکان کە ویستیان کەرکوک لە 16ی ئۆکتۆبەردا بکەن بە دیاری هاودید و هاودینەکانیان، بەڵام یەکێتی وەک ئەو پاڵەوانەی تا لاستیکی تیروکەوانەی بۆ دواوە رابکشێت تیری کەوانەکەی خێراتر دەهاوێت بۆ پێشەوە، زۆر بەهێزتر و تۆکمەتر تیرەکانی خۆی لە کەرکوکەوە دەهاوێژێت و دوورتر دەڕوات و دەزانێت چۆن دەیهاوێژێت، باشتر و زیاتر بەرگری لەم قەڵا سەوزەی کوردایەتی دەکات و جار لەدوای جار زیاتر لە مێژووی ئەم دۆستایەتییە دێرینە دەڕوانێت و ئەم کوانووی خەباتەی یەکێتی و پاکێتی جۆش دەداتەوە. لەم رۆژەدا پەیامەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روون و رەوانە، خەباتەکەی ئەمڕۆی یەکێتی لە کەرکوک، هەمان ئەو خەباتەیە کە سەدان شەهیدی یەکێتی لە 16ی ئۆکتۆبەردا خوێنی خۆیان لەپێناوی کەرکوکدا بەخشی، لەبەرامبەریشدا ئۆکتۆبەرییەکان هەڵدەهاتن لە کەرکوک و تەنانەت نەیاندەتوانی بەرگری لە بارەگاکانی خۆیان بکەن.

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا