سعودیە و نەوت و وەرزش

یانەکانی خولی تۆپی پێی سعودی ناسراو بە (رەوشەن) بازاڕی گواستنەوەیان گەرم کردووە، بەشێوەیەک تەنانەت یاریزانە گەورە و گرانەکانی خولەکانی ئەوروپا ناتوانن لەئاست پارە زۆرەکانی یانەکانی خولەکەدا بەچۆکدا نەیەن. ئەو پارە زۆرەی هیلال و ئیتیحاد و نەسر و …هتد، بۆ یاریزانە ناودارەکانیان هەڵڕشتووە، بەرهەمی دوو چاوگەی گەورەیە کە یەکێکیان لەسەر زەوییەکەیاندایە وەک مەککە و مەدینە و پیرۆزییە دینییەکانە کە بووەتە سەرچاوەی داهاتی حکومەت و لەوێشەوە بۆ یانەکانی تۆپی پێ، دووەم سەرچاوەش کە لەژێر زەوییەکەیاندایە نەوتێکی زۆرە کە شان لەشانی وڵاتانی یەکەم دەدات.

بەگشتی سیاسەتی نەوتی سعودیی سەرکەوتووە (بەتەنزەوە دەڵێم، توجارەکانی نەوتی سعودی، خەریکبوو ئیڤانکای کچی ترامپ رازی بکەن!!)، ئەمە یەکەمجار نییە سعودیەکان نەوت دەخەنە خزمەتی سیاسەتی گەشەکردنی وڵاتەوە، ئەگەر رێککەوتنی نەوتی 1973ی نێوان شا فەیسەڵ و کیسنیجەر نەبوایە، سعودیەی ئێستا بەمجۆرە نەدەبوو، تەنانەت نەوت بووەتە خاڵی بەهێزی سوپا و کڕینی چەک و زۆرێکی ئوتێل و تاوەرە بەناوبانگەکانی ئەمریکا و بریتانیا موڵکی سعودیەکانن (یان هی بازرگانە قەتەرییەکان)، لە بواری نەوتدا ئەوەی سعودیە دەیکات پێچەوانەی عیراقە، عیراق 15 ساڵ شەڕی نەوتی لەگەڵ بریتانیا کرد، کەچی نەیتوانی بەهێزی نەوت یەک وڵاتی ئەوروپی یان ئەمریکا بکات بەدۆستی خۆی، عیراق چونکە نەوت ناخات بە خزمەت سەروەری و ئەمنییەت و پێشکەوتنی خۆیەوە، ئەوا زلهێزەکان بەشێوەی داگیرکاری دێنە عیراق و نەوتەکەی تاڵان دەکەن.

ئەم سیاسەتەی سعودیە ماوە درێژە، دوورنییە وڵاتانی ئەوروپا و جیهانیش راستەوخۆ لە پلانەکەدا بەشدارن، چونکە بەڵێنی وەلی عەهدی سعودیەیە کە تاکو حەوت ساڵیتر نمونەیەکی گەورە لە تۆپی پێی سعودی پیشانی جیهان بدەن، ئەمەش بۆئەوەی شەرەفی میوانداریکردنی مۆندیاڵی ساڵی 2030 بەدەستبهێنن. بەدەستهێنانی مۆندیالیش لەلایەن سعودیەوە تەنها رووداوێکی مێژوویی ــ وەرزشی نییە، بەڵکو پەیامێکی گەورەیە بۆ یەکێک لەوڵاتە عەرەبییە نەیارە هەرە سەرسەختەکانی سعودیە لەکەنداودا کە ئەویش (قەتەر)ی هەڵگری شەرەفی میوانداری مۆندیالی 2022ی رابردووە.

پێدەچێت و زۆر ئاسانە سعودیە سەرکەوتووبێت لە سیاسەتی دوورمەودای تاکو حەوت ساڵی دیکە، چونکە شازادە محەمەد بن سەلمان لە ئاهەنگی شەش ساڵەی دەستبەکاربوونیدا باسی پلانێکی ورد و ستراتیژی داهاتووی سعودیەی کرد و ناوینا (سعودیەی عوزما). ئەم خەونەی بن سەلمان وامانلێدەکات ئیدی سعودیە تەنها وەک سەرزەمینێکی دینی ــ ئیسلامی نەبینین، بەڵکو وەک تابلۆیەکی رەنگاوڕەنگ لەکرانەوە و داخران، ئیسلامی و عەلمانی، ژیانێکی خۆرهەڵاتی و خۆرئاوایی، دیموکراسی و نادیموکراسی و ….هتد ببینین.

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا