بانگەشەی هەڵبژاردنی کورد لە کەرکوک

تا چەند لە کەرکوکدا چنگەکڕێی زیاتر بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بکرێت، هێشتا کەمە. واتە بانگەشەی هەڵبژاردنی کورد لە کەرکوک چەندە تایبەت و ماڵ بە ماڵ، کۆڵان بە کۆڵان و گوند بۆ گوند بێت، هێشتا کەرکوک زیاتری دەوێت. بانگەشەی کورد لە کەرکوک لە یەک دەنگەوە دەستپێدەکات تا گەیشتن بە پۆستی پارێزگار، ئەمەش دەیسەلمێنێت یەک دەنگی کورد کە دەفەوتێت کەم نییە، وەک چۆن تا دەنگەکانیش زۆرتربێت مام جەلال وتەنی “نابێت لەسەر چەپکەگوڵی سەرکەوتن، پاڵ بدەینەوە”.

دەمەوێت بڵێم: کورد هەمیشە و دوای بانگەشەیش، پێویستی بە دەنگ کۆکردنەوە و زیادکردنی دەنگەکانێتی و جیاواز لە هەر لایەن و پێکهاتەیەکی دیکەی شارەکە پێویستی بەوەیە گەرموگوڕتر لە دەرگای هاووڵاتیانی کوردی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان بدات، بەڵام ئەوەش نادیدە ناگرم کە لە مێژووی بیست ساڵی رابردووی کۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقدا کە کەرکوک بەشداری تێدا کردبێت، کورد لە رێگەی (هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانه) وەک ئێستا بە وردی و بە حەماسەوە بانگەشەیەکی لەم شێوەیە باش و کاریگەری نەکردووە کە جێگەی سەرنجی یار و نەیاریشە.

پێویستە ئەم شێوازی بانگەشە چڕوپڕەی ئێستای (هاوپەیمانی ژمارە 142) لەدوای هەڵبژاردنیش بەردەوام بێت، پێویستە لێپرسراوان و نوێنەرانی ئەم هاوپەیمانییە لەدوای هەڵبژاردنی 18ی 12، چەندە دڵخۆش دەبن بە سەرکەوتن و بەدەستهێنانی دەنگی زۆر، هێندەش کنەوپشکنین بکەن لە هۆکاری ناڕازێتی ئەو کەسانەی کە دەنگیان بە کورد نەداوە تا لەوێوە ئامادەیان بکەن بۆ گەڕێکی دیکەی هەڵبژاردن لە کەرکوکدا.

تا چیرۆکی پیلانگێڕی نەیارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دژی کورد لە کەرکوکدا درێژە بکێشێت!، کورد کاتی پشوودان و پاڵدانەوەی نابێت، هەر ئەمەشە تێگەشتن لە وابەستەیی کورد لەگەڵ کەرکوک و ئەو هەموو قوربانییەی کورد لەپێناوی کەرکوکدا داویەتی. ئەگەر لە وێنەی کورد لە کەرکوک تێنەگەین و ئازارەکانی نەبینین، ئەوا هەرگیز لە بارە گشتییەکەیدا لە ئازاری کورد لە باکوور و خۆرهەڵات و خۆرئاوا و باشووریش ناگەین و پنتێک لە مێژووی پیلانگێڕییەکان دژی نەتەوە و نیشتمانەکەمان، ئەزموون ناکەین.

باشترین تێگەشتن بۆ بانگەشە و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەوەیە، پێمانوابێت ئەم هەڵبژاردنە تەنها بۆ چوار ساڵ پێگەی کورد لە کەکوکدا دیاری ناکات، بەڵکو دوورتر دەڕوات و بەردەوامی دەدات بە کوردستانیبوونی کەرکوک، جێگیربوونی ئەم تێگەشتنە لە بیرکردنەوەی تاکی کوردی کەرکوکیدا، ئاسانە، بە دوو رێگا: یەکەم کورد لە کەرکوک لە هەموو لایەک زیاتر لە ئازاری ئەو کەرکوکیبوونە ــ کوردبوونە تێدەگەن، دووەم بەتەنها جێنەهێڵرێن و هەمیشە پەیوەندی لایەنی سیاسی کوردی و هاووڵاتیانی کەرکوک، پەیوەندی قوڵ بێت و هەمیشە نزیکییەکی تەواوکاری هەبێت.

بەشێکی دیکەی گرنگی ئەم هەڵبژاردنە لە کەرکوک لەوەدایە کە ئەگەر لەبارێکدا کردەیەکی دیموکراسی بێت، ئەوا لە بارێکی دیکەدا بۆ کورد بوعدێکی مێژوویی، نەتەوەیی، نیشتمانی، سیاسی و ئیقلیمی هەیە و کورد ململانێی هەر هێز و لایەنێک بکات، تەنها بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکی زیاتر نییە، بەڵکو بۆ دەیتبەردارنەبوونە لە ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکوک.

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا