پۆڵه‌تیك پرێس:
تەندروستی سلێمانی واده‌ى گه‌یشتى ڤاكسینه چینیه‌كه و ده‌ستپێكردنى كوتانى هاووڵاتیانی به‌و ڤاكسینه‌ى راگه‌یاند.
رۆژی یەك شەمممە 50 هەزار ژەمە ڤاكسینی كۆرۆنا لەلایەن چینەوە بەدیاریی به‌خشرایه عێراق، پشكی هه‌رێم له‌و ڤاكسینه پێنج هه‌زار ژه‌مه، لەو ژمارەیەش هەزارو 100 ژەمە ڤاكسینی بەر سلێمانی دەكەوێت.
هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی به پۆڵەتیك پرێس-ی رایگەیاند،”بڕیارە ئەمڕۆ ڤاكسینه چینیه‌كه بگاته ده‌ستمان و دواى گه‌یشتنیشى چاوه‌ڕوانده‌كرێت سبه‌ى هه‌ینی ده‌ست به‌كوتانى هاوڵاتیان به‌و ڤاكسینه بكه‌ین”.
وتیشى، ڤاكسینه‌كه به‌بێ به‌رامبه‌ر به هاووڵاتیان ده‌درێت، هەموو هاوڵاتییەكیش دەتوانێت بەكاری بهێنێت، بۆ وه‌رگرتنى ڤاكسینه‌كه‌ش لە سنوری پارێزگای سلێمانی بە ڕاپەڕین و گەرمیان و هەڵەبجەشەوە 31 بنكەی تەندروستی ئامادەكراوە، هاووڵاتیان ده‌توانن سه‌ردانى ئه‌و بنكانه بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنى.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، بڕیاره هه‌ر ئه‌مڕۆ له پارێزگاى هه‌ولێر ده‌ست به‌كوتانى هاووڵاتیان به‌و ڤاكسینه بكرێت.