رێژەی پارە هۆكاری نەگەیشتنە رێكنەكەوتنی هەولێرو بەغدایە

پۆڵەتیك پرێس:
بەردەوامی ناكۆكییەكان و نەگەیشتنە رێككەوتنی هەولێر و بەغدا، پەیوەندی بەڕێژەی ئەو پارەیە هەیە، کە حكومەتی عێراق دیاریكردووە، وەك بەشە بودجە بۆ هەرێمی كوردستان بەمانگانە بینێرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو گفتوگۆكانی نێوان شاندی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی عێراق بە “پۆڵەتیك پرێس” دراوە، بەغدا مانگانە بڕی 320 ملیار دیناری دیاریكردووە، بۆ ئەوەی وەك بەشە بودجە بۆ هەرێمی كوردستان بینێرێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، حكومەتی هەرێم بەو رێژەیە رازی نییە و داوای 450 ملیار دیناری مانگانە دەكات، بەڵام حكومەتی عێراق رەتیكردووەتەوە، ئەو رێژەیە بۆ هەرێم دابین بكات.

ماوەیەكە گفتوگۆ لە نێوان هەرێمی كوردستان ‌و عێراق هەیە، كە گفتوگۆكانیان پەیوەندی بەرێككەوتنی هەولێر و بەغدا هەیە لەسەر پرسی نەوت ‌و داهاتی خاڵە سنوورییەكان ‌و بودجەی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەش چەند پێشنیازێكیان بۆ یەكتری كردووە، تا لەسەر پێشنیازەكان رێكبكەن.

بەم دوایانەش گرژی لەنێوان هەولێر و بەغدا دروست بوو، بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم لەهەفتەی رابردوو بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، بەهەموو مەرجەكانی بەغدا رازی بوون، بەڵام حكومەتی عێراق نایەوێت رێككەوتن بكات.

لەبەرانبەردا وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دایەوە و رایگەیاند، حكومەتی هەرێم جددی نییە و نایەوێت لەگەڵ بەغدا بگات بەرێككەوتن ‌و دەستی دەستی بەگفتوگۆكان دەكات.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا