ئومێد خۆشناو

ئومێد خۆشناو، دواجار وەكو هەر بەرپرس و پارێزگارێكی دیكەی هەرێمی كوردستان، دەچێتە نێو سیستەمێكی سیاسی و حكومڕانی شێواو، بۆیە بە باشی و خراپییەكەوە دەبێتە بەشێك لەو سیستەمە و ناتوانێت موعجیزە بقەومێنێت و مۆدێلێكی نوێ و جیاواز لەوەی‌ پێش خۆی پێشكەش بكات.

ئومێد خۆشناو بەراورد بە پارێزگاری پێشوو خراپی و باشی خۆی هەیە لەوانه :
* كێشەی ئومێد خۆشناو ئەوەیە لەسەر بنەمای تەكنۆكراتی ئەو پۆستەی‌ وەرنەگرتوە، بەڵكو لەسەر بنەمایی حزبی بوون و موجامەلە گەیشتۆتە ئەو شوێنه، ئەوەندەی باوەڕی بە قسەكردن هەیه و ئەوەندە باوەڕی بە كاركردن نییە‌‌، لەكاتێكدا پارێزگار پارێزگاری هەموو شارە.

* له ‌ماوەی رابردوودا، ئومێد خۆشناو بەشێك بووە لە زەقكردنەوەی ململانێی و دروستكردنی رقی سیاسی و حزبی لە نێو سۆشیال میدیا و راگەیاندكان، بەشێكی دیكەی لایەنەكانیش هەر بەو چاوە سەیری دەكەن.

* ئومێد خۆشناو، لەو پیاوانەیە هێشتا لە ناوەوەی خۆیدا گەورە نەبووە، بۆیە هەموو كات حەزی بە موجاماله ‌و تەلەفۆنی سەرەوەیە، ئەمەش وادەكات لە ئەركەكەی بە لاوازی دەربكەوێت.

*ئومێد خۆشناو پیاوێكی ئیداری نییە و روئیاو دونیا بینی بۆ حكومەتێكی بچووكراوەی گرینگی وەكو هەولێر نابێت‌، بۆیە بە تەنها بێت و تیمی تایبەتی لەگەڵ دادەنرێت ناتوانێت سەركەوتوو بێت.

*ئومێد خۆشناو لە خولی پێشووتری پەرلەمان وەكو كاندیدی پارتی دەنگێكی زۆری هێنا، بەڵام لە خولی دواتردا ژمارەی دەنگەكانی به ‌رێژەیەكی بەرچاو كەمی كرد، كە ئەوەش ئاماژەیە ناوبراو بەشێكی لە پێگەو سو معەی پێشووتری لە دەستداوە.

* ئومێد خۆشناو رەنگە وەكو بەرپرسی لق خۆشەویست و قبوڵبكراو بووایە‌، بەڵام بۆ پارێزگاری شارێكی وەكو هەولێر پارتی تیایدا زۆرینە نییە، رەنگە كەسێكی بێزراو بێت لای هەندێ خەڵك و لایەن.

*تاڕادەیەك فرسەت سۆفی بە گەورەیی و لێهاتووی خۆی لە نێوان ( مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی) قبوڵ كراو بوو، بەڵام ئومێد خۆشناو لە گچكەیی خۆی وەكو كادیرێك لە لایەن ئەوانەوە قبوڵ كراوە.

دانانی ئومێد خۆشناو لە ئەنجامدا نە بۆ مەسرور بارزانی و نە بۆ نیچیرڤان بارزانی سەركەوتن و شكست نییە، چونكە پیاوێكی یەكلاكەرەوە نییە و قوەتی هەردووكیان لە لاوازی ناوبراودایە، بۆیە هەردووكیان قبوڵیان بوو‌.

* ئومێد بەهەمان شێوە لە ئاست سەركردەكانی پارتی لە ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە هەولێر لاوازە، هەریەكەیان خۆیان لە ئەو بە گەورەتر دەزانن. جگە لەوەش ناشتوانێت لە بەرامبەر هەندێك سەرمایەدار و بازرگان و دەوڵەمەندی گەندەڵكاری هەولێر بوەستێتەوە.

* لەگەڵ ئەو سیفەتانەی هەیە، بەڵام ئومێد خۆشناو كەسێكی ساده ‌و كۆمەڵایەتییە و لە ‌ قەزیە كۆمەڵایەتی و ئاینییەكان پابەندی تەواوی هەیە، ئەوەش وەك خاڵی بەهێزی ئەو لای خەڵكی هەولێر پەسەند كراوە، جگە لەوەی لە قەزیەی گەندەڵی تێوە نەگڵاوە و زۆرجاریش وەكو كوڕە هەژارێك خۆی نیشاندەدات.

سەرتیپ وەیسی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا