هەژاری، دەردێكی بەردەوام

لــــەعێراقی نوێ دا،ڕۆژ لەدوای ڕۆژ،قەیرانە ئابوری و كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان،بەردەوام لەهەڵكشاندان،بەبێ ئەوەی هەوڵێك هەبێت بۆ چارەسەركردنیان،هەر دیاردەیەو سەرهەڵدەدات وزیاتر كۆمەڵگا تووشی داڕمان و لێكترازان دەكات.

هەژاری،وەك دەردێكی ئابوری و كۆمەڵایەتی،بەڕۆكی ژیانی نزیكەی یەك لەسەر چواری دانیشتوانی عێراقی گرتووە، ساڵ لەدوای ساڵ، ڕێژەكە بەرزتر دەبێتەوە.

لەساڵی(2020)دا ولەپاش سەرهەڵدانی كۆرۆناڤایرۆس و ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ، لەسەرجەم شاروشارۆچكەكانی عێراقدا،دەرئەنجامی خۆپاراستن لەڤایرۆسەكە،كۆمەڵگای عێراقی تووشی دەردێكی بێ دەرمان بوویەوە كەئەویش بێكارییە.

ڕێژەی بێكاری لەعێراقدا،بەرزبوەتەوە بۆ نزیكەی (40%)ی دەستی كاری كۆمەڵگا، ئەمەش بوو بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی هەژاری.

بەپێ ی ئامارەكان ڕێژەی هەژاری بەتێكڕا نزیكبووەتەوە لە(31.6%)ی دانیشتوان،واتە نزیكەی (11 ملیۆن و 400 هەزار) كەس لەعێراقدا لەژێــر هێڵی هەژارییەوە دەژین.لەهەندێ پارێزگای باشوردا (50%)تێپەڕاندووە.

لەم چەند خاڵەدا،هۆكارە سەرەكییەكان، بەكورتی دەستنیشان دەكەین:
یەكەم :- سەرهەڵدانی كۆرۆناڤایرۆس و لێكەوتەكانی، قەدەغەی هاتوچۆ و ڕاوەستانی جموجوڵی بازرگانی نێوان شارو پارێزگاكان،بێكاربونی ڕێژەیەكی بەرزی كاركەران لەكاری تایبەت و كۆمپانیاكان و كاروچالاكی ناوبازاڕەكان.

دووەم:- دابەزینی نرخی نەوت لەبازارەكانی جیهاندا،بێ گومان ئەمەش بەهۆی بڵاوبونەوەی كۆرۆناڤایرۆسەوە،نرخی بەرمیلی نەوت، بۆ كەمترین ئاستی جیهانی دابەزی وخواست تاڕادەی نەمان كەمبوویەوە،هەرئەمەش بووبەهۆی كەمبونەوەی داهاتەكانی عێراق و دەرئەنجام داهاتی تاك بەڕێژەی (22%) دابەزیوە.

سێ یەم:- بوونی دیاردەی گەندەڵی لەزۆربەی جومگەكانی حكومڕانی دەوڵەتدا،بەجۆرێك هیچ كارێك بەبێ پێدانی بەرتیل و نەبوونی واستە، جێ بەجێ ناكرێت.

بەپێ ی لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتیەكان، عێراق، لە ڕیزبەندی گەندەڵترین وڵاتانی جیهاندایەو پلەی (12)ی گرتووە!

چوارەم:- لەدوای ساڵی(2003)ەوە، هاتنە سەرحكومی سەركردە عێراقیەكان، نزیكەی (365)ملیار دۆلار لەسەروەت وسامانی عێراق، دیار نەماوە و لەلایەن چینێكی سیاسی گەندەڵكارانەوە، بەفیڕۆ دراوە.

پێنجەم:- كێشمەكێشەسیاسی و ناكۆكییەمەزهەبی و تایفییەكان،باری سەرشانی هاوڵاتیانی عێراقی، قورستر كردوە،سەرەڕای هەموو ئەو شەڕانەی بەهۆی گروپە توندئاژووەكانەوە، ژێرخانی ئابوری عێراق، توشی خراپترین داڕمان بووەتەوە.بەجۆرێك نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەكانی وەك كارەباو ئاوی خاوێن، بەڕێژەیەكی كەم دەگاتە دەست دانیشتوان،واقعی ژیان وگوزەرانی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشور سەلمێنەری ئەم ڕاستیەن.

شەشەم:- دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریكی،جارێكی تر بارگرانی سەرشانی چینی مامناوەندو هەژارانی قورستر كردوە،چونكە دینار لەدوای لەدەستدانی بەهاكەی بەڕێـژەی (20%) توانای هێزی شت كڕینی زیاتر دادەبەزێت،لەگەڵ هەڵاوسانی بازاڕدا خواست وئارەزوی هەژاران كەمتر دەكاتەوە،سەرئەنجام ناتوانرێت پێویستییەكان پڕبكرێنەوە،بەمەش ڕێژەی چینی هەژاران زیاتر دەبێت و ژنانیش باجی قورسی ئەم بارودۆخە دەدەن.
لەلایەكی ترەوە،پشكی بودجەی سەربازی و ئاسایش لەعێراقدا زۆرترین بڕی بۆ تەرخان دەكرێت،بەجۆرێك زۆرترین بەشەبودجە، بۆ بەرگری و ناوخۆ وحەشدی شەعبی تەرخان دەكرێت!

هەموو ئەمانەو چەندین هۆكاری تر،بوونەتە هۆی زیادبونی ڕێژەی هەژاری لەعێراقدا،بەپێ ی ڕاپۆرتەجیهانیەكان. ئایندەی عێراق، زیاتر دژواتر دەبێت، جیاوازی چینایەتی، نێوان دەوڵەمەند و هەژاران، فراوانتر دەبێت، لەهەمانكاتدا ڕێژەی هەژاری نزیك دەبێتەوە لە(60% بــــۆ 70%)ی دانیشتوان!
خۆشبەختانە، تاڕادەیەك پارێزگاكانی هەرێم بەبەراورد بەپارێزگاكانی تر،ڕێژەیەكی كەمتری هەژاری تێدایە،بەڵام ئەمە مانای ئەوە نی یە، كەهەژاری لەهەرێم نی یە، بەڵكو هەیە و ئەگەر بارودۆخی ئابوری، سیاسی، بەم شێوەیە بەردەوام بێت،ڕێژەی هەژاری لەهەرێمیش وەك ناوچەكانی تری عێراق، لەهەڵكشاندا دەبێت.

ســــــەركۆ یونس

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا