سێ كەس بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر كاندیدن

پۆڵەتیك پرێس:
دوای كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، تائێستا سێ كەس بەفەرمی سی ڤی خۆیان پێشكەش كردووە، سەرۆكی ئەنجوومەنەكەش دەڵێت: كاندیدی پارتی بەهێزە.

بڕیارە رۆژی دووشەممە 8ی شوبات ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەسەر چەند تەوەرێك كۆبێتەوە، یەكێك لە كارنامەی كۆبوونەوەكەش تایبەتە بەدەنگدان بە كاندیدی پۆستی پارێزگار.

عەلی ڕەشید، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: جگە لە ئومێد خۆشناو دوو كەسی دیكە سی ڤی خۆیان بۆ پۆستی پارێزگار پێشكەش بەئەنجوومەن كردووە، ئەو كەسانەش بەناوەكانی ئومێد عەبدولقادر، سەدرەدین قاجر سلێمان، كە هەردوكیان پارێزەرن و مەرجەكانی بوون بە پارێزگاریان تێدایە.

عەلی ڕەشید وتیشی: ئەو دوو كاندیدەش لەگەڵ كاندیدەكەی پارتی دەخرێنە ناو كۆبوونەوەی ئەنجوومەن بۆ دەنگدان، ئەو دوو كەسە سەربەخۆن و كاندیدی هیچ حیزبێك نین ئەوەندەی پرسیارم كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئومێد خۆشناو 18 دەنگی لەناو ئەنجوومەن هەیە، ئەگەر لایەنەكانی دیكەش دەنگی پێبدەن دەنگەكانی زیاتر دەبێت سەركەوتوو دەبێت، خۆشی پێویستی بە 16 دەنگی ئەندامان هەیە بۆ ئەوەی ببێت بە پارێزگاری هەولێر.

فرسەت سۆفی پارێزگای كۆچكردووی هەولێر، لە ١٢ی ئەیلوولی ٢٠١٩ لەپشكی پارتی دیموكرات كرا بەپارێزگاری هەولێر، لە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لە نەخۆشخانەیەكی ئەنقەرە دوای تووشبوونی بەكۆرۆنا كۆچی دوایی‌و كردو ئێستاش پارتی كاندیدی نوێی بۆ ئەو پۆستە دیاریكردووە، لەدوو رۆژی داهاتووش لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە دەنگی لەسەر دەدرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا