تەندروستی سلێمانی: سێ‌ رۆژ چاوەڕێی حكومەت دەكەین و دواتر قسەی خۆمان دەبێت

پۆڵەتیك پرێس

 

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress 

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت ئەگەر تا سێ‌ رۆژی دیكە وەڵامیان نەدرێتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نەخۆشخانەی هیوا قسەی خۆیان دەبێت و هۆكاری كێشەكانی نەخۆشخانەی هیواش دەگەڕێنێتەوە بۆ بڕیارێكی “هەڵە”ی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش لە لیژنەی تەندروستی دەڵێت، پارەی سندوقی كۆمەكی تووشبووانی شێرپەنجە پارەیەكی زۆرە و لە سێ‌ بانك هەڵدەگیرێت و كۆدەكرێتەوە، بەڵام حكومەت رێگە نادات پارەكە سەرف بكرێت.

هێرش سەیید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە میانی بەرنامەی پۆڵەتیك كلینیك لە رادیۆی پۆڵەتیك رایگەیاند: لە ماوەی شەش مانگدا شایستەی كۆمپانیاكانی دەرمان كە بە گرێبەست دەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا دەنێرن پارەكەیان بۆ خەرج نەكراوە بەهۆی ئەو بڕیارەی كە پێدانی پارەی كۆمپانیاكانی دەرمان بكرێت بە 2% لە مانگێكدا، ئەم بڕیارە سەرلەبەری هەڵەیە بۆیە هیچ كۆمپانیایەك رازی نیە بەو شێوەیە دەرمان دابین بكات بۆ نەخۆشخانەی هیوا و هیچ نەخۆشخانەیەكی دیكەی شێرپەنجە، ئەم بڕیارە كاری كردووەتە سەر نەخۆشخانەی هیوا و كاریگەری خراپتری دەبێت لە داهاتوودا ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت.

بڕیارێكی هەڵەی وەزیری تەندروستی كێشەی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە دروستكردوە

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وتی: بەشێك لە نەخۆشەكان كەوتوونەتە ژێر قەرزوقۆڵەوە بۆ دابینكردنی دەرمان و هەندێكیشیان كە نەیانتوانیوە دەرمانەكەیان دابین بكەن، قۆناغێكی دیكە نەخۆشییەكەیان چووەتە پێشەوە، ئەمەش كارەساتە.

باسی لەوەشكرد، دەیان جار ئاگاداری لایەنی پەیوەندیدارمانكردووە و نووسراومان كردووە بۆ سەرووی خۆمان و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران.

روونیشیكردوە، سەقفێكی زەمەنیمان هەیە بۆ وەڵامدانەوەمان ئەگەر بەو شێوازە بڕوات بە دڵنیاییەوە ئێمە هەوڵەكانی خۆمان لە هەموولایەكەوە فراوانتر دەكەین لەكات و ساتی خۆیدا قسەی خۆمان دەبێت بەڵام ئێمە چاوەڕێین لە ماوەی سێ‌ رۆژی داهاتوو وەڵاممان بدرێتەوە، ئەگەر تا سێ‌ رۆژی دیكە وەڵاممان نەدرایەوە بەرپرسیارێتی خراپ بوونی ئەم دۆخە دەكەوێتە ئەستۆی ئەو كەسانەی بەرپرسن لە دابین كردنی ئەو پارەیە كە تەرخانكراوە بۆ نەخۆشخانەی هیوا.

لای خۆیەوە لوقمان وەردی ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان لە میانی بەشداری كردنی لە بەرنامەی پۆلچەتیك كلینیك لە رادیۆی پۆڵەتیك وتی: نەخۆشخانەی هیوا نە داخراوە و نە داشدەخرێت و نە دەدرێتە كەرتی تایبەت.

نەخۆشخانەی هیوا نە دادەخرێت نە دەدرێتە كەرتی تایبەت

لوقمان وەردی، رونیكردوە بەهۆی چەند كێشەیەكەوە لە نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی نەخۆشخانەی هیوا و نانەكەلی، گرفت بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە دروست بووە، یەكێكیان پەیوەندی بەوەوە هەیە پێشتر دوو سیستمی جیاواز پەیڕەو دەكرا لە كڕینی دەرمان لە نەخۆشخانەی هیوا و لە نەخۆشخانەی نانەكەلی، سیستمەكە بەوجۆرەیە ئەو كۆمپانیایانەی دەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا دابین دەكەن بە كاش پارەیان وەردەگرت لە بانكی باخان بەڵام لە هەولێر 2% بۆ كۆمپانیاكان خەرج دەكرا بۆ مانگێك، ئەمەش وایكرد لۆدێكی زۆر لەسەر بانكی باخان دروست ببێت بەوەی كۆمپانیاكانی دەرمان داوابكەن چەكی بانكی باخان وەربگرن.

باسی لەوەشكرد، لە ساڵی رابردوو زیاتر لە 25 ملیار دینار بۆ كۆمپانیاكانی دەرمان و كەرەستەی چارەسەركردنی نەخۆشانی شێرپەنجەی نەخۆشخانەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك سەرف كراوە، بە هۆی ئەو لۆدەی لەسەر بانكی باخان بوو بڕیاردرا پارەی كۆمەكی تووشبووانی شێرپەنجەی سلێمانی تەنها بۆ سلێمانی خەرج بكرێت.

ئەو پەرلەمانتارە جەختی كردوە، ئەمەش وایكرد حكومەت بڕیارێكی خراپی دەركرد بەوەی بانكی باخان پارەی كاش بۆ كۆمپانیاكانی دەرمان سەرف نەكات بەڵكو هاوشێوەی هەولێر 2% ی پارەی دەرمان لە مانگێكدا بۆ كۆمپانیاكانی دەرمان سەرف بكرێت.

ئەوەشی خستە روو، كێشەیەكی دیكەش پەیوەندی بەوەوە هەیە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە وەزیری تەندروستی سەرۆكی سندوقی كۆمەكی تووشبووانی شێرپەنجەیە، خۆی بە بڕیاری خۆی بووەتە سەرۆك كە پێچەوانەی یاسای ژمارە 11 ی ساڵی 2012 ی سندوقی كۆمەكی تووشبووانی شێرپەنجەیە، چونكە وەزیر دەبێت خۆی چاودێری سندوقەكە بكات نەك ببێت بە سەرۆكی سندوقی كۆمەكی تووشبووانی شێرپەنجە.

حەوت ملیار دیناری سندوقی كۆمەكی تووشبووانی شێرپەنجە نەگەڕاوەتەوە بۆ سندوقەكە

ئەو ئەندامەی لیژنەی تەندروستی ئاشكراشیكرد، پارەی سندوقی كۆمەكی تووشبووانی شێرپەنجە پارەیەكی زۆرە و لە سێ‌ بانك هەڵگیراوە كە بریتین لە بانی باخان و بانكی زاگرۆس و بانكی كوردستان هەڵدەگیرێت و كۆدەكرێتەوە، بۆیە پارەی ئەو سندوقە زۆرە بەڵام حكومەت رێگە نادات پارەكە سەرف بكرێت، بەپێی زانیارییەكانی ئێمە لە ساڵی 2015 تا 2021 حەوت ملیار دیناری پارەی كۆمەكی سندوقی تووشبووانی شێرپەنجەی پارێزگای دهۆك نەگەڕاتەوە بۆ سندوقەكە.

لای خۆیەوە ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: لەگەڵ وەزارەتی دارایی لەسەر هێڵن بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی نەخۆشخانەی هیوا و پێدەچێت لە زووترین كاتدا كێشەكان چارەسەر ببن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا