شاندی هه‌رێم گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌ولێر و هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌چێته‌وه‌ به‌غدا

پۆڵەتیك پرێس
پاش ئەوەی بەبێ هیچ رێککەوتنێک شاندی هەرێم لە بەغداوە گەڕانەوە هەرێم، سەرەتای هەفتەی داهاتوو بۆ بابەتی رێككەوتن لەگەڵ ناوەند جارێكی تر شاندەکە سەردانی بەغدا دەكاتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی پۆڵەتیك پرێس، شاندەكە گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان و دەیانەوێت لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر دوا ئەنجامی كۆبونەوەكانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق، لەسەر بودجە كۆببنەوە و لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا بۆ رێککەوتن لەسەر پشکی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق شاندەكە سەردانی بەغدا بكەنەوە.

لەماوەی رابردودا شاندی حکومەتی ھەرێم ھەموو هەوڵەكانی خۆی بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا خستۆتە بەردەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمان، بەپێی وتەی ئەندامانی شاندەكە حکومەتی ھەرێم لەگەڵ ئەو بەشەی بودجەی عێراقدایە كە دانراوەو تایبەتە بە پشکی ھەرێم و داواش دەكەن لەچوارچێوەی دەستوردا مامەڵە لەگەڵ پرسی بودجەو هەرێمی كوردستان بكرێت، لایەنە شیعەكانیش كە هەندێكیان بۆچونیان جیاوازە داوای تەواوی دۆسیەی نەوتی هەرێم و خاڵەسنورییەكان لەكورد دەكەن و ئەوەش وەك خاڵی ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغدادیاری دەكرێت.

شاندی هەرێم بەردەوام جەخت لەوەدەكەنەوە، ئەوان وەك هەرێم پابەندی ھەموو رێککەوتنێکن و ھەوڵی ئەوەیان داوە، ھیچ بەھانەیەکی یاسایی بۆ ناوەند نەھێڵنەوە و ئامادەیی تەواویان نیشانداوە، لە بارەی ئاشکراکردنی داھاتی خاڵە سنوورییەکان و دۆسیەی نەوتی و تەواوی داھاتە نانەوتییەکانیش، بەڵام لایەنە سیاسیەكانی عێراق بەتایبەت شیعەكان گومانیان لەجێبەجێكردنی بەڵێنەكانی حكومەتی هەرێم هەیە.

لەلایەكی ترەوە ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، كورد بۆبابەتی بودجە یەك هەڵویستە و پارتی و یەكێتی و بەشێك لەلایەنەكانی تریش لەگەڵ مادەكانی (10 و 11)ن كە تایبەت كراوە بۆ پشكی كورد لەپڕۆژە یاساكەدا، داوادەكات هەرێمی كوردستان مانگانە 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی خاڵەسنورییەكان بدات بە عێراق

وتیشی:”پرۆژەیاساكە لەلیژنەی داراییە و تانەگاته‌ پەرلەمان نازانرێت هەڵوێستی فراكسیۆنە جیاوازەكان بەتایبەت سونەكان چۆن دەبێت، بەڵام ئەوەی هەیە بەشێك لەشیعەكان رازی نین بەو بەشەی بۆهەرێم دانراوە رەتی دەكەنەوە”.

بریارە هەفتەی داهاتوو پرۆژەیاساكە بۆ دەنگدان لەسەر بڕگە و مادەكانی ئاراستەی پەرلەمان بكرێت و تائێستاش هیچ رێككەوتنێكی فەرمی لەنێوان ناوەند و هەرێمدا نەكراوه.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا