ئایا مەسعود بارزانی مەرجەعە؟

ئەوانەی كاك مەسعود بارزانی بە مەرجەع وەسف دەكەن و دەڵێن مەرجەعی هەموو كوردە غەدری گەورەی لێدەكەن و مەبەستی خۆخۆشەویستكردن و خۆ هێنانە پێشەوەیان هەیە.

جگە لەوەی ئەمە ئەركی ئەو پیاوە قورس دەكات هاوكات ئیحراجییەكی گەورەشی بۆ دروست دەكەن.

مەرجەع بڕیارێكی سیاسی و ئیداری نییە زیاتر بابەتێكی رووحی و فكرییە، واتە لا ئیرادی تۆ بە بڕیارو قسەكانی كەسێك پابەند دەبی.

وەكو ئایەتوڵڵا سیستانی لە عێراق مەرجەعی شیعەكانی عێراقە، بەڵام ئەو پیاوە حیزبی سیاسی نییە و كێبركێ خەڵك ناكات بۆ كورسی و دەنگ بەڵكو بە یەك چاو سەیری هەموو شیعەكانی عێراق دەكات تەنیا لە بابەتە ستراتیژییەكان دێتە سەر خەت وەكو لە هەڵبژاردن یان فتوای دروستكردنی حەشدی شەعبی.

لە كوردستان شتەكە بە هەڵە رۆیشتووە وادەزانن كێ كورسی زۆر بێ سەرۆكەكەی مەرجەعە ئێ وا نییە! ئەگەر وا بووایە موقتەد سەدر كە دوو هێندەی پارتی كورسی هەیە دەبووە مەرجەع، بەڵام نابێت چونكە رەوتی سیاسی هەیە بەشێكە لە ململانێیەكان!

لە كوردستان كۆمەڵیك كەس بەس بۆ ئەوەی بیسەلمێنن دڵسۆزن هەموو كات وشەی مەرجەع بەكاردەهێنن بۆ كاك مەسعود لە كاتێكدا ئەو پیاوە لە هەڵبژاردنی ٢٠٠٩ بە دەنگی یەكێتی و كەمپینی مام جەلال ٦٥ ٪ دەنگی خەڵكی هێناوە تەبعەن ئیسلامییەكی زۆریش دەنگیان پێداوە، چونكە ركابەرەكەی لە رووی دینییەوە قسەی لە سەر بوو! كەواتە ٣٥٪ خەڵك كاتی خۆی بە سەرۆكیش قبوڵیان نەكردووە.

ئێستا دوای ئەو هەموو ماوەیە شەعبییەتی كاك مەسعود ٤٥٪ تەبعەن بە بایكۆت و تەزویرەیشەوە( چونكە خۆی سەركردایەتی كەمپینی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی دەكرد).

لە بابەتی پۆستی سەرۆككۆماریش دەركەت مەرجەع نییە و نەیتوانی ئەو بابەتە لە نێو ماڵی كورد یەكلابكاتەوە تا بە دۆران كۆتایی هات.

بۆیە ئیحراجییەكی گەورەیە كاتێك لە پایتەختی هەرێم لە ژێر نفوزی دەسەڵاتی بارزانی تەنیا چەند مەلایەك بەرگری لێبكەن ئەویش بە شەرمەوە لە دڵەوە نا لە بەرامبەردا خەڵك هەبێ نارەزایەتی دەرببڕێ و ئامادە نەبێ بەرگری لێبكات.

دڵنیام كاك مەسعود لە من باشتر لە مەرام و مەبەستی ئەو خەڵكانە تێدەگات كە پێی دەڵێن مەرجەع دەزانێ لە دڵەوە نییە، ئەگەر مەرجەع بووایە ئێستا دونیا لە بەرامبەر ئەو فیلمە هەستا بوو.

دووجارە كاك مەسعود سەركردەو سەرۆكی حیزبێكی دیارەو كاریگەرە پێمان خۆش بێ یان نا بەڵام مەرجەع نییە.

دەبێ ئاماژەش بەوە بكەم كە مواسەفات و زەمینەو دەرفەتی بە مەرجەع بوون بۆ كاك مەسعود بارزانی هەبوو بەداخەوە لە دەستیدا.

مەحموود یاسین كوردی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا