بۆچی پەرلەمان چۆتە بەرەی حكومەت ؟

دەستەی سەرۆكایەتی ئێستای پەرلەمانی كوردستان كە بە پێی یاسا دەسەڵاتەكەیان لەسەرووی حكومەتەوەیەوە، خاوەنی شەخسیەتێكی یاسایی گەورەی خۆیانن، كە چی نەیانتوانیوە‌ تەوازن و هەیبەتی دەسەڵاتی خۆیان لەبەرامبەر دەسەڵاتەكانی دیكه رابگرن‌.

كاتێك پەرلەمانتار وەڵامی پرسیار و یاداشتەكانی نادرێتەوه لە لایەن حكومەت، سەرۆكایەتی پەرلەمانیش دانیپێدادەنێن، لەبڕی ئەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بێنە بەرەی پەرلەمانتار و داوای هاتنی حكومەت بكەن، كەچی بوونەتە پارێزەری حكومەت، پەرلەمانتارانیش بە ناچاری دەست بە هەڵاو تەپل لێدان دەكەن، وەك ئەوەی دەستەی سەرۆكایەتی نوێنەری حكومەتن لە نێو پەرلەمان.

كاتی خۆی یەكێك لە ئامانجەكانی چوونی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ لای سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و پاشان كۆبوونەوەیان لەگەڵ بارزانی و لایەنە سیاسییەكان، لە پێناوی هەماهەنگی بو، كە چی دەبینین ئەو هەنگاوە بوە جۆرێك لە تەسلیم بوون بە حكومەت.

ئەو پارێزگاریكردنە لە حكومەت ئەگەر لە لایەن هێمن هەورامی، یاخود هەركەسێكی دیكە بێت، دەرخەری ئەوەیە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەبەرەی حكومەته ‌و، پەرلەمانتارانیش لەبەرەیەكی دیكە، لەكاتێكدا بەپێی پەیڕەو‌ی ناوخۆ پێویستە هەموو پێنجشەمەیەك‌ نوێنەرانی حكومەت بێنە پەرلەمان، باشە بۆچی دەستەی سەرۆكایەتی ناتوانن ئەو كارە بكەن، ئەگەر لەبەرەی حكومەت نین؟!

ئەگەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان راست دەكەن، ئەوا وەكو پەرلەمانتاران داوای راگرتنی دانیشتنەكانیان دەكرد، تاوەكو هاتنی حكومەت بۆ پەرلەمان.

خورمژەكەی یەكێتیی و گۆڕان !
لە پەرلەمانی كوردستان، فراكسیۆنەكان بەسەر بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات دابەشبوون، بەرەی ئۆپۆزسیۆن هەموو حەقێكیان هەیە لە پەرلەمان قسە بكەن و دەنگ بەرزبكەنەوە، چونكە تاكە شوێنی ئەوان پەرلەمانە، جگە لەو شوێنە هیچ مینبەرێكی دیكە نییە بەرگری لە دەنگدەری خۆیان بكەن.

هەرچی بەرەی دەسەڵات و ئەوانەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان پێكهێناوە ( مەبەست یەكێتی و گۆڕانە) لە پەرلەمان بوونەتە ئۆپۆزسیۆن و پێیانوایه،‌ ئەو حكومەتە مافیا و دزە دوو رێگایان لە بەردەمە :

رێگای یەكەم ئەوەیە؛ لە حزبەكەیان ئیستقالە بكەن، وەكو پەرلەمانتاری سەربەخۆ كاربكەن وەك ئەوەی لە پەیڕه ‌و حەقیان پێدراوە، رێگای دووەمیش ئەوەیه؛‌ لە حزب بمێننەوە لە پەرلەمان ئیستقالە بكات و دواتر داوای لێبوردن لە دەنگدەرانیان بكەن.

ئەو شێوازی كاركردنەی بەشێكی فراكسیۆنی یەكێتیی و گۆڕان گرتوویەتانە بەر دروست نییە، چونكە ئەوان وەكو ئۆپۆزسیۆن نین و نوێنەریان لە حكومەت هەیە و ئاگاداری وردەكاری دا‌تاو زانیارییەكانن و بەرپرسیاریەتیان لە حكومەت هەیه و رێككەوتنیان كردوە‌.

دیموكراسییەتی پارتی
هەرچەندە پارتی زۆرینەی پەرلەمانە، بەڵام لە دانیشتنی ئەمجارەی پەرلەمان بەهۆی هەبوونی ئیرادەیەكی بەهێز، سەرەڕای ئەو زۆرینەیه،‌ توانرا بەرنامەی كاری پەرلەمان بگۆڕدرێت، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە، ئەگەر لایەنەكان یەك ئیراده ‌و بەهێز بن، زۆرینەكە‌ی پارتی لەرزۆك و لاوازه، ‌ ناتوانێت بە تەنها بڕیار لەسەر هەموو شتێك بدات، بەڵام لاوازی لایەنەكانی دیكه ‌و ئیرادەیان، پارتی كردۆتە زۆرینه ‌و هەمووان ترسیان لێی هەیە.

لێرە یەكێك كۆمیدیاكانی دیموكراسی ئەوەیه؛‌ پارتی لە خولی رابردوودا كەمینە بو پەرلەمانی داخست، بەڵام لەم خولەشدا هەمان كاری كرد، تەنها جیاوازی ئەوەبو لە جاری رابردو هەموو جولەیەكی لە پەرلەمان بڕی، بەڵام ئەمجارە جولەیەكی كاریگەری بڕی. ئەم رەفتارەی پارتی دەریدەخات پارتی لە حاڵەتی كەمینە و زۆرینەی هەردەم ترسی هەیە، كەواتە ئەو حزبە نەخۆشە و ترسی لە هەموو شت هەیە.

بە دیوێكی دیكە بانگهێشت نەكردنی سەرۆكایەتی حكومەت لە لایەن دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، نەبۆتە هۆكارێك بۆ بەهێزكردن و پاراستنی حكومەت، بەڵكو بۆتە جۆرێك لە سوكردنی ئەو حكومەتە، چونكە ئەگەر ئێوە زۆرینەن، بۆچی ترستان لە حكومەت و نوێنەرەكانتان هەیە بێنە پەرلەمان؟!

سەرتیپ وەیسی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا