بۆچی مامە ریشە پلە بەرزکردنەوەی رەتکردەوە

(مامە ڕیشە) ئامر کەرتی 4 ی جەباری بووە، لە تیپی 57 ی سەگرمە، کە (کاک ئازادی سەگرمە) سەرتیپی بووە.

(ملازم عومەر) بەرپرسی مەکتەبی عەسکەری بووە، کە سەرپەرشتی سەرجەم تیپ و کەرتەکانی کردووە.

شایەنی باسە، پێشتر کاک وەهاب (بەهادینی شێخ ئەحمەد) سەرتیپی 57 ی سەگرمە بووە؛ دواتر گواستراوەتەوە بۆ تیپی 33 ی شارباژێڕ. ساڵی 1983، واتە ساڵێک پێش دانوستان و شەهیدبوونی مامە ڕیشە، (ملازم عومەر و کاک ئازادی سەگرمە)، بەهۆی ئازایەتی و لێوەشاوەیی مامە ڕیشەوە، پێشنیاری دروستکردنی تیپێکی بۆ دەکەن.

مامە ڕیشە پێشنیارەکە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت پێشمەرگەکانی کەرتەکەم، خۆم یەکە یەکە هەڵمبژاردوون، هەمویان خەڵکی چالاک ودەستوەشێنن و لەگەڵ ئەواندا دەتوانم لە چالاکی پێشمەرگانە و پارتیزانی بەردەوام بم و ناوبانگی خۆم بپارێزم.

هەروەها دەڵێت 8 ساڵ شوان بووم لە جەباری و تەواو شارەزای جوگرافیای ناوچەکەم. ئەگەر ببمە فەرماندەی تیپ، ڕاستە وەکو پلەی پێشمەرگایەتی بەرز دەبمەوە، بەڵام ئەو چالاکی و ناوبانگەم نامێنێت، چونکە ژمارەی پێشمەرگەکان زۆر زیاد دەکەن و لەوانەیە کۆنترۆڵم بەسەریاندا نەمێنێت و زۆر شارەزای ناوچەکەش نەبم. بە کوردیەکەی وتویەتی، من پێویستم بەوە نیە پێم بڵێن سەرتیپە؛ بەڵکو وەکو ئامر کەرت دەتوانم چالاکتر بم، چونکە خۆم ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پێشمەرگەکان ئەکەم و کات و شوێن و جۆری چالاکیەکان هەڵئەبژێرم و لەگەڵیاندا ئەچم بۆ شەڕەکان.

ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە ناوبانگی جوان و خۆشەویستی خەلک بە پلە و پایە نیە؛ دەکرێت مرۆڤ لە پلەیەکی بەرزدا بێت و بێبەرهەم بێت؛ دەکرێت بە پێچەوانەشەوە، کەسێک بتوانێت لە پلەیەکی سادەتردا، چالاکتر و کاریگەرتر و خۆشەویستر بێت.

گەورەیی و زیرەکی (مامە ڕیشە) لەوەدا بووە کە لەو زەمانەدا مەسئولیەتی ڕەتکردۆتەوە و چالاکی و خۆشەویستی خەڵکی هەڵبژاردوە. سڵاوبۆ یادی (مامە ڕیشە)ی قارەمان. درود بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی خاک و نیشتیمان

بەیار عومەر عەبدوڵلا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا