نوقڵانەی جەژن لای ئەوان!!

نوقلانەی جەژن لای ئەوان بوە بە
‎بڕینی قوتی خانەنیشانی پشت چەماوەو دەست بە گۆچان!

‎لە جەژنی پیرۆزی ڕەمەزاندا، جەژنانە لای دەسەڵاتەكەی زۆنی زەرد بووە بە بڕینی مووچەی خانەنیشانی كوردستان،

‎ئەو خانەنیشانەی كە چەندین ساڵە خزمەتیان كردوە، بەڕەنج و ماندووبوونی ئەوان حكومەت و پەرلەما دروست بووە، وەلێ نازانم چ حكومەتێكی دنیا هەواڵی بڕینی قوتی تێكۆشەران و ڕەنجدەرانی وڵاتەکەی دەدات بە گوێی هاووڵاتیانی وڵاتەکی خۆیدا!!

‎سەرەڕای ماف زەوتكردن و پێشێلكردنی یاساو دەستورو ڕێگا بەخۆدان بۆدواخستنی موچەكەیان و بێبەش بوون لە ئامادەكاری بۆ جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان بۆ ماڵ و مناڵیان!!
‎تۆ بێی جەژنانەت تەنیا بڕینی موچەی ئەو تێكۆشەرانە ی وڵات بێت كە ساڵانێكی زۆرە خزمەتیان بەو حكومەتە كردوەو لە سێكتەرە جیاجیاكان تێكۆشان و خەباتی شاخ و شاریان كردوە، ئێش و ئازاری رژێمی بەعس و نەیارانی كوردستانیان بینیوەو پاداشتت بۆیان دواخستن و بڕینی موچەكەیان بێت بە بێ پاساو.

‎لە هیچ وڵاتێكی پێگەیشتوو گەشە سەندوو هەواڵی لەو جۆرە نابیستی لە لایەن حكومەتەکانەوە گەر قەرار بێ حكومەت بە بێجیاوازیی دەنگ و ڕەنگەكان حكومەتی هەمووان بێت و لە خزمەتی هەموواندابێت.
‎دەكرێ ئاریشەیی سیاسی و بەرنامەو ڕوئیای جیاواز هەبێت، بەڵام بەو ئاستنزمییە نا كە دەست بۆ بڕین و ڕاگرتنی قوتی ئەو تێكۆشەرانە بێت كە پشتیان چەماوەتەوەو بە هەزارانیان بە موچەیەكی كەمتر لە شایستەیی خۆیان، ڕەنگە بەشی حەب و چارەسەرە درێژخایەنەكەیان نەكات و كرێی خانوو و ئاوو كارەباو و بژێوی ماڵیان بە ئەستەم پێ دەستەبەربێت، پاداشتی سی و دوو ساڵ حكومڕانی ڕاگرتنی موچەی ئەو دەست بە گۆچانانەبێت كە مرۆڤ بیانبینێت شەرم لە ڕیشی سپی و پشتی چەماوەو گۆچانیان ئەكات بە دەستی لەرزۆك پەنجا ڕۆژ جارێك چاوەڕێی ئەم موچە كەمەیان بن و لەسەرو بەری جەژندا ماڵ و مناڵیان بێبەش بكەن لە جەژن و خۆشی و ئامادەكاری جەژن، پلان و داهێنانت دەست بۆ ڕاگرتنی موچەی ئەو تێكۆشەرە دەست بە گۆچانانە بێ..

‎بەڕاستی ئەوپەڕی بێدەسەڵاتی و بێباكی و بێخەمی لە ئاست هاونیشتمانیان و بێوەفایی بەرامبەر ڕەنج و تێكۆشانیان بۆ حكومڕانیەكەتانەو دیاردەیەكی مەترسیدارو بێویژدانیە لەگەڵ كۆمەڵگەی ئیسلامی و مرۆڤدۆستی ناگونجێ و نامۆیە بەهەموو كۆمەڵگەیەكی مرۆیی و دەوڵەتداری و سیاسەتداری وڵاتانی دونیا..

رەوشەن شەهید رسول برایم ئاغا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا