ماوەیەكە متابەعەی لێدوان و چاوپێكەوتنەكانیی كاك هشیار زێباری دەكەم، نەغمە و ئاوازی ۱۸٠ پلە پێچەوانەی سەردەمی ریفراندۆمە، كار گەیشتۆتە ئەوەی لە دوا چاوپێكەوتنیدا بە ئاشكرا پاكانە دەكات لەوەی كە ئەو عەرابیی ریفراندۆم بوبێت و تەنانەت خۆی لێ بێبەری دەكا و دەڵی بۆ دەوڵەتمان نەبوە.
من لە زیاد لە چاوپێكەوتنێكدا گوتومە یەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكانیی پرسی ریفراندۆم و دەست بۆ بردنی بەم خێرایی و پەلە پروزێیە پەیوەندی بە ئیقالەكردنی كاك هشیارەوە هەبو لە وەزارەتی دارایی عێراق، چونكە پێش ئیقالەكردنی و لە هەمو ئەو كۆبونەوانەی نێوان حكومەتی هەرێم و نوێنەرانی كورد لە بەغدا كە بەندە وەك سەرۆكی فراكسێۆنی گۆڕان بەشداربوم و كاك هشیار وەك وەزیری دارایی بەشداربوو، وەك ئێمە رەخنەی لە سیاسەتی نەوتی حكومەتی هەرێم هەبو، كە ئیقالە كرا نەفەسی بەتەواوی گۆڕا و بە ئاشكرا رق و هەوڵدان بۆ تۆڵەكردنەوە لە عێراق بە قسەكانیەوە دیار بوو.
ئێستا دور نیە بیەوێ خولی داهاتوی پەرلەمان بێتەوە بەغدا بۆیە نەفەسی گۆڕاوە و گەیشتۆتە ئەوەی پاكانە لە هەڵوێستەكانیی بكا، ئەگەر دەزگایەكی میدیای وردەكار هەبێ و لێدوانەكانیی ئەوسا و ئێستای بەراود بكا ئاشكرا ئەو راستیەی بۆ دەردەكەوێ كە چۆن بە سیاسەتی دو پێوانەیی مامەڵە دەكەن.
هەر وەك شەڕی ناوخۆ تا كوڕی كوردیان بەكوشت دا بەكوشتیاندا دوایی وتیان ئێمە دادگایی بكرێین بێتاوان دەردەچین، دور نیە ماوەیەكی تر هەمان بەگ بۆ ریفراندۆمیش دابنێن!
هۆشیار عەبدوڵڵا