باشووری كوردستان و داگیركاری بە نەرمی

باشووری كوردستان لە بەردەم داگیركارییەكی بە نەرمی و كاوەخۆیدایە و كەسیش وەك خەمخۆری ئەم داگیركاریە بەنەرمییە نابینرێت. ئاراستەكردنی چەند موشەكێك بۆ هەولێری پایتەخت و لەشكركێشی وڵاتان بۆ ناوچەكانی باشووری كوردستان و بۆردومانكردنی سنوورەكانی باشووری كوردستان لە چەندان ساڵی رابردوودا، لە نمونەی ئەو داگیركارییانەن كە بە چاو بینراون و داگیركارەكان بە هێزی ڕەق هەوڵی داگیركردنی كوردستانیان داوە، بەڵام لەم جۆرە داگیركردنە مەترسیدارتر و خراپتر ئەو داگیركاریەیە كە بە چاو نابینرێت و بەنەرمی چووەتە دەماری خوێنبەری ئەم جەستە سیاسیەوە كە ناوی كوردستانە. ئەگەر هەنگاوەكانی پشت ئەم داگیركاریە بەنەرمییە لەسەر هەمان گوژمە و مەبەست بەردەوام بێت ئەوا كارەساتە بۆ كورد و فەرهەنگ و كەلتوورەكەی.

لەشكركێشی وڵاتان بۆ باشووری كوردستان، لەشكركێشیەكی هاوتەریبە لەنێوان هەردوو جۆرەكەی لەشكركێشیدا، هەم بە هێزی نەرم و هەم بەهێزی ڕەق، بۆیە دەبینین هەر دوو داگیركاریەكانیش كە یەكەمیان بە پەلە و تیژپەڕە و لە داگیركردنی زیاتری خاكی باشووری كوردستاندا دەردەكەوێت، دووەمیش داگیركاری بەنەرمییە كە بە ڕێژەیەكی زۆر بازاڕ و كەلتوور و ژیانی هاوڵاتیانی لە باشووری كوردستان كۆنترۆڵ كردووە و ماركە و بەرهەمە بیانییەكان بە جۆرێك لەشكركێشیان كردووەتەسەر باشووری كوردستان هیچ بەرهەمێكی ناوخۆیی نییە مەترسی لەسەر نەبێت، ئەم داگیركارییە بەنەرمییە دەستی گەیشتوەتە كەلتوور و زمانیش

ئەگەر هێزی بەرەنگاربوونەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كورد بە گشتی لە باشووری كوردستان بۆ داگیركاریی وڵاتان بە هێزی ڕەق تەنها بە بەیاننامە و هوتافی ئیدانەكردن بێت، ئەوا هەمان رێگە بۆ وەستاندنی داگیركاری كوردستان بەنەرمی لەلایەن وڵاتان و زلهێزەكانەوە كارێكی هەڵەیە و ئەم رێگایە هەمان ئۆپشن نییە تاكو لە خاڵێكدا بووەستێندرێت و كۆتایی پێ بهێندرێت، داگیركاری بەنەرمی بەلای دوژمنان و نەیارانی كوردستانەوە هیچی كەمتر نییە لە داگیركاری خاك و نیشتمان.

داگیركارانی كوردستان لە هەردوو جۆرەكەی داگیركردندا درێغیان نەكردووە و هەر خاڵ و پنتێك ئەگەر بە هێزی ڕەق داگیریان نەكردبێت و دەستی داگیركارانی پێنەگەشتبێت ئەوا هەوڵیانداوە بە هێزی نەرم و بە ڕێگای داگیركاری بەنەرمی داگیری بكەن و هەموو جوانییە كوردەوارییەكەی بشێوێنن تاكو ئەو ئەندازەیەی كە مۆركە كوردەوارییەكەی لێ دابماڵێنرێت، ئەم داگیركارییە لە داگیركاری بازاڕەوە دەست پێ دەكات تاكو دەگاتە داگیركاری كەلتوور و فەرهەنگی كوردی و ناوی شوێن و ناوی جێگا تایبەتەكانی باشووری كوردستان.

ئەگەر تاكی كورد پێی وابێت تەنها ئەو داگیركاریە بۆ كورد مەترسیدار و جێگای هەڵوەستە لەسەركردنە كە داگیركاری خاك و نیشتمانەكەیەتی، ئەوە شتێكی هەڵە و تێنەگەشتنە لە بەهای هەموو ئەو پاشخانە دەوڵەمەندەی كە كورد هەیەتی، بە پێچەوانەوە داگیركاری بەنەرمی زۆر ترسناكتر و كارەساتبارترە لە داگیركاری خاك و ئاووهەواو سەرچاوەكانی داهاتی كوردستان.

داگیركەرانی كوردستان لە مێژەوە رێگای سەخت و دووریان بڕیوە تاكو دەستیان بگاتە فەرهەنگ و كەلتووری كوردی و لە رێگای داگیركاری نەرمەوە لە ناوی ببەن و بیگۆڕن بۆ فەرهەنگ و كەلتووری خۆیان، چونكە ئەو وڵاتە داگیركارانە لەوە باش تێدەگەن كە چەندە خاك و ئاووهەوای كورد داگیربكەن و كوردەكان بكوژن هێشتا شتێكیان نەكردووە كە لە داگیركاری خاكەكەیان گرنگتر بێت كە ئەویش داگیركاری بە نەرمی كەلتوور و زمان و فەرهەنگی كوردی و بازاڕ و ماركە و تەواوی پاشخانی كوردە، بۆیە ئەم داگیركارانە زۆر بەچڕی كار لەسەر ئەم داگیركارییە بەنەرمییە دەكەن و لە راستیشدا لەو پێناوەدا هەنگاوی گەورەی نەیارانە و دوژمنانەیان ناوە.

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا