لە پەراوێزی پیرۆزبایی لە مامۆستا عەلی باپیر،

دوای كۆنگرە، مامۆستا عەلی باپیر بە ئەمیری كۆمەڵ هەڵبژێردرایەوە. لە وتاری هەڵبژاردنەوەیدا باسی لە گۆڕانكاریی و گۆڕانكاری خود و گۆڕانكاری كۆمەڵگا كرد. بەبێ ئەوەی هیچ هەستێك بە دوفاقی لە ئارادابێت. ئەم هەڵبژاردنەوەیە تەنها تایبەت نیە بە كۆمەڵی ئیسلامیەوە، بەڵكو دیاردەیەكی بڵاوە لە كوردستان، كە دەتوانین بە سیاسی تا مردن ناوی بنێین، یان ڕونتر، سەرۆك یان كەسی یەكەم هەتا مردن.

ئەم دیاردەیە جێگای سەرنجە لە چەند ئاستێكدا:
یەكەم، سەرۆك تامردن یان كەسی یەكەم هەتا مردن، لە ڕێگای هەڵبژاردن و لە ناو كایەی دیموكراسیدا دەكرێت. ئەمە هەمان ئەو دیاردەیەیە كە وڵاتانی عەرەبی بە دەستیەوە دەناڵێنن، كە سەرۆكیان هەیە هەتا مردن لە كاتێكدا سیستەمەكەیان ناوی كۆمارییە. ڕۆجەر ئۆین بە ووردی باسی ئەم دیاردەیە دەكات لە كتێبی
The Rise and Fall of Arab Presidents for Life

دووەم، كاتێك هەموو هێزەكانی تر پیرۆزبایی لە مامۆستا دەكەن، كەواتە هیچ هێزێك لە كوردستان كێشەی لە گەڵ ئەم دیاردەی نەبونی دیموكراتی ڕاستەقینە لە ناو كایەی حیزبدا نیە. بەم پێیە دیاردەكە نامۆنیە، بگرە جێگای پیرۆزباییە.

سێیەم، كاتێك كەسی یەكەم، بۆ ماوەی چەندین دەیە بە بەردەوامی سەرۆكە. ئەوا ئێمە ناتوانین باس لە حیزب بكەین وەك دەزگایەكی كۆمەڵایەتی سیاسی. بەڵكو پێش هەموو شتێكی تر حیزب دەزگایەكی شەخسیە. ئەوە كەسە حیزب بەڕێوە دەبات. كەواتە ئێمە نەك قەیرانی دیموكراسی بەڵكو قەیرانی حیزب و تێگەیشتن لە حیزبیشمان هەیە.

چوارهەم، ئەم دیاردەیە لای زۆرینەی خەڵكی كوردستان قبوڵكراوە. كەواتە دیموكراسی بەشێك نیە لە كەلتور و دونیابینی ئێمە، هەتا ئێستا.

پێنجەم، لە گرنگی و پێویستی كەس، وەها دەبینرێت كە گرنگ بێت. بۆ نمونە یەكگرتوو كاتێك سەلاحەدین بەهادین ماوەیەك كشایەوە، حیزبەكە توشی لاوازی بوو. بۆیە زەمینەسازا بۆ هاتنەوەی. ئایا ئەمە چەندێك یاری بوو، ئەوە شتێكی ترە. بەڵام زۆرجار كەسی یەكەم، گرنگە بەبێ ئەوەی گرنگ بێت. بۆ نمونە بۆتفلیقە تەقریبەن مردبوو، كەچی هەر سەرۆك بوو. كەواتە كەسی سەرۆك، رەنگە تەنها وەك قەبارە و ناو گرنگ بێت نەك وەك ڕۆڵ و كاریگەریی.

شەشەم، كۆمەڵ خۆی لە بەرەی ئۆپۆزسیون و دژە عەلمانی دادەنێت. بەو مانەیە ئەڵتەرناتیڤە بۆ هێزە عەلمانیەكان. ئەم پۆلێنكارییە بۆخۆی جۆرێكە لە وەهم. بەڵام ئەگەر ئەمە بەدیل بێت ئەوا بەدیل جگە لە دوبارە هیچ شتێكی تر نیە.

هیوای تەمەن درێژی و سەركەوتن بۆ مامۆستا عەلی باپیر دەخوازم

سەردار عەزیز

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا