پۆڵه‌تیك پرێس
فاروق عه‌لى ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان ده‌ڵێت:”زۆربه‌ى لایه‌نه‌كان له‌و باوه‌ڕه‌دان به‌هۆى گرێبه‌ستى 50 ساڵه‌ى نه‌وت له‌گه‌ڵ توركیا، پارتى به رێككه‌وتنى نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند رازى نییه”.
فاروق عه‌لى ئه‌حمه‌د، بۆ پۆڵه‌تیك پرێس وتى:”ئه‌وه‌ى حكومه‌تى عێراق ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌یه هه‌رێم نه‌وتى خۆى راده‌ستى سۆمۆ بكات و له‌و رێگه‌یه‌وه بیفرۆشرێت، هه‌رێم ده‌یه‌وێت خۆی نه‌وته‌كه بفرۆشێت و پاره‌كه‌ى راده‌ستى به‌غدا بكات، ئه‌مه‌ش واده‌كات دانیشتووانى پارێزگاكانى خوارووى عێراق به‌مه رازى نابن”.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵ باسى له‌وه‌كرد، بۆ حكومه‌تى هه‌رێم سه‌خته به مه‌رجه‌كانى به‌غدا رازى بێت به‌هۆى ئه‌وه‌ى رێككه‌وتنى 50 ساڵه‌ى له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌م رێككه‌وتنه‌ش بۆ حكومه‌تى هه‌رێم قورسه.
روونیشیكرده‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ى كڕین و فرۆشتنى نه‌وت ته‌نها له‌رێگه‌ى به‌رپرسانى پارتییه‌وه بووه “ئه‌گه‌رچى له حكومه‌تدا بوون” ئه‌مه‌ش وایكردوه هه‌موو لایه‌نه‌كان قسه له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ن پارتى نایه‌وێت له‌گه‌ڵ ناوه‌ند رێككه‌وتن بكرێت.
تا ئێستا نه په‌رله‌مانى كوردستان و نه حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانى هه‌رێم ئاگادارى ورده‌كارییه‌كانى ناوه‌ڕۆكى گرێبه‌ستى 50 ساڵه‌ى فرۆشتنى نه‌وتى هه‌رێم نین به توركیا، پارتیش به‌وه رازى نابێت ناوه‌ڕۆكى گرێبه‌سته‌كه نه بۆ حكومه‌تى عێراق و نه بۆ په‌رله‌مانى كوردستان و هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانى هه‌رێم ئاشكرابكات.