حەلبوسی بە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرایەوە

پۆڵەتیك پرێس

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ٢٠٠ پەرلەمانتار جارێكی دیكە بەسەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە.

كەمێك لەمەوبەر دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق کۆتایهات كە هەریەكە لە محەمەد حەلبوسی لە هاوپەیمانێتی تەقەدوم و مەحمود مەشهەدانی لە هاوپەیمانێتی عەزم كاندید بوون بۆ وەرگرتنی پۆستەكە.

دواتر محەمەد حەلبوسی توانی بە دەنگی ٢٠٠ پەرلەمانتار جارێكی دیكە ببێتەوە بە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق.

پرۆسەی دەنگدانەكە بەشێوەی نهێنی بەڕێوەچوو ئەوەش وایكرد، پرۆسەكە زیاتر بخایەنێت.

بەپێی ئەنجامەكان ٢٢٨ پەرلەمانتار بەشداری پرۆسەكەیان كردووەو حەلبوسی ٢٠٠دەنگ و مەحمود مەشهەدانی تەنها ١٤دەنگی بەدەستهێناوە، هاوكات ١٤دەنگیش پوچەڵ بووە.

بەپێی ئەو نەریت و رێككەوتنە سیاسیانەی لە ساڵانی رابردودا كراوە، پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ زۆرینەی شیعەكانە، سەرۆكی پەرلەمان بۆ لایەنی سونەو سەرۆك كۆماریش بۆ كوردە، لە ناو كوردیش بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستانە كە لە ئێستادا بەرهەم ساڵحی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەكە كاندید كردوەتەوە.

تائێستا تەنها رەوتی سەدر كاندیدی بۆ وەرگرتنی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان دیاریكردووە كە ئەویش حاكم زاملییە.

هاوكات بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانیش سێ كاندید هەن، بەجۆرێك شاخەوان عەبدوڵا لە پارتی و موسەننا ئەمین لە یەكگرتوو، هەروەها سروە عەبدولواحید وەك كاندیدی نەوەی نوێ و هاوپەیمانێتی لە پێناو خەڵك، هەر سێكیان خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستەكە هەڵبژاردووە.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا