چارەنووسی ئابووری جیهان لەدەستی ڤاكسیندایە

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
ساڵی ٢٠٢٠ بە ساڵی قڵپبوونەوەی سەرچاوەكانی وەبەرهێنان لە جیهاندا ناسرا، كە زیانی گەورەی بە وەبەرهێنەران گەیاند، سەرباری ترسی خاوەن سەرمایە زەبەلاحەكان لەداهاتووی ئابووریان بەتایبەت لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەو كاریگەرییە نەرێنییانەی لەسەر كەرتی ئابووری و گەشەپێدان داینا، بەم هۆیەوە بانك و سندوقەكانی وەبەرهێنان و كۆمانیاكان لە ترسی داهاتوویان، دۆلار و سامانەكانیان لە هەژماری خۆیاندا پاراست.

شارەزایان پێیانوایە، لەحاڵەتی سەركەوتنی ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، ئەم سامانە پارێزراوانە دەبنە هۆی بوژاندنەوەی بازاڕی دراو و دەیژێننەوە.

لەلایەكی دیكەوە، بانكی یو بی ئێسی سویسری، بوژانەوەی دۆخی ئابووری دەبەستێتەوە بەدوو لایەنەوە، یەكەمیان سەركەوتنی ڤاكسینی كۆرۆنا و رادەی كاراییەكەی لەرووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكەو كۆتاییپێهێنانی بەشێوەیەكی یەكجاری لە ئەمریكا و ئەوروپا و یابان بەتایبەت و جیهان بەگشتی، بەڵام لایەنی دووەم، پەیوەندیدارە بەسەركەوتنی سیاسەتی جۆ بایدن سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لەڕووی داراییەوە و سەركەوتنی لە بوژاندنەوەی ئابوری ئەمریكا.

بوژانەوەی دۆخی ئابووری دەبەستێتەوە بەدوو لایەنەوە

بەپێی راپۆرتێكی بانكی گۆڵدمان ساكس، ئەگەر لەو كۆبوونەوەیەی كۆنگرێس، كە بڕیارە لەم مانگەدا ئەنجام بدرێت بایدن دەنگی زۆرینە بەدەستبێنێت، ئەوا ئیدارەی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، لەسەرەتای دەست بەكاربوونیەوە لانیكەم دوو ترلیۆن دۆلار بۆ پاكێجی هاندانی دارایی تەرخان دەكات.

هاوكات، پێشبینی دەكرێت، ئەوروپا بڕی ١،٨ ترلیۆن یۆرۆ بۆ پاكێجی هاندانی دارایی تەرخان بكات، كە تێیدا بودجەی یەكێتی ئەوروپا هەتا ساڵی ٢٠٢٨ لەخۆ دەگرێت.

بەڵام ئایا ئەو بژاردانە چییە، كە لە ساڵی ٢٠٢١ دا لە بەردەم وەبەرهێنەران و كەرتە بازرگانییەكاندایە؟
سەرباری گەشبینییەكانی بانك و كۆمپانیاكانی بەڕێوەبردنی سامان لەبارەی ساڵی داهاتوو، بەڵام بانكی وەبەرهێنانی جیهانی پێیوایە، زۆر بابەتی نەزانراو هەن، كە بڕیار لەسەر ئاراستەی وەبەرهێنەران دەدەن، لەناویاندا، رادەی كارایی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا و خێرایی دابەشكردن و پێدانی لە وڵاتانی جیهان، هاوكات نەمانی ئەو ترسەی، بەشێكی زۆر لەوڵاتانی كەم دەرامەت بەشی پێویست ڤاكسینیان بەدەست نەگات.

وەبەرهێنەران دڵنیا نین لە رادەی چالاكی ڤاكسینەكە

بەپێی راپۆرتەكە، وەبەرهێنەران دڵنیا نین لە رادەی چالاكی ڤاكسینەكە، جگە لەوەی ئەگەر سەركەوتووبێت بە چ میكانیزمێك دەتوانرێت بەخێرایی بە جیهاندا بڵاوبكرێتەوە، بەنموونە، لەوڵاتانی وەك فەرەنسا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا رەنگە بە كەمتر لە رێژەی ٪٥٠، ڤاكسینەكە بەسەر دانیشتوواندا دابەش بكرێت و بكوترێن.

لەو بارەیەوە، سێس كارپێنتەر ئابووریناس لە بانكی یو بی ئێس دەڵێت: لەكۆتایی نیوەی یەكەمی ساڵی داهاتوو ئەمریكا دەتوانێت هاووڵاتیانی بكوتێت و ژمارەی توشبوون رەنگە بگاتە سفر، بەڵام ئەی چی لەبارەی وڵاتانی كەم دەرامەت؟

لەلایەكی دیكەوە، شارەزایانی وەبەرهێنان رایان وایە، لەگەڵ سەركەوتنی ڤاكسینی كۆرۆنا كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی و گواستنەوە و كەرتی گەشت و گوزار و چێشتخانە و كۆمپانیاكانی كات بەسەربردن بكەونەوە كار و زۆرترین داهات بەدەستبهێنن.

بەپێی راپۆرتەكە، رەنگە كەرتی وزە و نەوتی جیهانیش ببوژێتەوە بەتایبەت، كە لەمساڵدا خواستەكان لەسەر نەوت و وزە بە رادەیەكی زۆر كەمبوونەوە و نرخی نەوت دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، هاوكات، رەنگە رێكخراوی ئۆپیك و هاوپەیمانانی لەم كۆبوونەوەیەی دواییدا بەدوای رێگایەكدا گەڕابن كە ببێتەهۆی بەرزكردنەوەی نری نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا.

رەنگە كەرتی وزە و نەوتی جیهانیش ببوژێتەوە

ئەوەش لەكاتێكدایە بەشێك لە كۆمپانیا گەورەكانی نەوت و پاڵاوگەكان، بەتایبەت كۆمپانیاكانی نەوتی رەش، دووچاری مایەپوچی هاتن، جگە لەوەش، بەشێك لە وەبەرهێنەرانی ئەمریكا و ئەوروپا لە پشكی كۆمپانیاكانی نەوت هەڵهاتن، بۆیە لە كاتی سەركەوتنی ڤاكسینی كۆرۆنا، بەهۆی دەستپێكردنەوەی گەشت و گواستنەوە و كەوتنەوەجوڵەی فڕۆكەكان داواكاری لەسەر نەوت و سوتەمەنی زیاد دەكاتەوە.

بەپێی داتاكانی پاوەر فاینانشاڵ لە ویلایەتی فلۆریدا، بە تەنیا لە ئەمریكا نزیكەی ٥٠ بانك بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت و لەژێر هەڕەشەی مایەپوچبووندایە، ئەو بانكانە بەدەست بەرزی ئاستی قەرزەكانیان و نەبوونی سەرمایەی پێویستەوە دەناڵێنن.

ئەوە ماوەتەوە بپرسین: ئایا جۆ بایدن و ڤاكسینی كۆرۆنا، دەبنە هۆكاری بوژاندنەوەی ئابووری جیهان؟ یاخود قەیرانەكان قوڵتر دەكەنەوە و ئابووری جیهان بەرەو داڕمانی زیاتر دەبەن؟ ئەم پرسیارانە و چەندانی دیكە لەژێر رۆشنایی هاتنی ساڵی نوێ و گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە سیاسەتی ئەمریكا و كۆتاییهاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، چاوەڕێی وەڵامی گونجاون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا