پۆڵه‌تیك پرێس:
پارێزگای به‌سره كه به‌پایته‌ختی نه‌وتیی عێراق ناسراوه نزیكه‌ی نیوه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ده‌ست هه‌ژارییه‌وه ده‌ناڵێنن.
پارێزگای به‌سره، شاده‌ماری ئابووریی عێراق كه زۆرینه‌ی به‌رهه‌می نه‌وتی عێراق له‌و پارێزگایه‌یه و ڕۆژانه به‌سره سێ ملیۆن و 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی به‌سره هه‌نارده‌ی بازاڕه‌كانی جیهان ده‌كات، به‌ڵام دۆخی ئابووریی خه‌ڵكی به‌سڕه به‌ڕاده‌یه‌ك خراپه، كه 40%ی خه‌ڵكی ئه‌و پارێزگایه له‌نێو هێڵی هه‌ژاریدان.
كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق كه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراو دانیپێدانراوه له‌نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاشكرایكردووه، به‌سره كه سه‌رچاوه‌ی پیشه‌سازی نه‌وتی عێراقه به‌ڵام ئه‌وه نه‌بوه‌ته هۆی خێر و به‌ره‌كه‌ت بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی، به‌ڵكو ئێستا 40%ی خه‌ڵكی به‌سره هه‌ژارن و به‌ده‌ست بێكارییه‌وه ده‌ناڵێنن.
پارێزگای به‌سره به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته ده‌گمه‌ن و گرنگه‌كه‌یه‌وه سه‌رچاوه‌ی به‌ستنه‌وه‌ی عێراقه له‌ڕووی ده‌ریاییه‌وه به كه‌نداوی عه‌ره‌بی، جگه له هه‌نارده‌ی نه‌وت، له‌به‌سره‌وه هه‌نارده و هاورده‌ی كاڵا و شمه‌كی وڵاتان جمه‌ی دێت.
ئابووریی عێراق به‌بێ پارێزگای به‌سره ئابوورییه‌كی ئیفلیجه، به‌ڵام ئه‌و ئابوورییه گرنگه بوه‌ته هۆی چه‌ندین ده‌رد و به‌ڵا بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی، هه‌ر له بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ندین نه‌خۆشیی به‌هۆی كارگه‌كانه‌وه، تا تێكچوونی ئاوی خواردنه‌وه‌ی به‌سره.
به‌گوێره‌ی وته‌ی خالد به‌تال، وه‌زیری پلاندانانی عێراق، ئێستا ڕێژه‌ی بیكاریی له عێراقدا گه‌یشتووه‌ته 31.7% به‌راورد به دوو ساڵی ڕابردوو ڕێژه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌ڵكشاوه، چونكه له‌ساڵی 2018دا ڕێژه‌ی بێكاریی له عێراق 20% بوو، له‌هه‌ردوو ڕێژه‌كه‌شدا پشكی شێر به‌ر پارێزگای به‌سره ده‌كه‌وێت.
ئێستا ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌هێڵی هه‌ژاریدا له عێراق ده‌ژین گه‌یشتووه‌ته 10 ملیۆن كه‌س، ئه‌وه‌ش له‌كۆی 38 ملیۆن كه‌س كه وه‌ك ژماره‌ی فه‌رمی دانیشتووانی عێراق دیاریكراوه.
به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری عێراق له نێوان هه‌شت ساڵ و به‌دیاریكراوی له‌نێوان ساڵانی 2006 ــ 2014 له عێراق به‌ناوی پڕۆژه‌ی وه‌همییه‌وه زیاتر له 300 ملیار دۆلار به‌هه‌ده‌ردراوه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له پڕۆژه‌كان تا ئێستاش له‌سه‌ر كاغه‌ز ماونه‌ته‌وه و جێبه‌جێنه‌كراون، پشكی شێری ئه‌و پڕۆژه وه‌همییانه‌ش به‌ر پارێزگای به‌سره ده‌كه‌وێت.
به‌سره له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پایته‌ختی ئابووریی عێراقه، هاوكات پایته‌ختی گه‌نده‌ڵیی عێراقیشه، له‌و پارێزگایه هه‌ر میلیشیایه‌كی شیعه ده‌ستی به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كی گرنگی بازرگانیدا گرتووه، هه‌ربۆیه حكومه‌ته‌كه‌ی مسته‌فا كازمی ده‌یه‌وێت ئابوریی پارێزگاكه له‌ده‌ستی میلیشیاكان ده‌ربهێنێت.
داهاتی یه‌ك مانگی ده‌روازه‌ی ئوم قه‌سر له‌پارێزگای به‌سره 23 ملیار دۆلار بووه، به‌رپرسان ده‌ڵێن ئه‌وه داهاتی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌روازه‌كه نییه، به‌ڵكو دوای ئه‌وه‌ی داهاته‌كه به فلته‌ری میلیشیا شیعه‌كاندا ده‌ڕوات، سه‌رئه‌نجام ئه‌و بڕه بۆ حكومه‌ت ده‌مێنێته‌وه.
له به‌سره شه‌ڕێكی ئاشكرای حزبه سیاسیی و میلیشیاكانیان هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كامه‌یان چ ده‌روازه‌یه‌كی ئاویی به‌سره به‌ده‌سته‌وه بگرێت، چونكه داهاتی ده‌روازه ئاوییه‌كانی به‌سره ئه‌وه‌نده‌ی ئاشكراكراوه خه‌یاڵییه و له‌ساڵێكدا ده‌گاته 486.3 ملیار دینار.
قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵیی له‌به‌سره به‌جۆرێكه، ئه‌گه‌ر كه‌شتییه‌كی پڕ له‌بار ئینجا ئه‌گه‌ر باره‌كه‌ی گرنگ بێت، بتوانێت به‌رتیل بداته هێزێكی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ده‌روازه ئاوییه‌ی تیایدا له‌نگه‌ری گرتووه، ئه‌وا قورسایی باره‌كه‌ی له كێشاندا بۆ كه‌مده‌كرێته‌وه بۆئه‌وه‌ی كه‌مترین باج بدات، له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌یویست به‌رتیل بداته خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌و شوێنه‌ی باره‌كه‌ی لێوه‌ستاندووه، ئه‌وا نه‌ك ڕێگه‌ی چونه‌ناوه‌وه‌ی بۆ عێراق پێ‌نادرێت، به‌ڵكو باره‌كه‌ی ڕاده‌گرن و سه‌رئه‌نجام باری ئه‌و كه‌سه ئه‌گه‌ر خۆراك بێت دوای مانه‌وه‌ی زۆر له‌به‌نده‌ره‌كه تێكده‌چێت و ناچار ده‌بێت فڕێی بدات.
ڕێكخراوی شه‌فافیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له‌ڕاپۆرتێكدا عێراقی له‌لیستی یه‌كێك له گه‌نده‌ڵترین وڵاته‌كانی جیهان داناوه و ده‌ڵێت، له‌ساڵی 2003ـوه تا ئێستا نزیكه‌ی نیو ترلیۆن دۆلار له عێراق دزراوه.
به‌نده‌ره ده‌ریاییه‌كانی به‌سره نمونه‌یه‌كی بچوككراوی كێشه‌كانی عێراقه، به‌ڕای تۆ كازمی ده‌توانێت به‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی به‌سره، به‌سه‌ر كێشه سیاسیی و ئابوورییه‌كانی دیكه‌ی عێراقدا سه‌ركه‌وێت.