وشككردنی سەرچاوەیەكی داهاتی حیزبە شیعییەكانی عێراق

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
لایەنە سیاسییەكانی سەر بە ئێران لەعێراق، هێرش دەكەنە سەر حكومەتەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەدوای ئەوەی بڕیاریدا بەمەبەستی تێپەڕاندنی یەكێك لەمەترسیدارترین قەیرانەكانی مێژووی عێراق، بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی كەمبكاتەوە.

ئەم هەنگاوەی حكومەت دوای ئەوە دێت، كە بودجەی حكومەت بۆ دابین كردنی موچەی فەرمانبەران كورتهێنانی بەخۆوەبینی و هەر ئەوەش بووە پاڵنەری حكومەت تا پەنا بباتە بەر قەرزكردن لەبانكی ناوەندی عێراقی و لایەنە ناوخۆییەكانی دیكە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، حكومەت نەوت بە دۆلاری ئەمریكی دەفرۆشێت و ئەوەش بۆ كڕینی دیناری عێراقی لە بانكی ناوەندی بەكاردەهێنێت بە ئامانجی دابینكردنی موچەی فەرمانبەران و خزمەتگوزارییە گشتییەكان، كە بەو مانایە دێت، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەتوانێت بڕێكی زیاتر لە دیناری عێراقی بانكی ناوەندی بۆ حكومەت دەستەبەر بكات.

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەتوانێت بڕێكی زیاتر لە دیناری عێراقی بانكی ناوەندی بۆ حكومەت دەستەبەر بكات

رۆژی یەكشەممە 19ی كانوونی یەكەم وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، بەهای فەرمی دۆلارێك هاوتایە لەگەڵ هەزار و ٤٥٠ دیناری عێراقی لەبری هەزار و ١١٩ دینار، كە پێشتر بەهای دۆلارێك بوو.

سەرباری ئەوەی ئەم بڕیارە بەشێوەیەكی سەرەكی كاریگەری لەسەر فەرمانبەران دادەنێت، دەبێتە لێدانێكی گەورەش بۆ هەندێك لە لایەنە شیعییەكانی سەر بە ئێران.

لایەنە شیعییەكان وا راهاتبوون دۆلار لە بانكی ناوەندی بكڕن و دواتر لە بازاڕی رەش بە قازانج بیفرۆشنەوە

ئەم لایەنە شیعییانە وا راهاتبوون دۆلار لە بانكی ناوەندی بكڕن و دواتر لە بازاڕی رەش بە قازانج بیفرۆشنەوە، ئەمەش رۆژانە بە ملیۆنان دۆلار قازانجی بۆ پەیدا دەكردن.

لەو بارەیەوە، حیزبی دەعوەی ئیسلامی بە سەركردایەتی نوری مالیكی توڕەیی خۆی لەم بڕیارە دەربڕی و باسی لەوە كرد، گۆڕانی بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی بەشێوەیەكی نەرێنی كاریگەری لەسەر فەرمانبەران و هەژاران دادەنێت.

بەپێی چەند هەژمارێكی نافەرمی، حكومەتە یەك لەدوایەكەكانی عێراق، كە لەدوای رووخانی دەسەڵاتی سەدام حسێن سەرۆكی پێشووتری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ پێكهێنراون، نزیكەی چارەكە ترلیۆنێك دۆلار، كە بۆ چاكسازی كەرتی تەندروستی و پەروەردە و كارەبا و خزمەتگوزاری گشتی تەرخان كرابوون دیارنەماوە.

لای خۆیەوە، قەیس خەزعەلی سەرۆكی میلیشیای ئەهلی حەق توڕەیی خەڵكی لەدژی حكومەت بەكارهێنا و رایگەیاند، ئەوەی ئێستا روودەدات لەدۆسییەكانی بانكی ناوەندی و بەندەری فاو و كۆمپانیاكانی پەیوەندی، گەورەترین ئۆپراسیۆنەكانی دزین بەرۆژی رووناك ئەنجام دەدرێن، بەداخەوە كاردانەوەی سیاسی و جەماوەری بەرانبەر ئەم دۆسییانە بەپێی پێویست نییە.

خەزعەلی هاوشێوەی مالیكی، بانكێكی هەیە لەڕێیەوە دۆلار لە بانكی ناوەندی دەكڕێت و دواتر لە بازاڕی رەش بەمەبەستی قازانج دەیفرۆشێتەوە.

بڕیاری كەمكردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار ٪١٠٠ دەستكەوتی ئەم بانكانە كەم دەكاتەوە، بۆیە خەزعەلی هەوڵ دەدات لە رێی رەخنەكانییەوە جەماوەر و رای گشتی هان بدات دژی حكومەت و دەڵێت: بەردەوامی گۆڕانی قەیرانی ئابووری لە خراپەوە بۆ خراپتر دۆخێكی كارەساتبار دەهێنێتە ئاراوە و هاوڵاتی زیانبەركەوتووی سەرەكی دەبێت.

ساڵانە عێراق بڕی ٤٠ ملیار دۆلاری پێویستە بۆ دابین كردنی موچەی فەرمانبەران

سەرباری هەوڵەكانی خەزعەلی و مالیكی و سەركردە شیعەكان كە سوورن لەسەر جێبەجێ كردنی سیاسەتی ئێران، كەچی پاكانە بۆخۆیان دەكەن و خۆیان بێبەری دەكەن لەو داڕمانە ئابوورییەی عێراق پیایدا تێدەپەڕێت.

بەشێوەیەكی گشتی، ساڵانە عێراق بڕی ٤٠ ملیار دۆلاری پێویستە بۆ دابین كردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هەموو ئەو كەسانەی موچەی جێگیری مانگانە لە حكومەت وەردەگرن، داهاتی نەوتیش سەرجەم خەرجییەكانی عێراق پڕ ناكاتەوە و رەنگە تەنیا بەشی موچە بكات، بۆیە حكومەت پەنای بردە بەر بڕیاری كەمكردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی بەمەبەستی پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی و چارەسەری قەیرانی ئابووری لە عێراق.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا