تێگەیشتن لە زمانی دیپلۆماسی و میدیایی ئەمریكی

 

بۆ ئێمە كە لە دەرەوەی ئەمریكا دەژین، تێگەیشن لە زمانی میدیای و دیپلۆماسی و سیاسی ئەمریكی، نەك هەر بۆ كوردێكی ئینگلیزی نەزان، بەڵكو بۆ ئینگلیزی زانێكیش سەختە.

 

بەشی زۆری زمانی سیاسی ئەمریكی زمانی وەرزشە، وەرزشی بەیسبۆل و باسكە و تۆپی پێی ئەمریكی، كە زۆرینەمان یاسا و ڕێسا و زمانەكانی تێناگەین. بۆیە زۆرجار وەك خۆی وەرگرتنی لێدوان و دەربڕینەكان دەبێتە مایەی خراپ تێگەیشتن.

 

بەڵام ئەم پرسە تەنها زمانەوانی نیە. بەڵكو ئاستی تری هەیە. لێرەدا مەبەستگەرایی گرنگە. كاتێك سیاسیەكی ئەمریكی لێدوان دەدات، دەبێت بزانرێت ئایا لێدوانەكەی بۆ ناوەوەیە یان بۆ دەرەوە، لە چ كاتێكدایە، دەیەوێت چ ئامانجێكی پێ بپێكێت؟

 

با نمونەیەكی سادە بهێنینەوە كە ئەم ڕۆژانە باس دەكرێت. ئەمریكا دەكشێتەوە. كشانەوە چەمكێكی هەتا بڵێی ناڕونە، چونكە ئایا هەمووی دەكشێتەوە، بڕێكی دەكشێتەوە، ئایا باسی كشانەوە بۆ ئەوەیە پەیامێك بۆ بازنەی هەڵبژاردن و هەواداران بنێردرێت كە پەیمانێك جێبەجێكراوە یان هۆكاری دەرەكی هەیە؟

 

لە ئێستادا ترەمپ ئامانجیەتی كە ئەو پەیامە بگەیەنێت كە دەكشێتەوە. بۆ؟ چونكە ترەمپ لە ئێستادا هەموو ئامانجی ئەوەیە كە هەوڵی ئەوەبدات كە چ شۆرەتێك بە جێدەهێڵێت.

 

دەبێت بزانین كە ترەمپ ئامانجیەتی پارتی كۆماریی لە دەستی دەرنەچێت، ٧٠ ملیون دەنگدەر سەرمایە و هیزێكی گەورەیە دەیەوێت سەرمایەگوزاری لە سەر بكات، دەیەوێت بیانكاتە بینەری هەمیشەیی كەناڵە تەلەفزیونییەكەی كە دایدەمەزرێنێت و مێشكی بایدنی پێ وێران ئەكات. دەیەوێت بڕیاردەری سەرەكی بێت لەوەی كە كێ دەبێت كاندیدی كۆمارییەكان لە دەورەی داهاتودا. بۆیە زۆر گرنگە بۆی كە ئەو پەیامە بگەیەنێت هەوادارانی كە پەیمانەكانی جێ بەجێكردوە، یان هیچ نەبێت هەوڵی بۆ داوە.

 

كەواتە دەرخستنی نیەتی كشانەوە، دروستكردنی ڕوداوێكی میدیایی زۆر گرنگترە لە دۆخە ڕاستییەكە. چونكە وەك جەیمس جێفری ووتی، هەمیشە ڕاستییان لە ترەمپ شاردوەتەوە.

 

بەڵام كشانەوە ئاستی تەكنیكیشی هەیە. بۆ نمونە كاتێك دەڵێن ١٠٠٠ سەرباز لە شوێنێكە، مانای وەهانیە كە هەموو ژمارەی سەربازەكان ئەوەندەن، بەڵكو هەموو ئەوانەی كە بە بەشی لۆجیستی دادەنرێت لە ناو ئەو ١٠٠٠ كەسەدا نین.

 

سەردار عەزیز

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک