بەرگری لە سەڵاحەدین

كاتێك مێژووی سەربازی باسی سەركردە ستراتیژیە مەزنەكان دەكات ، ئەلێكسەندەر و هانیبال و سەلاحەدین و ناپلیۆن وەك لێهاتووترین سەركردەی سەربازی دەناسێنێت و چیرۆكی نەخشە و پلانەكانیان تا ئێستاش لە ئەكادیمیە سەربازیەكاندا بەبێ لێكدانەوەی ئایینی و مەزهەبی بەهەند وەردەگیرێت .

سەڵاحەدین كوڕی سەدەی دوانزەیە ( 1138-1193) كە سەدەی جەنگە جیهانگیرەكانی ئاسیا و ئەوروپایە . ئەو ژینگەیەی سەڵاحەدینی تیادا دروستبووە ژینگەی هێزە زەبەلاحەكانی وەك مەغۆل و خاچیەكان و حەشاشینەكان بووە . ژینگەی شەڕی ناوخۆ و پەرت و كەرت بوونی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی و لاوازبوونیەتی . ئەمیرە توركەكان و سوڵتانە مەغۆلیەكان لە رۆژهەڵاتەوە جیهانی ئیسلامیان هەراسان كردووە . لەخۆرئاواشاوە ئەوروپیەكان ( خاچیەكان ) هەموو ناوچە ستراتیژیەكانی ئیسلامیان داگیركردبوو . لەناوخۆشدا حەشاشینەكان زۆریان بۆ ئەمیر و والی و هەتا خەلیفەكان هێنابوو ، چەندجارێكیش هەوڵی كوشتنی سەڵاحەدینیان داوە .

عەسكەرێكی گەنجی وەك سەلاحەدین لەو ژینگەیەدا بەبێ ڕەچەڵەكی پێشینەی قەبیلە و نەسەبی ئەهل بەیتی سەر بە ماڵی پێغەمبەر و خزمایەتی لەگەڵ خەلیفەی عەباسی ( ناسرەدین الله ) دا نەبێت ، بتوانێت ببێتە دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەیوبی لە میسرەوە تا بەغدا . ئەمە لێهاتوویی ئەو عەسكەرە دەسەلمێنێت و شایەنی ستایشە .

یەكێك لە نمونەكانی سوارچاكی ئەو سەردەمە لێبووردەیی و دادپەروەریە . سەڵاحەدین وەك سەركردەیەكی سوارچاك كاتێك هێرشی كردە سەر دەوڵەتی زەنكیەكان لە حەلەبەوە تا موسڵی لێسەندنەوە ، ئابڵۆقەی سنجاری دابوو . لەو كاتەدا كەدەبوو شەڕ دەستپێبكات ، پیرە ژنێكی سنجاری دەچێتە بەردەم سوپاكەی سەڵاحەدین و داوای لێدەكات هێرشەكەی ڕاگرێت .لەبەرئەوەی بوكەكەی ( ژنی كوڕەكەی ) دووگیانە و لە ساتی منداڵبووندایە . سەڵاحەدین هێرشەكەی ڕادەگرێت تا ئەو ژنە منداڵەكەی دەبێت . جوامێریەكانی ئەو سەركردە سەربازیە لەبەرانبەر ئایینەكانی تردا كە دوژمنەكانیشی تا ئێستا ڕێزی لێبگرن و بە ستایشەوە ناوی دەهێنن ڕێزگرتن بووە لە دوژمنەكانیشی .

ئەو سەركردەیە هەموو نەتەوە موسڵمانەكان ( تورك و عەرەب و فارس و ئازەری ) دەیانەوێت ڕەچەڵەكی بەرنەوە سەرخۆیان . كەچی كورد كە ڕەچەڵەكی خۆیەتی داوا دەكەن تفی تێبكرێت چونكە گوایە موغە زەردەشتیەكانی لە ئێران و هیند كوشتووە . لەكاتێكدا لەسەردەمی سەڵاحەدیندا ، هیند و ئێران لەژێر دەستەڵاتی مەغول و سەلجوقیەكاندا بوون . دەستەڵاتی سەڵاحەدین نەگەیشتووە بەو ناوچانە تا كوشتاریان لێبكات .

هونەر تۆفیق

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا