پێشتر بیرت له ئه‌ندازه‌ی ژیانت كردۆته‌وه؟ یان روونتر بڵێم ئایا نه‌خشه‌ڕێگای ژیانت بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كانت كێشاوه؟
ئه‌گه‌ر وایه چه‌ندت له ئامانجه‌كانت به‌دیهێناوه؟ ئه‌ی چه‌ندت به‌دینه‌هێناوه؟ ئایا نه‌خشه‌ت هه‌یه یان هه‌ر بیریشت لێنه‌كردۆته‌وه؟ ئایا تاكی كورد ئه‌ندازه‌ی ژیانی له كۆنتڕۆڵی خۆیدایه یان هۆكاری ده‌ره‌كی زاڵه به‌سه‌ریدا؟ یان هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا باوه‌ڕی پێی نییه و ده‌ڵێت نه‌خشه‌ی ژیان بۆچی؟ له‌وانه‌شه بڵێ ئێره كه وڵاتی قه‌زا و قه‌ده‌ره نه‌خشه‌ی چی؟
ئه‌گه‌ر هه‌ندێك له‌م وڵاتی قه‌زا و قه‌ده‌ره دوور بكه‌وینه‌وه، ده‌بینی هه‌موو جووڵه‌یه‌ك پلانی ده‌وێ، كڕینی ئۆتۆمبیل پلان و نه‌خشه‌ی ده‌وێ، یان دروستكردنی شارێك پلان و ماسته‌ر پلانی ده‌وێ، ئه‌ی خێره ژیانی مرۆڤ كه له هه‌موو شته‌كانی ده‌ورووبه‌رمان گرنگتره ئه‌ندازه و نه‌خشه و دیزاین و پلانی ناوێ؟
ئه‌ندازه‌ی ژیان چییه؟ زانسته یان سه‌لیقه؟
ئه‌ندازه‌ی ژیان پێشتر هێنده‌ی په‌یوه‌ندی به شاره‌زایی و سه‌لیقه‌ی كه‌سه‌كانه‌وه هه‌بووه، هێنده زانست نه‌بووه، هه‌رچه‌نده هه‌ر له كۆنه‌وه ئه‌وه‌ی فرۆیدی گه‌وره فه‌یله‌سوف وتویه‌تی: «ده منداڵم بده‌نێ ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت ده‌یانكه‌مه سواڵكه‌ر، ئه‌گه‌رنا ده‌یانكه‌مه پزیشك»، مه‌به‌ست له‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ی فرۆید دانانی پلان بووه بۆ گه‌یشتن به ئامانج.
كه‌واته سه‌ره‌تا ئه‌ندازه ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی بیركردنه‌وه‌ی تاكێكی پێگه‌یشتووی رۆشنبیردا بووه تا بزانێ له ئاینده‌دا ده‌یه‌وێ كێ بێت و چ جۆره كه‌سایه‌تییه‌كی هه‌بێت، چ پسپۆڕییه‌ك و چ پیشه‌یه‌كی هه‌بێ، كه‌ی خێزان دروستبكات و چه‌ند منداڵی هه‌بێ، له‌گه‌ڵ چ جۆره كه‌سایه‌تییه‌ك خێزان دروستبكات، له‌كوێ بژی و ئاستی ئابووری چۆن بێت، ئه‌مانه و چه‌ندین ورده‌كاریی تر له‌نێو پلاندا و به له‌به‌رچاوگرتنی تێكڕای ته‌مه‌ن ئه‌و پارچه جوگرافیایەی تێیدا ژیاوه جێیكردۆته‌وه.
له راستیدا تاكی كوردی له‌م رووه‌وه شاره‌زاییه‌كی كه‌م و باکگراو‌ندێكی لاوازی هه‌بووه، بگره زیاتر پلانه‌كانی به‌شێوه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كی و ته‌نیا له چوارچێوه‌ی هزردا گه‌ڵاڵه بووه، بۆیه ده‌كرێ ناوی لێبنرێت سه‌لیقه. هاوكات هه‌ر ئه‌و پلانه‌ی لای هه‌ندێك كه‌س به‌شێوه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كی لە ئارادابووە لای هه‌ندێكی تر هه‌ر بیریشی لێنه‌كرۆته‌وه، ئه‌مه سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی. له كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتووه‌كانیشدا «ئه‌ندازه‌ی ژیان» ئێستا وه‌ك زانستێك باسی لێوه‌ده‌كرێت كه ئه‌ویش پلان و نه‌خشه و دیزاینی تاكه بۆ خودی ژیانی خۆی دوور له ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ورووبه‌ر.
ئه‌ندازه‌ی ژیان له رێكخستنی رۆژێكی ژیانی تاكه‌وه ده‌ستپێده‌كات رۆژ دوای رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌ندازه‌كردنی هه‌موو ژیان و گه‌یشتن به ئامانج و گۆڕینی ئاكاری تاك له كه‌سێكی به‌كاربه‌ره‌وه بۆ كه‌سێكی به‌رهه‌مهێن.
(getting things done) یه‌كێكه له‌و په‌رتووكه زانستییانه‌ی نووسه‌ری ئه‌مریكی (David Allen) ده‌رباره‌ی ئه‌ندازه‌ی ژیان و میتۆدی رێكخستنی كات نووسیووێتی.
به‌پێی ئه‌م په‌رتووكه، پێویسته تاك رۆژانه هه‌موو ئه‌و ئه‌ركه جیاوازانه‌ی كه ده‌بێ له رۆژێكدا بیکات، بخاته سه‌ر كاغه‌ز و دواتر پۆلێنكاریی بۆ بكات و خۆی رزگار بكات له‌و هه‌موو ژاوه‌ژاو و ئاڵۆزیی و لۆده‌ی له مێشكی‌دا كۆیكردۆته‌وه كه ئه‌مانه له ئه‌نجامدا هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌بنه وزه‌ی نه‌رێنی و رێگریی ده‌كه‌ن له بیركردنه‌وه‌ی داهێنەرانه. هه‌ڵبه‌ت پێچه‌وانه‌كه‌شی راسته و نووسینی ئه‌ركه‌كانی رۆژ له‌سه‌ر كاغه‌ز و پۆلێن‌كردن و دانانی پلان بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌ر كاته‌گۆرییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع رۆژ دوای رۆژ تاك له كه‌سی به‌كاربه‌ره‌وه ده‌كاته كه‌سی به‌رهه‌مهێن، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ئاماژه‌مان پێدا.
له راستیدا به‌شێك له خوێنه‌ری كورد ئەگه‌ر ئه‌م بابه‌ته بخوێنێته‌وه، بێ دوودڵی گاڵته‌ی پێدێ و ده‌ڵێت ئه‌ندازه‌ی ژیانی چی؟ له وڵاتێكدا كه نووسه‌ر خۆی پێی ده‌ڵێت وڵاتی قه‌زا و قه‌ده‌ر، پاشان خێزانه‌كان و بیركردنه‌وه‌یان، دابونه‌ریت و ئایین، ئاستی رۆشنبیری تاكه‌كان، جیاوازی زۆر له‌نێوان بیركردنه‌وه‌ی ژن و پیاودا، بیروكراتییه‌تی خێزان و جیاوازیی زۆر له‌نێوان په‌روه‌رده‌ی خێزان بۆ كچان و كوڕان، یاساكان و سه‌رچاوه‌كانیان، ئاستی جیاواز و لاواز له داهاتی تاك و ده‌ستوه‌ردانی حزب له ژیانی تاك و نه‌بوونی هه‌لی كار و نه‌بوونی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ریی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا و زۆرێك له ده‌رگا داخراوه‌كانی تر له‌به‌رده‌م تاك و خێزان كه هه‌مووان كه‌م تا زۆر رۆڵیان هه‌یه له ده‌ستوه‌ردانی پلانی تاك و تێكدانی بونیادی ئه‌ندازه‌ی ژیانی. ده‌رئه‌نجام هه‌موو ئه‌مانه هۆكارن بۆ ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره زۆرمان بێ ئه‌ندازه ژیان به‌ڕێبكه‌ین.
بێگومان له هه‌موو ئه‌مانه‌شدا راستتر ئه‌وه‌یه هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ی كه باسكران به‌ربه‌ستن، به‌ڵام ئەگه‌ر به‌ربه‌ست له ژیاندا نه‌بێت، چیتر پلاندانان بوونی گرنگ نابێت و هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا پلان دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره و سه‌ركه‌وتنه به‌سه‌ر ئاسته‌نگه‌كاندا.
تۆ له رابردووی ژیانی خۆت په‌شیمانی؟!
ئەگه‌ر تاكه‌كان بدوێنین، پێتانوایه چه‌ندیان له رابردووی ژیانی خۆیان په‌شیمانن؟ ئه‌گه‌ر لێیان بپرسین ژیانت بگه‌ڕێته‌وه هه‌مان رێگە هه‌ڵده‌بژێریته‌وه؟
راسته‌وخۆ زۆربه‌یان دوور له چاوی میدیا پێمان ده‌ڵێن نه‌خێر، له به‌رامبه‌ردا كه‌من ئه‌وانه‌ی كه ده‌ڵێن هه‌رچیم ویستووه له ژیاندا پێیگه‌یشتووم.
ئه‌م باسه رێك ئه‌و په‌نده عه‌ره‌بییه‌مان بیرده‌خاته‌وه كه ده‌ڵێت: «لیت الشباب یعود یوما فاخبره بما فعل المشیب»، خۆزگه گه‌نجی بگه‌ڕابایه‌ته‌وه تا پێی بڵێم پیری چی پێكردووم» له ئه‌ندازه‌ی ژیاندا ته‌نیا كارمان به به‌شی یه‌كه‌می په‌نده‌كه‌یه «خۆزگه گه‌نجی بگه‌ڕایه‌ته‌وه» تا ئه‌ندازه و پلانێكی باشتر بۆ ژیان دابنێم، «لیت و لعل» له زمانی عه‌ره‌بیدا هه‌ردوو به مانای خۆزگه دێن، «لیت» بۆ ئه‌و خۆزگه‌یه‌ی كه هه‌رگیز به‌دی نایه‌ت و «لعل» بۆ ئەو خۆزگه‌یه‌یه كه ده‌شێت بێته‌دی.
به‌و پێیه مه‌حاڵه بێ ئه‌ندازه پلانێكی تۆكمه بگه‌یه‌نیته ئاستێك له ژیان كه لێی په‌شیمان نه‌بیت، كه‌واته ئەگه‌ر خودی خۆت بێ ئه‌ندازه ژیانت به‌ڕێكردووه، ئه‌وا باشتر وایه ده‌ستگیرۆیی دانانی ئه‌ندازه‌ی ژیانی منداڵه‌كانت بیت، تا ئەگه‌ر ئه‌ندازه‌ی ژیانی خۆت بۆته «لیت» هێشتا بۆ نه‌وه‌كانت «لعل»یه.
له‌چی په‌شیمانی ؟
دیسانه‌وه دێمه‌وه سه‌ر وڵاتی قه‌زا و قه‌ده‌ر و پێتان ده‌ڵێم به‌ڵێ راسته ئه‌و پارچه زه‌وییه‌ی كه ئێمه‌ی كورد له باشووری كوردستاندا تێیدا ده‌ژین، زۆر شت له‌شوێنی خۆی نه‌ماوه؟ به‌ڵام تاكه‌كانیش نابێ ده‌ستبه‌رداری ژیان بن، به‌جۆرێك وه‌ك ته‌خته‌ی سه‌رئاو چاوه‌ڕێبن و بزانن شه‌پۆله‌كان به‌ره‌و كوێ ده‌یانبات، باشتره لێره‌دا چه‌ند وێستگه‌یه‌كی ژیانتان به‌بیر بهێنمه‌وه كه ده‌كرێ په‌یوه‌ندی نه به وڵات و یاساكانی نه به خێزانه‌وه هه‌بوو بێ، بگره ته‌نها بڕیاری تاكه كه‌سی بووه، له‌ئاكامدا لێی په‌شیمانی:
-ئه‌گه‌ر ئه‌و ساڵه بڕۆشتمایه بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ خوێندن، ئێستا ژیانێكی ترم ده‌بوو .
-ئه‌گه‌ر هاوسه‌رگیرم له‌گه‌ڵ فڵان بكردایه یان نه‌كردایه ئێستا ژیانێكی ترم ده‌بوو.
-ئه‌گه‌ر زووتر خوێندنم ته‌واو بكردایه.
-ئه‌گه‌ر خۆم نه‌قڵی فڵان وه‌زاره‌ت بكردایه.
-ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌م راده‌ستی فڵان نه‌كردایه.
ئه‌نجامه‌كانی له ئه‌مڕۆدا؟
-زۆربوونی ژماره‌ی جیابوونه‌وه و ده‌رئه‌نجامه‌كانی.
-که‌م و زۆریی ژماره‌ی منداڵ بێ پلان.
-نه‌بوونه خاوه‌نی پێداویستی و كه‌مالیاتی ژیان له‌كاتی پێویست.
-به‌ده‌ستنه‌هێنانی پله‌ی وه‌زیفی شایسته له‌كاتی پێویست.
-دروستكردن یان نه‌كردنی خێزان له‌كاتی پێویست.
-به‌راوردكردنی خۆت به كه‌سانی ده‌ورووبه‌ر.
نه‌خۆشییه سایكۆسۆماتییه‌كان چین و ئه‌م بیركردنه‌وانه بۆ كوێمان ده‌بات؟
زانستی پزیشكی باس له نه‌خۆشییه سایكۆسۆماتییه‌كان ده‌كات، نه‌خۆشی سایكوسۆماتی ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ن كه به هۆی بیركردنه‌وه‌ی زۆر و به‌راوردكردنی خۆت به‌كه‌سانی تر و خه‌فه‌تخواردن و گۆشه‌گیری و دڵه‌ڕاوكێ و خورپه و … هتد، ده‌روونی مرۆڤ نه‌خۆشده‌خه‌ن، له ئه‌نجامیشدا نه‌خۆشییه سایكۆسۆماتییه‌كان ده‌بنه نه‌خۆشیی جه‌سته‌یی وه‌ك نه‌خۆشییه‌كانی به‌رزه فشاری خوێن یان نزمه فشاری خوێن هه‌روه‌ها شه‌كره و دڵ و… هتد، گه‌واهی ئه‌م راستییه‌ش زۆریی ژماره‌ی تووشبووانه به‌و نه‌خۆشییانه‌ی باسی لێوه كرا.
هۆكاری باسكردنی ئه‌م حاڵه‌ته‌ش لێره‌دا مه‌به‌ست لێی ئه‌وه‌یه، له ئه‌ندازه‌ی ژیاندا پێویسته تاك ئاستی پسپۆڕی، توانای مادی و مه‌عنه‌وی و جه‌سته‌یی و ژیری خۆی له‌به‌رچاو بگرێ و به‌راوردی بكات به ئامانجه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی ئامانجه‌كان له تواناكان گه‌وره‌تر یان بچووكتر نه‌بن و ده‌ره‌نجامی به‌ده‌ستهاتووش خاوه‌نه‌كه‌ی تووشی هه‌دمه نه‌كات و نه‌خۆشییه سایكۆسۆماتییه‌كان ده‌ستكه‌وتی كۆتایی بێت .
ئه‌ركی ژن و ئه‌ندازه‌ی ژیان
بۆ ده‌بێ ژن ببه‌ستینه‌وه به ئه‌ندازه‌ی ژیان و پلان و نه‌خشه‌كانی ژیانه‌وه، له‌ڕاستیدا هه‌میشه و له‌هه‌موو كۆمه‌ڵگەیه‌كدا ژن یان به‌دیوه‌كه‌ی تردا دایك داینه‌مۆی به‌ڕێوه‌چوونی خێزانه و زۆربه‌ی ئه‌ركی خێزانی له ئه‌ستۆ گرتووه.
ئه‌وانه‌شی دانپێدانانیان له‌م كه‌یسه‌دا لاوازه و دژه‌ژن و مافی ژنن و ئه‌م بیروڕایه ره‌تده‌كه‌نه‌وه، ده‌توانن به‌راوردێك له‌نێوان ئه‌و دوو خێزانه‌دا بكه‌ن كه له یه‌كێكیاندا دایكه‌كه كۆچیكردووه، له‌وی تریاندا باوكه‌كه، ئه‌نجامه‌كان له‌به‌ر دیده‌دا روونه.
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر به‌راورد له‌نێوان كه‌سایه‌تی ئه‌و منداڵانه بكه‌ین كه دایبابه‌كانیان جیابوونه‌ته‌وه، ده‌بینین ئه‌وانه‌ی لای دایكن كه‌سایه‌تییان دامه‌زراوتر و سته‌یبڵتره و ژیانیان پارێزراوتره له پێچه‌وانه‌كه‌ی، هه‌روه‌ها له‌و خێزانه‌دا كه دایك ئابوورییه‌كه‌ی به‌ڕێوه ده‌بات رێكخراوتره، هه‌ر وه‌ك ئه‌و فه‌رمانگه و به‌ڕێوه‌به‌رێتی و وه‌زاره‌ته‌ی كه ژن به‌ڕێوه‌ی ده‌بات كه زۆر سه‌ركه‌وتووتره له‌وه‌ی پیاوان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن.
له‌راستیدا ئه‌وه سایكۆلۆژیای ژنه كه وایكردووه ئه‌م ئه‌ركه‌ی پێبسپێرێت، كاتێ له ماڵه باواندایه به هاوكاریی دایكی ئه‌ندازه بۆ ژیانی داده‌نرێت كه خۆشی بووه دایك، ئه‌ندازه‌ی ژیانی خۆی و خێزانه‌كه‌ی له‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت.
ئایا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی كه دایكمان دایناوه سه‌ركه‌وتوو بووه؟
گه‌ر راستگۆیانه بدوێین زۆرێك له تاكه‌كان گلەیی و گازا‌نده‌یان سه‌باره‌ت به ئه‌ندازه‌ی ژیانی خۆیان هه‌یه و له‌م رووه‌وه دایك به به‌رپرسیار ده‌زانن، كه‌واته خێره دیسان داواكارین ژنان له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ركه به‌رده‌وام بن ؟
وه‌ڵامه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه دایبابه‌كان دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه په‌روه‌رده‌ی كچان ئاسانتره له په‌روه‌رده‌ی كوڕان، به‌و هۆیه‌ی كچان له به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانیادا ئه‌گه‌ر نابه‌دڵیش بن گوێڕایه‌ڵتر و سه‌لارترن، ئه‌مه‌ش دیسان په‌یوه‌ندی به سایكۆلۆژیای «مێ»وه هه‌یه، هاوكات هه‌ندێ جاریش راسته په‌روه‌رده و پلانی نه‌گونجاو له خێزاندا كه‌سایه‌تی تاك ده‌شێوێنێ كه دواتر ئه‌م شێواندنه واده‌كات هه‌موو «مێیه‌كان» دایكه‌كان له دانانی ئه‌ندازه‌ی ژیانی خێزاندا سه‌ركه‌وتوو نه‌بن به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر «دایك» خۆی له په‌روه‌رده‌یه‌كی ناته‌ندروسته‌وه هاتبێت یان گیرۆده‌ی هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته و پڕۆسه‌ی به كاڵاكردن كرابێ، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی وه‌ك فاكته‌رێكی تری به‌هێز سروشتی مرۆڤ به جۆرێكه كه له‌هه‌ر پۆزشنێكدا بێ، ره‌خنه‌گره.
له لایه‌كی تریشه‌وه یاسا و رێساكانی ژیان و فشاری دابونه‌ریتی رزیو و دواكه‌وتووی كۆمه‌ڵگه و فاكته‌ری ئایین و ئاستی ئابووریی خێزان و زۆریتر نه‌ك تاك بگره هه‌ندێ جار وڵاتیشی به‌ره‌و داڕمان بردووه ، هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌شدار ده‌بن له دانانی ئه‌ندازه‌ی ژیانی تاك و خێزان كه دایك داینه‌مۆكه‌یه‌تی.
له‌م میانه‌یه‌دا پشتگیریی هه‌ندێك له پیاوان «باوان» له‌پێناو ئاینده‌یه‌كی شایسته بۆ تاك و خێزان و نه‌وه‌كانی ئاینده و ته‌نانه‌ت وڵاتیش زه‌روره‌تێكی حه‌تمییه و نادیده و بێ ئه‌رزشی ناكه‌ین وخوازیارین هه‌مووان خاوه‌ن ئه‌ندازه‌ی ژیان بن و پلانی تاك له‌گه‌ڵ خێزان و خێزان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه و حكومه‌ت هاوئاڕاسته بن.
ماردین عەبدولکەریم