چونكە نەخێر فێرنەبووین !

ئەگەر ئێمە بەڵێشمان نەكردبێت ، چونكە فێرنەبووین بڵێین نەخێر ، ئەمڕۆژەمان هێنایەدی ..

سەیرە پێمان وابێت ئەوەی ڕوودەدات پێشینەیەكی مەترسیداری حوكمڕانی كوردایەتی یە . چونكە پێشتر بە قبوڵكردنی لەوە ترسناكتر ئەم جۆرە حوكمڕانیەمان بە نەگوتنی نەخێر و بەبێدەنگی خۆمان دروستكردووە.

– كاتێك بارەگاكانی یەكگرتوویان سوتاند ، هیچمان نەگووت .
– كاتێك لەحەڤدەی شوباتدا خۆپیشاندەرانیان بەر دەستڕێژی گولەدا هیچمان نەگووت .
– كاتێك سەرۆك شەرعیەتی نەما و دووساڵمان بە ناشەرعی بۆ درێژكردەوە ، كاتێك دوو ساڵە ناشەرعیەكەشی بەسەرچوو ، لە ئەنجومەنێكی بێدەستەڵاتەوە ، دەستەڵات درایەوە بە سەرۆك و هیچمان نەگووت .
– كاتێك ڕیفراندۆمیان كردوو حسابی هێندەی سەرپەنجەیەكیان بۆ كەس نەكرد و هەرەسیان هێنا هیچمان نەگووت .
كاتێك دەرگای پارلەمانیان داخست ، حكومەت و پارلەمانیان تەسلیمی بارەگای حیزب كرد ، هیچمان نەگووت .
– كاتێك ڕێگریان لە سەركردە بەزیوەكان كرد و نەیانهێشت بچنە ئەودیو دێگەڵەوە هیچیان نەگوت .
– كاتێك بە فەرمانی لقی قوتابیان زانكۆیان داخست و هەولێریان كردە زیندان هیچمان نەگووت .
– كاتێك حەسانەیان لە پارلەمانتار سەندەوە و فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەركرد ، هیچمان نەگووت .
– كاتێك بە میزاجی خۆیان نەوتیان فرۆشت و لەبەغدا دابڕان و بودجەیان لە هەرێم بڕی هیچمان نەگووت .
– كاتێك سوپای توركیایان هێنایە ناوخاكی هەرێم و لە حەفتا بنكەی سەربازیدا جێگریان كردن ، هیچمان نەگووت .
-كاتێك موچە و قوتی خەڵكیان بڕی و باج و خەراجیان لەسەر زیادكردن ، هیچمان نەگووت .
-كاتێك شەنگالیان تەسلیمی داعش كرد و ئێزیدیەكانیان ئەنفال كرد ، هیچمان نەگووت .
– كاتێك باوك و كوڕ و برازا و ئامۆزا و مناڵەكانیان بوونە سەرۆك و فەرماندە و ڕاعی و خەڵكیان وەك ڕەعیەت حسابكرد ، هیچمان نەگووت ..
ئێمە بە هیچ نەگووتنمان و بە نەخێرنەكردنمان ئەمڕۆژەمان خوڵقاند . بۆیە چاوەڕوانبە سبەی تۆش لەسەر لایك و كۆمێنتێكی سۆسیال میدیا ، نەك شەش ساڵ ، بەدرێژایی تەمەنت لەو زیندانەدابیت كە بەهیچ نەگووتنت بۆخۆت دروستكردووە .

هونەر تۆفیق

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا