یەكێتی وا دەبێت!

لەسەر وتارەكەی هاوڕێ و هەڤاڵ سەمەد زەنگەنە لەسەر چی دەگوزەرێ میرم و پاشانیش وتارێكی دیكەی بەناونیشانی (یەكێتی بون وادەبێت)، چەند سەرنجێكم لا دروست بوو كە پێم باش بوو منیش لەو دەروازەیەوە بیخەمەڕوو.

یەكێتی لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای فرەیی دروست بوە، فرەیی لەسەر ئاستی رێكخراوەیی، لەسەر ئاستی ئایدۆلۆژیش، هەر ئەمەش وای كردوە كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان كاریگەرتر بێت لەناو كۆمەڵ و لەدوای نسكۆیەكی گەورە، هیوا بژێنێتەوەو خۆیشی ببێتە جێی هیوا.

بەڵام نكوڵی لێناكرێت یەكێتی بە تێپەربونی تەمەنی، لە گشت ئەو جیاوازیانە داماڵراوە بە مەبەست بێت یان بەبێ مەبەست، هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵە و شەهیدبونی ئارام دوو گورزی گەورەن لەو جیاوازیانە درا. ئەگەرچی بە هەڵگرتنی دروشمی سۆشیال دیموكرات سەرلەنوێ فكر و بیر لەناو یەكێتی وەك دروشمیش بێت برەوی پێدرایەوە، بەڵام ئەمەش زۆری نەخایاند.( بە رەهایی دەڵێم زۆرینەی زۆری سەركردایەتی و بنكەی جەماوەری یەكێتی دورن لە فەلسەفەی دیموكرات، چ بە رەفتاری سەركردەكان یاخود بە ژیان و بەشداری سیاسی بنكەی جەماوەری و كادران).

منیش هاوڕام لەگەڵ هەڤاڵ سەمەد كە دەڵێت: پشودانی جەنگاوەرانی شاخ و سەرخەوشكاندنی خەباتی شۆڕشگێڕیش عورفێكی شۆڕەكانی دونیایەو بەتێپەڕبوونی تەمەن و پیربونی مرۆڤ و سپاردنی ئەركەكانی بە گەنج و لاوەكانیش سوننەتی حەیاتەو دەبێت جێبەجێبكرێت.

ئەمە یەكێكە لەو خاڵانەی كە یەكێتی تیایدا زیانی كردوە، هەتا كۆنگرەی سێهەم بیری لێ نەكرایەوەو لە كۆنگرەی سێهەمیش بە مەحسوبیت و مەنسوبیەت هەندێك گەنج بەناوی گەنج بەڵام بۆ جێگیر كردنی سوڵتانیەتی شۆرشگێران و تێكۆشەرانی شاخ هێنرانە پێشەوە
لەم كۆنگرەیەی دواییش كە بەناوی نوێبونەوەی یەكێتی بەسترا، بەشێك لە گەنجەكان هاتنە پێشەوە بەڵام من و هەڤاڵ سەمەدیش دەزانین چۆن و بۆچی هێنران، ئەو بەشە نەك هەر دورن لە فكر و مۆراڵی یەكێتی بەڵكو زۆر نەیارن بەو بنەمایانەی كە یەكێتی لەسەر دامەزراوە.
جگە لەوەی كەس نەماوە ئێستا سوچە تاریك و رۆشنەكانی مێژووەكەمان بزانێت تا ببێتە توێشوی ئایندەی حزبەكە.
لەگەڵ ئەوەش هێشتا زۆر ماوە بۆ ئەوەی ئاستی كارایی و كاریگەری سەركردایەتی نوێ هەڵبسەنگێنرێت چونكە ساڵێك بۆ هەڵسەنگاندن زۆر كەمە چجای ئەوەی دۆخەكەش هێندەی تر كاریگەری لەسەر تەواوی حزبەكان، بە یەكێتیشەوە هەبوە، لە نمونەی قەیرانی توندی دارایی و پەتای كۆرۆنا.
بەڵام:
یەكێتی دەتوانێت ئێستا هەندێك هەنگاو بنێت كە بەشێك لە كاریگەریەكانی بەدەست بێنێتەوە، ئەویش بە كاراكردنەوەی میدیاكەی و توندكردنەوەی پەیوەندیەكانی و زیاتر رۆشن كردنی هەڵوێست و بریارەكانی.
یەكێتی ئێستا میدیایەكی كۆڵەواری هەیە، ئەمەش میراتی پێشووە بۆ ئەم سەركردایەتیە ماوەتەوەو ئەمانیش تائێستا بریار و بیركردنەوەیەكی رۆشنیان نیە چۆن مامەڵەی لەگەڵ بكەن و بگرە لێرە و لەوێ دەبیستین كە میدیای جێگرەوە دروست دەبێت لەبری چاك كردنی ئەم كۆڵەواری یە.
لەلایەنی پەیوندیەكان، یەكێتی لەسەر ئاستی حزبی لەگەڵ تەواوی حزبەكان توشی دابران بوە، تەواوی حزبەكان لەگەڵ یەكێتی دور و لە پارتی نزیكن، چ لەسەر ئاستی كوردستان، چ لەسەر ئاستی عێراق و تەنانەت حزبە سۆسیال دیموكراتەكانیش!
لەسەر هەڵوێست و بریارەكان، لە دوای كۆنگرە، هەڵوێستەكان هێندەی چونەتە قاڵبی پۆپۆلیستی و ختوكەدانی رای گشتی و كادرانی یەكێتی ، هێندە بریار و هەڵوێستی كردارەكی نەبون، چۆن:
لە بابەتی زینی وەرتێ، چی كرا و چی گوزەرا؟
لە بابەتی دانانی پارێزگاری كەركوك، چیمان وت و چی ئەبینین ئێستا؟
لە بابەتی دانانی وەزیری دادی عێراق، یەكێتی چی وت و چی روی دا؟
لە بابەتی رەت كردنەوەی بڕینی موچە، هەڵوێستی یەكێتی چی بوو، ئەی لێبڕینی موچە كرا هەڵوێستمان چی یە؟
لەبابەتی ئەگەری كشانەوە لە حكومەت، چی وترا و چی كرا؟

یەكێتی و تەكەتول
پەتای تەكەتول لە رابردوو یەكێتی داڕزاند، جگە لە تەكەتول جیابونەوەشی تێكەوت گۆڕان پاشان هاوپەیمانی، كە بە ویژدانەوە مەگەر ئەنفالەكان هێندەی دروست بونی گۆڕان زیانی لە یەكێتی دابێت، كەچی دەبینین ئێستاش بەشێك لە یەكێتی هەر گۆرانی بە باڵای لەیلای گۆڕأندا دەڵێت.

وەك تریش لە هەڵبژاردنی پێش كۆنگرە بۆ دیاری كردنی ئەندامانی كۆنگرە و پاشانیش هەڵبژاردنی مەكتەبەكان، دیاردەی لیست لیستێنە و تەكەتول نەك هەر كاڵ نەبۆتەوە بەڵكو ئێستا ئێسكیش دەشكێنێت كە ئەگەر چارە نەكرێت یەكێتی بەبێ مام جەلال، بەبێ بەشێك لە سەركردە چارەسەرخوازەكان، روەو خەرەندی زۆر سەختتر هەنگاو دەنێت، دواجار نوێبونەوە نەك نابێتە هۆی گەشانەوەی یەكێتی، بەڵكو ئەو نوزە كەمەی جیاوازی بیر و ڕا كە تیای ماوە رەنگە لە ریشەوە هەڵی بكێشێت و سەرەنجام بە زیانی یەكێتی و یەكێتیەكان دەگەڕێتەوە.

گشت ئەمانەش مەترسین، مەترسی ناخی من و دەیان كادری تر كە لاوازی یەكێتی وەك مەرگی جگەرگۆشەكانمان دەبینین چونكە تەمەنی خۆمان بەو حزبە بەخشیوە بۆ ئەوەی ئایندەیەكی باشتر بۆ خەڵك و لەناویشیاندا بۆ نەوەكانی ئێمە و كەسوكارمان دابین بكات، بۆیە كاتێتی گفتوگۆیەكی جدی بكەین، سەرەنجام هاوكاربین لەوەی یەكێتی باشترلە ئێستا و رابردووش سیاسەت بكات و بریار بدات.

ژوان ئەحمەد سەعید

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا