پارتی لەچی دەترسێت؟

پارتی دیموكراتی كوردستان، بەبێ حیزبە هاوپەیمانەكانی پەنجا زائید یەكی پەرلەمانی بەدەستەوەیە… ئەوەمان زانی پارتی هەرچی بیەوێت دەتوانێت لەپەرلەماندا تێپەڕێنێت و هەرچی حەزیشی پێی نەبێت دەتوانێت رەتی بكاتەوە.

بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە كە پارتی لەپەرلەمانێكی وەهادا، كە زۆرینەكەی هی خۆیەتی و هیچ شتێك بەبێ رەزامەندی ئەوان نابێت بەبڕیار یاخود راسپاردە.

ئەی بۆچی پارتی نایەوێت مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بچێتە پەرلەمان؟ خۆ ئەگەر بشچێت بۆ پەرلەمان لەڕووی یاساییەوە ناتوانرێت متمانەی لێوەربگیرێتەوە؟

ئەم جارەیان دووەم جارە هەوڵ دەدرێت سەرۆكی حكومەت ببرێتە پەرلەمان و تا ئێستاش هەوڵەكان بێئەنجامن.

كەچی پارتی بەیەكگرتووی وتووە خۆتان یەكلا بكەنەوە یا دەبێت واژووەكانتان بۆ بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی بكشێننەوە یا لەحكومەتی خۆجێی دهۆك بكشێنەوە.

هەڵوێستەكەی یەكگرتوو جێگەی دەستخۆشییەو رێگەی دووەمیان هەڵبژاردووە.

پارتی نایەوێت بۆ بچوكترین رەخنەش كە لەسەرۆكی حكومەت بگیرێت رێگە بدات سەرۆكی حكومەت ببرێتە بەردەم پەرلەمان، كە لەرووی عورفی و یاساییەو چوونی مەسرور بارزانی هیچ كێشەیەكی نییەو بگرە دەتوانێت ئەو چوونە بۆ بەرژەوەندی خۆی بشكێنێتەوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك رێگە بەوە نادات سەرۆكی حكومەت بچێتە پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە.

دەگەینە ئەو ئەنجامەی پارتی پەرلەمانێكی دەوێت، كە پەرلەمانتارەكانی سەرقاڵی ستایشی كارەكانی حكومەت بن، نەك پەرلەمانێك پەرلەمانتارەكانی ئەركی راستەقینەی خۆیان جێبەجێبكەن.

ترسانی پارتی لەوە نییە دەتوانرێت لەڕێی پەرلەمانەوە متمانە لەو كابینەیە وەربگیرێتەوە یا نا، بەڵكو پارتی دەیەوێت بۆ ئەبەد پەرلەمانێكی بێدەنگ و بێ كێشە هەبێت.

پەرلەمانێك پەرلەمانتارەكانی وەك ئێستا ببن بەپەیامنێری لاپەڕەكانی خۆیان لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بوك.

پارتی نایەوێت لەو خولەی پەرلەماندا بۆ یەكجاریش بێت پەرلەمان بەئەركی خۆی هەڵبستێت!

ئیبراهیم عەلی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا