بیرەوەری و جوانگۆیی

لەسەر كوردبوونەكەی حەمەی مەولودیم نووسی، ئەو كتێبە جوانییەكەی لەوەدایە كە نە خۆی بە پاڵەوان دەكات، نە تیفتیفەی خۆی دەدات، بەپێچەوانەی بیرەوەرییەكانی بەشی زۆری سەركردەكانی باشوور، لیپە لەخۆ بەپاڵەوانكردن و ئەوانی تر بەشەیتانكردن، مرۆڤ كە بیرەوەریی بەشێك لەوان دەخوێنێتەوە لەبری شانازی، شەرم دەكات كە بەناو شۆڕشگێڕەكانی، ئەو هەموو ناشرینییە دەرهەق بە یەكتر دەڵێن، بەشی هەرە گرنگ لە بیرەوەری، جوانگۆییە، جوانگۆیی و راستگۆیی، دوو خاڵی گرنگی گێڕانەوەن، لەبەرامبەر هەر نەرێنییەكدا، سەدان ئەرێنی هەیە، كەچی بایەخدان بە نەرێنی و هەروەها ناشیرینكردنی مێژوو بەشێكە لە خودشكێنی، خۆ كوردبوون دەیان نەرێنی دۆخی كوردی تێدایە، بەڵام چونكە راستگۆیانە و شكۆمەندانە نووسراوە، مرۆڤ وەك جوانگۆیی سەیری دەكات.

شێوازی باسكردنەكان زیاتر ئەدەبیانە نووسراون

لەم رۆژانەدا كتێبـی (درەوشانەوەی مێژوو)ی عیماد ئەحمەد-م خوێندەوە، كتێبەكە لە پێنج بەشدا قسە لەسەر زۆر بابەت و كەسایەتی و رووداو دەكات، لای من ئەو وەفادارییە بەرامبەر هاوڕێ‌، كەس و خاڵ، دایك، هاوبیروباوەڕ، كە عیماد ئەحمەد لە كتێبەكەیدا دەریبڕیوە، بەشێكە لە ئاكار، بەڵام لەوانە گرنگتر سێ بەشی چیرۆكێك لە جەلەوە بەشێوەیەكی ئەدەبی و زۆر جوانگۆیانە باس لە خۆی و چەند كەسێتییەكی خانەقین دەكات، جەلەوە گەڕەكێكە لە خانەقین، شارەكەی عیماد ئەحمەد، لەو گەڕەكە مام نەزەر و خاڵۆ جاسم و سالم نەجم كەریم، پاڵەوانی سێ‌ چیرۆكەكەی عیماد ئەحمەدن، كە دەبوو درێژەی پێبدایە و هەرجارە و باسی كەسێتییەكی ئەو گەڕەكەی كردبا، شێوازی باسكردنەكان كەمتر لە داڕشتنی ئاسایی دەچن و زیاتر ئەدەبیانە نووسراون، ئەوەتا كە باسی عیدان، یەك لە سێ‌ كوڕەكەی مام جاسم دەكات، بەمجۆرە بە وشە وێنەی دەكێشێت “عیدان شێوەی لە باپیرەی (شەهابە شەل) دەچوو، قژ رەش و شێواو، چاوڕەش، تۆزێ‌ خێل و برۆ ئەستوور و برژانگ درێژ و لووت قنج و پان، دەم و لێو ئەستوور و دان سپی و ملدرێژ و شان پان و باڵابەرز لەگەڵ منداڵانی گەڕەك نەدەژیا و پیاوانیش رازی نەدەبوون بچێتە ناویان، سەرەنجام وایلێهاتبوو بەتەنیا بژی”، ئەم وێنەیە پێمان دەڵێت ئەگەر عیماد ئەحمەد كەمێك لەگەڵ جەلەوە و كارەكتەرەكانی، خۆی ماندووكردبا، كتێبێكی بیرەوەریی زۆر دانسقە و ئەدەبیانە دەكەوتە بەردەستی خوێنەر.

نیشاندانی جەلەوە و ژیانی خانەقین

لە كتێبەكەدا چیرۆكی مەرگی باوكی، منداڵیی خۆی، باسی خاڵی، باسی ئێش و ئازاری دایكی، هەموو ئەوانە مایەی هەڵوەستە و رامانن، لەڕاستیدا ئەگەر عیماد ئەحمەد ئەم كتێبەی تەنها بۆ خانەقین و خۆیان تەرخانبكردایە و دەستی بۆ هەندێك بابەتی تر نەبردبا، دەكرا لە تەك كوردبوونەكەی حەمەی مەولودیدا، بە دوو كتێبـی زۆر دانسقەی نێو كتێبخانەی كوردی چاویان لێبكرایە، چونكە جگە لە كوردناسی و قسە لە كورد كردن، لەڕووی كۆمەڵناسیشەوە دەكرا هەڵوەستەی زۆریان لە سەر بكرایە، حەمە وێنەیەكی زۆر روون و دیاری ئەو رۆژگارەی كوردستان و شاری مهابادمان بۆ دەگێڕێتەوە، باسی كۆمەڵی ئەو رۆژگارە، پرسی ژن، چەتەیی و پیاوەتی و جوامێری، دەستبڕین و هاوكاری دەكات و دەڵێت: ئەمە كوردە، بەڵام دیسان لایەنی جوانگۆیی و جوانوێژیی ئەوەندە بەرزە، نەرێنییەكانیش ئاسایی دەبینرێن، عیماد ئەحمەد-یش لە نیشاندانی خانەقین و جەلەوە و ژیانی خانەقیندا، هەمان وێنەمان بۆ دەكێشێت.

راستگۆیانە باسی زۆر كەسایەتی و رووداوی جیاجیا دەكات

بەشی یەكەم و دووەمی (درەوشانەوەی مێژوو)ی عیماد ئەحمەد، دوو بەشە گرنگەكەی خانەقین و نیشاندانی رۆژگاری خانەقین و كوردایەتیی ئەو شارەن، بەشەكانی دیكەش بایەخ و ئەرێنی خۆیان هەیە.
لە بەشەكانی دیكەشدا، زۆر راستگۆیانە باسی زۆر كەسایەتی و رووداوی جیاجیا دەكات و هەڵوەستە لەسەر ناوگەلی جیا دەكات و رووی گەشی ئەوانە نیشاندەدات كە رۆژگارێك لەنزیكەوە لەگەڵیان بووە و لەگەڵیان ژیاوە و لەگەڵیان سیاسەتی كردووە.

كتێبەكە، هەڵدەگرێت قسەی زیاتری لەبارەوە بكرێت، هیوام وایە عیماد ئەحمەد بگەڕێتەوە لای جەلەوە و خانەقین و خاسوخراوی ئەو دیرۆكە و رووداوەكان بگێڕێتەوە.

لەتیف فاتیح فەرەج

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا