شاهین دەبێتە كاك دارای كەشناسی بۆ مۆكوكۆ

پۆڵەتیك: سپۆڕت
نوری شاهینی توركی گەوهەرە لە دەستچووەكەی پێشووی یانەی بروسیا دۆترمۆندی ئەڵمانی كە ئێستا لە یانەی بۆرسا سپۆڕی توركی گیرساوەتەوە ئامۆژگاری یوسوفا مۆكوكۆی یاریزانی لاوی ئەڵمانی بە نەژاد كامیرۆنی دەكات كە ئاگاداری ژیانی وەرزشی خۆی ببێت و وەك كاك دارای حەفیدی خۆمان لێی دەبێتە خوێنەری كەش ناسی و پێی دەڵێت: (وا خۆرت هەڵدێت و ئاسمان ساف و بێ‌ بارانە، بەڵام ڕۆژانێك دێتە پێش باو بۆران و ڕەشەبایەكی توند و كاولكار لە ژیانی وەرزشیت دەدات خۆشت نازانیت چیت بە سەر دێت).

بڕیارە شەوی شەممەی داهاتوو بۆ یەكەم جار مۆكوكۆ لەگەڵ تیپی یەكەمی بروسیا دۆرتمۆند بەشداری بكات لە بۆندزلیگادا بەرامبەر بە یانەی هێرتا بەرلین كە ئەمەش دوای بڕیاری لیژنەی پێشبڕكێكانی یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا هات كە ئەو یاریزانە تازە پێگەیشتووەی تیپی دووەمی دۆرتمۆند ڕێگەی پێ‌ بدرێت یاری بكات بۆ یانە پلە یەكەكەی بەمەش مۆكوكۆ ژمارە پێوانەییەكەی نوری شاهین دەشكێنێت هەر بۆیە یاریزانە ئەڵمانە بە نەژاد توركەكە ئامۆژگاری ئەو یاریزانە مێرد منداڵە دەكات كە خەڵكی باش لە دەوری بێت و ڕاوێژ بە كەسی باس بكات تا هەڵەكەی ئەو نەكاتەوە كە لە تەمەنی 22 ساڵی دا دۆرتمۆندی بەرەو ڕیاڵ مەدرید جێهێشت ئیتر لە دوای ئەوەوە ژیانی وەرزشی ئەو لە ژیانی ئەستێرەیەكەوە بۆ یاریزانێكی ئاسایی دابەزی و هەموو شتێكی لە دەستچوو لە خەونی تۆپێ‌ پێ‌ و ئێستاش تەمەنی 32 ساڵە و لە ئەنتاڵیا سپۆڕە هەر بۆیە داوا لە یوسوفا دەكات ئاگاداری خۆی و داهاتووی بێت گێژاوی ڕۆژنامەكان نغرۆی نەكەن و خۆگر بێت لە بەردەم باوبۆرانی تۆپی پێدا.

لای خۆشییەوە ئیمریك هالاندی نەرویژی ئەستێرە لاوەكەی تری یانەی بروسیا دۆرتمۆند كە مۆكوكۆ دەبێتە ڕكابەری لە هێڵی هێرشبردنی یانەكەدا ڕایگەیاند: (كەس وەك ئەو نییە ئەوەتا لە تەمەنێكدا دێتە تیپی پلە یەكی یانەكە شتێكی نەبینراوە لە ڕابردوودا لە تەمەنی ئەودا من لە ماڵەوە بۆ فێرگەكەمان دەچووم لە شاری برینەی نەرویژی ئیتر چۆن خۆمی پێ‌ بشوبهێنم كەس بەو ناشوبهێنرێت لەو تەمەنەدا میسی نەبێت).

لە كۆتاییشدا ساموێل ئیتۆ فیسی ئەفسانەی تۆپی پێی وڵاتی كامیرۆن و هاونیشتمانی یوسوفا لە بارەی ئەو گەوهەرە نوێیەی تۆپی پێوە بە ڕۆژنامەی كیكەرزی ڕاگەیاند: (بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی شەوی شەممەی داهاتوو دەكەم بۆ بینینی مۆكوكۆ لە یاری نێوان دۆرتمۆند و هێرتا بەرلین دا ئەو نوێترین یاریزانی مەزنی لاوە كە جیهانی تۆپی پێ‌ پاش میسی بە هۆیەوە دەبینێت بۆیە بە هیوام هەر وەك ئەو مەزن و ناوازە بە دەربكەوێت و چێژی لیۆمان پێشكەش بكاتەوە لەگەڵ دۆرتمۆند، چونكە ئەو یانەیە ژینگەیەكی لە بارە بۆ برەودان بە بەهرەی لاوانی وەك ئەو).

جێی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بكرێت كە 20 ی ئەم مانگە مۆكوكۆ تەمەنی دەبێتە 16 ساڵ و لەگەڵ بروسیا دۆرتمۆندی گەورە یەكەم یاری خۆی ئەنجام دەدات پاش ئەوەی لە ڕیزی پلە دووەكانی ئەو یانەیەدا 13 گۆڵی تۆمار كرد لە تەنها 4 یاری دا لەو نێوەندەشدا 3 هاتریك.

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا