نامەیەكی كراوە بۆ بەڕێز جەنابی كاك مەسعود بارزانی

بەهیوای كامەرانیتانم
بەڕێز بارزانی، دەمەوێ‌ وتەیەكی بەهەشتی مەلا مستەفاتان بەیاد بهێنمەوە كە لە كۆتاییەكانی تەمەنیدا كاتێ‌ رووبەڕووی ئەو پرسیارەیان كردۆتەوە بۆچی رێگەتدا شەڕ لەنێوانی شۆڕش و حكومەتی عیراقی دروست بێتەوە؟ بەو جۆرە وەڵامی داوەتەوە (خا عەلیمە من قینم لەشەڕ دەبێتەوە، چونكە شەڕ خراپترین رێگایە بۆ چارەسەركردنی هەر كێشەیەك. بەڵام بەعس هیچ رێگەیەكی لەبەردەممان نەهێشتبووەوە جگە لە دەستبەرداربوونی كەركوك بۆیان، منیش بڕیارمدا ئەو رێگەیە هەڵبژێرین ئەگەر هەمووشمان تیا بچین، چونكە نەمدەویست سبەی كە مردم خەڵك بەتەنیشتی گۆڕەكەمدا بڕۆن و نەفرەتم لێبكەن بڵێن بۆچی دەستبەرداری كەركوك بوویت ).

بەڕێز كاك مەسعود دەزانم نیگەرانی لە جموجۆڵ و پەلهاویشتنەكانی پەكەكە بۆ ناو قوڵایی باشوری كوردستان، ئەوەش دەزانم كە رۆژ لەدوای رۆژ جوگرافیاكەی ئێوە بەو هۆیەوە بەرتەسكتر دەبێتەوە. مەعلومیشە كە هەندێ‌ ناوچەكانی بادینان تەنها شەقامە سەرەكییەكان بەدەستی حكومەت و قەڵەمڕەویی ئێوەوە ماوەتەوە. هەموو جیهانیش چاویان لە لەشكركێشییەكانی سوپای توركیا هەیە بە شوێنی گەریلاكانی پەكەكەوە. ئەردۆگانیش نەك نەیشاردۆتەوە بە روون و راشكاوانە دەیڵێت پەكەكە لەكوێبن بۆیان دەچین و تازەترین لێدوانیشی ئەوەبوو كە دەڵێت لەهەر شوێنێكیش خوێنی سەربازێكمان برژێت ئەوێ‌ خاكی ئێمەیە. تواناو ئاستی تەكنەلۆژیای سەربازیی توركیا و نابەرانبەری هێز لەگەڵ پەكەكە، ئەگەر پێش بەشەڕ نەگیرێت دەرئەنجامەكەی بۆ هەموو لایەك روونە. لەوەش رونتر ئەوەیە كە توركیاو ئێران نایانەوێ‌ كوردستان سەقامگیربێ‌، لەدوای دانانی بنكەی دژەموشەكو بنكەی سەربازی ئەمریكاشەوە لە هەولێر، ئێران خوازیاری هەلومەرجێكە بە ئەمریكا بڵێت لە هەرێمیش جێت نابێتەوە. هەموو ئەمانە ئەوە دەهێنن هەڵوەستەی جدییان لەبارەوە بكرێت و بەدوای رێگاچارەیەكدا بگەڕێین كە رێگە لە داگیركاریی و وێرانبوونی هەرێمەكەمان بگرێت. بەڵام وەك بەهەشتی مەلا مستەفا فەرمویەتی شەڕ خراپترین رێگایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. هێشتا رێگەی تر ماوە بۆ ئەوەی بیر لەوە نەكرێتەوە رێگەی شەڕ بگیرێتەبەر. بەڵام ئەو رەوشەی ئێستا لە باشوری كوردستان دەگوزەرێت رۆژ لەدوای رۆژ لە چركەساتی دەستپێكردنی شەڕی نێوان براكان نزیكترمان دەكاتەوە. تۆ نابێت هیچ ئەوەت بیر بچێتەوە لەژێر فەرمان و سەركردایەتی جەنابتان بۆ یەكەمینجار لەمێژوویی میللەتی ئێمەدا لەشەڕی رووبەڕووبونەوەی تیرۆری داعش و بۆ پاراستنی جوگرافیای باشوری كوردستان لەیەك سەنگەردا خوێنی رۆڵەی هەر چوارپارچەی كوردستان تێكەڵ بەیەك بوون. گەریلایەكی ئامەد و پێشمەرگەیەكی هەولێر و شەرڤانێكی قامیشلۆ و شۆڕەسوارێكی مهاباد بەیەك گووللە تۆپی داعش و لەناو یەك سەنگەردا پێكەوە شەهید بوون، دەبێت ئەم شانازییەتان بە پارێزراویی لەمێژوودا بهێڵننەوە. دەبێت هەر خۆشت پارێزەری ئەوەبیت نەهێڵیت ئەم گیانبازانەی نیشتمان ئەم هەموو كچ و كوڕە گیانفیدایەی كوردستان دەستبخەنە خوێنی یەكترییەوە.

هێشتا لە زهنیەت و لەپێشچاوی جیهان وێنای تۆ ئەو سەركردەیەیە كە سەركردایەتی مەیدانی جەنگی داعشی كرد، ئەو جەنگەی جیهان بە مەترسی بۆ سەر مرۆڤایەتی وێنایان كردبوو. بەهیچ جۆرێك نابێت لەدوای ئەم ناو و ناوبانگە رێگا بدەیت ئەم وێنایا بگۆڕێت و سبەی بەو جۆرە بچیتە مێژووەوە بڵێن سەركردایەتی جەنگی براكانی كرد. كاك مەسعود مێژووی سەركردە گەورەكانی جیهان بریتییە لە هەڵوێستەكانیان. لە دیرۆكی میللەتی ئێمەدا كەمن ئەو سەركردانەی بەو جۆرە چوونەتە مێژووەوە كە خاوەن هەڵوێستی خۆیان بوون و وابەستەی دەوڵەتان نەبووبن. تۆ لە گشتپرسی سەربەخۆییدا ئەوەشت بۆ هەموو دونیا سەلماند جگە لە پیاوی میللەتەكەی خۆت پیاوی كەسێك نەبوویت. فەلسەفەیەكی چەسپاو هەیە دەڵێت (بەدەستهێنانی دەستكەوت چەند گرنگە، پارستنی گرنگترە). ئەم هەڵوێستانەی ئێوە بۆ ناو مێژوو مانەوەیان وەك سەروەریی و شانازیی بۆ نەوەكانی داهاتوو ئەوەتان لێدەخوازێت لە ئاستی رووداو و پێشهاتەكانی ئێستاو داهاتوودا بەدڵێكی زۆر كراوەترەوە بەرەو رووی هەموو كێشەكان بچیت.

ئێوە لە تازەترین كتێبتاندا بۆ مێژوو، ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ دەكەیت كە بایدن لە ئەمریكا پێی وتویت لەسەردەمی من و تۆدا سەربەخۆیی كوردستان دەبینین. ئەم رۆژانەی ئەم نامەیە بۆ جەنابتان دەنێرم و مەترسی هەڵگیرساندنی شەڕی كورد بە كورد دەكرێت، جۆ بایدن بەرەو كۆشكی سپی بەڕێوەیە. هیچ گومانێكیش لەوەدا نییە بە چوونی بایدن هاوكێشەكانی ناوچەكەی ئێمەش دەگۆڕێن، ئەو هەژمون و پەلهاویشتنانەی توركیا بۆ باشور و رۆژئاوای كوردستان و بۆ لیبیا و دەستوەردانەكانی لە شەڕی جۆرجیا و ئەرمینیا و هەڕەشەكانی بۆ ئەوروپا و دەرودراوسێكانی، بەهۆی پەیوەندییە كەسییەكانی نێوان ئەردۆگان و ترامپەوە بوو، چاوپۆشی ئەمریكا لە شەڕفرۆشتنەكانی توركیا لەبەر بڕیارە تاكڕەوییەكانی ترامپ بوو. بە هاتنی بایدن زۆرشت پێچەوانە دەبنەوە. ئەو گوشارانەی ئەمریكا لەسەر ئێران رەنگە ئاقارێكی تر بگرن و ئێران بە هێزێكی كاریگەرترەوە بهێننەوە ناو هاوكێشەكان. پێویستە ئەمانە لەبەرچاو بگیرێن و چاوەڕێی زەمەن بكەین رەنگە زۆر رووداو بە قازانجی ئێمە بگۆڕێت. دابەزینی بەهای دراوی توركی، لاوازبوونی پێگەی ئەردۆگان و جیابوونەوە یەك لەدوای یەكەكانی ناو حیزبەكەی، ئەگەری كراوەن بۆ گۆڕینی هاوكێشەكانی ناو توركیا و كێ‌ ناڵێت دوای دوو ساڵیتر دۆخی توركیا بەجۆرێك نابێت پەكەكە بچێتەوە ناو باكوری كوردستان؟

ئەوەی لە ئێستایا گرنگە دورخستنەوەی مەترسی شەڕی نێوان كوردەكانە ئیتر لە هەر حیزب و بەرەو پارچەیەكی كوردستان بن. راستە كورد دەڵێت چەپڵە بەدەستێك لێنادرێت، ئەگەر شەڕ پێویستی بە تەنها كەسێك بێت بۆ هەڵگیرساندنی، بەڵام ئاشتی پێویستە بە دوو كەسە. بۆ چەسپاندنی ئاشتیش وەك بەرپرسیارێتییەكی دوو لایەنە دەبێت پەكەكەش ئەو راستیانە لەبەرچاو بگرێت و ئەویش بەهەمان ئەندازەی بەرپرسیارێتی ئێوە، لە خەمی دورخستنەوەی ئاگری شەڕدابن. بەڵام جەنابتان دەتوانن رۆڵی لەوە گەورەتر بگێڕن و دڵنیایی ئەوە دەستەبەر بكەن كە ئەگەر چارەسەری كێشەكانیش ئێستا ئاسان نەبن، بەڵام رێگەی ئاسان بۆ دواخستنیان بدۆزنەوە.

بەڕێز كاك مەسعود ئێستا كاتی موبادەرەی كۆنگرەی نەتەوەییە، خۆ ئەگەر بووترێت چۆن لەدۆخی مەترسیداری وادا دەرفەتی ئەو لێكگەیشتنە دروست دەبێت؟ ئەوە دەبێت ئەو راستیە لەبەرچاو بگرین كە كورد رێك و تەبابن، كۆنگرەیی نەتەوەییمان بۆچییە. ئامانج لە كۆنگرەی نەتەوەیی بۆ دۆزینەوەی ئەو رێگایانەیە كە بەرەو تەبایی و برایەتی دەمانبەن. دەبێت كۆنگرەیی نەتەوەیی ئامانج و شێوازی خەبات و جوگرافیای تێكۆشانی هەر بزوتنەوەیەكی پارچە جیاجیاكان و جۆری هەماهەنگی و هاوخەباتی نێوان پارچەكانی كوردستان دیاری بكات. موبادەرەیەكی لەم شێوەیە دەتوانێ‌ تارمایی شەڕ و مەترسیی بەریەككەوتن دوربخاتەوە.

میللەتەكەمان لە رابردوودا قوربانی زۆری بەخشیووە، ئازارو مەینەتی و ماڵوێرانی زۆری بەسەر هاتووە، ئێستاش بەهۆی ناسەقامگیریی ئابوریی، خەڵك لە دۆخێكی دەروونی زۆر خراپدا دەژین، ناكرێت بەو حاڵەشەوە دودڵ و نیگەرانی مەترسییەكی تری ماڵوێرانكەر بكەن. بۆیە دڵنیابە خەڵكی كوردستان و تێكۆشەرانی رێبازی راستەقینەی كوردایەتی لەهەر حیزب و پارچەیەكی كوردستان بن، چاوی ئومێدیان لە هەنگاو بڕیاری ئێوەیە دڵنیایی ئەوەیان بۆ دروست بێت كە لانی كەم براكان دەستیان ناچێتە خوێنی یەكتری.

عارف قوربانی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا