گفتوگۆ و دانووستان یان شەڕێكی دۆڕاو؟

 

رێككەوتننامەكەی نێوان حكومەتەكانی عێراق و هەرێم لەبارەی شنگال، دۆخێكی نوێی مەرجداری بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان هێناوەتە ئاراوە كە لە ناوەڕۆكیدا بەرژەوەندییەكانی توركیا بەدیدەكرێن.

 

ئەو لێكتێگەیشتنەی بەرەنگاربوونەوە و قوربانی بەیەكەوەیی لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤانان دروستی كردبوو بۆ لەناوبردنی دوژمنە هاوبەشەكە (داعش) لە هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان، خەریكە رەوایەتیدان بەشەڕ و “شەڕی كورد لەگەڵ كورد” دەیگەڕێنێتەوە بۆ خراپتر لە خاڵی سفر.

 

بۆیە گرنگە،

1-پارتی دیموكرات و پارتی كرێكاران شەڕی راگەیاندن و ناوزڕاندن و دەنگ بەرزكردنەوەی دژ بە یەكتری بوەستێنن.

 

2-پارتی كرێكاران و پارتی دیموكرات رێگای گفتوگۆ و دانووستانی ئاشكرا یان نهێنی لە ناو كوردستان و دەرەوەی كوردستان بگرنەبەر، لەپێناو تێپەڕاندنی كێشە و ئاڵۆزییەكانی نێوانیان و گەیشتنە چارەسەرنامەیەكی ئاشتیانە.

 

3-پارتی دیموكرات دەستبەرداری خواستی شەڕ بێت بەناوی دامودەزگا شەرعییەكانی هەرێم و خەڵكی كوردستان، چونكە ئەمە دووبارەكردنەوەی هەمان ئامرازی جاڕدانی شەڕ و رەوایەتیدانە پێی، كە لە ساڵانی نەوەدەكانەوە وەك تاوانێكی نەبڕاوە لە نێوان پارتی و یەكێتی دروست بوو و تا ئێستا درێژەی هەیە.

 

3-پارتی كرێكاران بە دەستپێكردن بە دانووستان و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراق بگاتە لێكتێگەیشتنی نوێ لەبارەی دوایین رێككەوتنی شنگال.

 

4-دەستبەرداربوونی دوو لایەنە ركابەرەكە لە هەر چالاكییەكی سیاسی و سەربازی دژ بە یەك كە ئاستی ئاڵۆزییەكان زیاتر دەكات.

 

5-نەچوونە ژێرباری هیچ رێككەوتنێكی هەرێمی (ئێران و توركیا) دژ بە كورد لە هەر بەشێكی كوردستان بێت.

 

6-پێویستە تەواوی حیزبە چەكدار و لایەنە سەربازییەكان لەناوچە مەدەنییەكان بكشێنەوە و بانگەواز و خەباتی سیاسییان بۆ وەدەرنانی وڵاتانی داگیركەربێت لە هەرێمی كوردستان.

 

7-پارتە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستان لەپێناو ئاشتی و پاراستنی كوردستان، خەباتی مەدەنی و سیاسی بخەنەكار و رێگری لە شەڕی بە وەكالەت بكەن.

 

بە پێچەوانەوە هەر بەرەنگاربوونەوەیەكی چەكداری دەبێتە ئەنجامدانی شەرێكی دۆڕاو و داڕومانی زیاتری دارایی هەرێمی كوردستان، هاوكات لە دەستدانی ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییە كەمەی كە لەدوای “ریفراندۆم” بۆ هەرێمی كوردستان ماوە بە تایبەت لە رووی مەشق و راهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە و یەكپێگرتنەوەی هێزەكان، ئەمە جگە لەوەی مەودای شەڕ لەنێوان پارتە سیاسییەكانی هەرێم فراوانتر دەكات‌ و بەشێوەیەكی رەها هەرێمی كوردستان دەكاتە ژێردەستەی وڵاتی توركیا.

 

نیاز عەبدوڵڵا

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا