ئەسڵی كێشەی موسڵمانان چییە لەفەڕەنسا؟

لەچەند ڕۆژی رابردوو، دوای وتارێكی سەرۆك كۆماری فەرەنسا، لەوڵاتانی ئیسلامی كاردانەوەی گەورە دروست بوو. بەشێك لەموسڵمانان قسەكانی ماكرۆن بەهێرش بۆ سەر ئێسلام و خودی پێغەمبەری موسڵمانان وێنەی دەكەن. بابەتی كاریكاتێرو هێرش بۆ سەر رەمزەكانی موسڵمانان لەفەرەنسا شتێكی نوێ نییەو تا ڕاددەیەك رەگێكی مێژوویی هەیە. بەڵام بۆچی ئەمجارەیان لەبەرامبەر ئەو هێرش و قسانەدا كاردانەوەكان فراوانتر بوون؟ ئایا چ پەیوەندییەكان لەنێوان فراوانبوونی كاردانەوەكان و كێشە بنەڕەتییەكانی نێوان فەرەنسا و توركیا هەیە؟

ئایا قسەكانی ماكڕۆن ئێستا مەترسییان زیاتر بوو یا ئەو پڕۆژە یاسایەی ماكڕۆن هەیەتی بۆ فەرەنسا؟ بۆچی خەڵك كاردانەوەی هەیە بۆ كۆمەڵێك قسە كە هیچ كاریگەرییەكی نییە لەسەر پێگەی پێغەمبەر درودی خوی لێ بێت بەڵام ئەم پڕۆژە یاسایەی ماكرۆن مەترسی زۆر زیاترە بۆ موسڵمانانی فەڕەنسا، بەڵام هیچ كەسێك باسی ئەو پڕۆژە یاسایە ناكات؟

ئایا ئەردۆگان دەیانەوێت فشارەكانی زیاتر بكات بۆ ئەوەی فەڕەنساو وڵاتانی ئەوروپی رێگر نەبن لەپڕۆژەكانی ئەردۆگان لەبارەی وزەوە؟ ئایا ئەگەر فەڕەنسا رێگر نەبوایە لەبەردەم پڕۆژەكانی ئەردۆگان، كاردانەوەكان بەو فراوانییە دەبوون؟ ئەم پرسیارانە خوێنەر دەتوانێت خۆی لێڪدانەوەی بۆی هەبێت.

لەو كورتە وتارەدا هەوڵ دەدەم باس لەكێشە بنەڕەتییەكانی ماكرۆن بكەم لەگەڵ جالیەی ئیسلامی و مەبەست و پلانەكانی ماكڕۆن لەو كورتە وتارەدا دەخەمەڕوو. بۆ ئەوەی دوای قەرەباڵغی نەكەوین و دوای هەبوونی زانیاری ئینجا بڕیار لەسەر كێشەو ململانێكان بدەین.

بەهۆی ئەوەی هاوڕێ و هاوپیشەی خۆشەویستم هەڵگورد سەمەد لەپاریسی پایتەختی فەرەنسا دەژی.

هەڵگورد ڕۆژنامەنوسێكی خوێندەوارو بەئاگایەو تا ڕاددەیەك ئاگاداری جوڵەی كاربەدەستەكانی فەڕەنسایە. بۆیە چەند جارێك قسەم لەگەڵی كرد بۆ ئەوەی كوێڕانەو بەبێ زانیاری قسە لەسەر هێرشەكانی ماكڕۆن نەكەم.
ماكڕۆن لەزۆربەی وتارەكانیدا خۆی لەوە نەداوە ڕاستەوخۆ هێرش بكاتە سەر موسڵمانان، بەڵكو ئەو زیاتر باسی لەئیسلامی سیاسی كردووەو بەتایبەت رەوتە جیهادییەكان كە لەفەڕەنسا لەگەشەكردنێكی بێ وێنەدان. كە بەبڕوای ماكڕۆن سەلەفییە جیهادییەكان سوودییان لەیاساكانی فەڕەنسا بینیووەو كەلێنە یاساییەكانی فەڕەنسا وایكردووە كە فەرەنسا ببێتە لانەی گەشەكردنی سەلەفییە جیهادییەكان لەتەواوی ئەوروپادا.

ماكڕۆن بابەتی پەروەردەو فێركردن بەكێشەی بنەڕەتی جالیەی ئیسلامی دەزانێت لەفەڕەنسا. چونكە بەپێی یاسا خێزانەكان بەهۆی چەندین هۆكاری جیاوازەوە دەتوانن منداڵەكانیان نەنێرن بۆ قوتایخانەكانی فەڕەنساو لەماڵەوە لەرێی مامۆستای تایبەتەوە وانەكان بخوێنن و پاشان بەشداری تاقیكردنەوەكان بكەن.

بەپشت بەستن بەم دەقە یاساییە، بەشی زۆری خێزانە موسڵمانەكان منداڵەكانیان نانێرنە قوتابخانەكانی فەڕەنسا، بەڵكو لەماڵەوە مامۆستای تایبەتیان بۆ دەگرن. بەمەش ئەو خێزانانە لەڕووی پەروەردەییەوە منداڵەكانیان بەدوور دەگرن لەوەی تێكەڵی كۆمەڵگەی فەرەنسی ببن. بۆیە ئێستا ماكڕۆن ئەم كەلێنە یاساییە بەهۆكاری گەشەكردنی سەلەفییە جیهادییەكان دەزانێت لەفەڕەنسا. بۆیە دەبینین زۆرجار نەوەی نوێی سەلەفییە جیهادییەكان زۆر لەباب و باپیرانیان توندڕەوترن.

ئێستا لەنێو فەڕەنسادا جالیەی ئیسلامی جگە لەوەی بەشێوەیەكی فراوان لەگەشەكردندایە، بەهەمان شێوە توانیویانە پارێزگاری لەداب و نەریتەكانی خۆیان بكەن و بەهیچ شێوەیەك تێكەڵی كۆمەڵگەی فەڕەنسی نەبوون. لەزۆر شوێن گەڕەكی تایبەت بەخۆیان هەیەو بەشی زۆری منداڵە موسڵمانەكان بۆ تەواوكردنی زانكۆ و بەدەستهێنانی بڕوانامە لەسەر زانستە شەرعییەكان دەگەڕێنەوە وڵاتە ئیسلامییەكان.

بۆیە ئێستا ماكڕۆن پڕۆژە یاسایەكی ئامادەكردووە بەناوی ڕووبەڕوو بونەوەی جیاخوازی. مەبەستی ماكڕۆن لەو پڕۆژە یاسایە ئەوەیە بەیاسا رێگری بكات لەو كەسانەی خۆیان جیا دەكەنەوە لەكۆمەڵگەی فەڕەنسی. واتا لەو یاسایەدا چیدیكە ڕێگە بەوە نادرێت هیچ منداڵێك لەماڵەوە دەرس بخوێنێت. بەڵكو دەبێت هەموو منداڵێك بەئیجباری بنێردرێتە قوتابخانە. پڕۆژە یاساكەی ماكڕۆن پڕۆژەیەكی فراوانە واتا تەواوی ئاین و ئاینزاكان دەگرێتەوە كەبیانەوێت خۆیان جیا بكەنەوە لەكۆمەڵگەی فەڕەنسی. دووریش نییە مەبەستی سەرەكی ماكڕۆن تەنیا جیاكارییەكانی ئیسلامییەكان بێت.

لەبەشێكی گەڕەكەكانی فەڕەنسا ئێستا موسڵمانەكان خۆیان بەجۆرێك لەجۆرەكان حوكمی خۆیان دەكەن. لەبری یاسا مەدەنییەكانی فەڕەنسا بەپێی شەریعەتی ئیسلام ئیدارەی خۆیان دەكەن. ئەمەش لای حكومەتی فەڕەنسی بەهەموو شێوەیەك رەفزەو دەیانەوێت بەهەر نرخێك بێت كۆتایی بەمۆخە بهێنن.

ماكڕۆن دەیەوێت تەواوی ئەو رێكخراوە ئیسلامییانە دابخات كەدایك و باوكی منداڵان هان دەدەن منداڵەكانیان نەنێرنە قوتابخانەو هەموو ئەو كەسانەش لەمزگەوتەكانی فەڕەنسا دوور بخەنەوە كە لەمزگەوتەكانەوە ئەو جۆرە بیركردنەوانە بڵاو دەكەنەوە تا ئەو ڕاددەیەی ئەگەر ئەو بڕیارانە سەر بكێشن بۆ داخستنی كۆمەڵێك مزگەوتیش. بەپێی ئەم یاسایە ماكڕۆن دەیەوێت لەساڵی داهاتووەوە هیچ منداڵێكی موسڵمان نەمێنێت لەقوتابخانەی دەوڵەت نەخوێنێت. رێكخراوە ئیسلامییەكانیش لەفەڕەنسا ئەم پڕۆژە یاسایە بەلێدان لەخۆیان دەزانن. چونكە ئەو رێكخراوە ئیسلامییانە زۆرجار لێدوانە ڕۆژنامەوانییەكانیان بەدژی خۆیان دەشكێتەوە. بۆ نمونە بەشێك لەو رێخكراوانە بانگەشەی ئەوە دەكەن بەنزیكەیی دوای سی ساڵی تر ئەوان واتە موسڵمانەكان سەرۆك كۆماری فەڕەنسا دیاری دەكەن. یا زۆرجار دەڵێن سەرۆك كۆماری فەڕەنسا دوای سی ساڵی تر كەسێكی موسڵمان دەبێت. ئەمەش وایكردووە حكومەت ئەو قسانە بەجدی وەربگرێت و لێكۆڵینەوەی ورد بكات بۆ ئەوەی حكومەت رێ و شوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ ئەوەی لەداهاتوو شتێكی لەو شێوەیە روو نەدات.

ماكڕۆن لەو پڕۆژە یاسایەدا دەیەوێت بەیاسا ئەوە قەدەغە بكات كە هاوڵاتیانی فەڕەنسی بۆ خوێندنی زانستە ئیسلامییەكان روو لەوڵاتانی توركیاو سعودییەو قەتەرو هیچ وڵاتێكی دیكە نەكەن، بەڵكو دەبێت لەناوخۆی فەڕەنسا ئەو زانستانەش بخوێندرێت. بۆ ئەوەی ئەو كەسانە كاریگەر نەبن بەهیچ كام لەكەسایەتییە ئیسلامییەكان كە لەو وڵاتانە هەن.

كێشەكان تا ساتی یەكلایی كردنەوەی ئەم پڕۆژە یاسایەی ماكڕۆن بەردەوامیان هەیەو نازانرێت لەناوخۆی فەڕەنسادا كێشەكان سەردەكێشن بۆ چیدیكەو كاردانەوەی جالیەی ئیسلامی لەساتی پەسەند كردنی ئەم پڕۆژە یاسایە چی دەبێت نازانرێت.

ئیبراهیم عەلی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا