وردەكاری دامەزراندنی دوو ناوەندی هاوبەشی سەربازی لەنێوان هەولێرو بەغدا

پۆڵەتیك پرێس
هەفتەی داهاتوو هەنگاوەكانی دامەزراندنی دوو ناوەندی هەماهەنگی هاوبەشی سەرەكی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەهەولێر و بەغدا دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن، شەش ئەفسەری هەرێم لەبەغدا دەوام دەكەن و شەش ئەفسەری عێراقیش دێنە هەولێر.

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: بەمەبەستی دامەزراندنی ناوەندی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، هەفتەی داهاتوو دەست بەجێبەجێكردنی هەنگاوەكان دەكەین.

جەبار یاوەر وتیشی: ئێمە ناوەكانمان ئامادەكردووە، كە پێكهاتووە لەشەش ئەفسەرو نوێنەرایەتی هێزەكانی پێشمەرگە و بەرگری فریاكەوتن و پۆلیس و زێرەڤانی تێدایە، لە ناوەندی سەرەكی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان دەوام دەكەن، شەش ئەفسەریش لەبەغداوە، كە ئەوانیش نوێنەری هەموو هێزەكانی عێراقن دێنە هەولێر دەوام دەكەن.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەش كرد، لە 5ی تشرینی دووەم ناوەندی لاوەكی لە دیالە كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێكردنی چۆنیەتی كردنەوەی ناوەندی هەماهەنگی دیالە لە خانەقین لەگەڵ چۆنیەتی دروستكردنی هێڵی هاوبەشی ئەمنی و دروستكردنی بازگەی هاوبەشی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەگەڵ تاوتوێكردنی چۆنیەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، ئەم كۆبوونەوەیەی دیالە پێشنیارەكان دەهێنن بۆ كۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی باڵای هەماهەنگی سەربازی و ئەمنی بۆئەوەی پەسەندبكرێت و بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

هەروەها وتی: دوای ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی دیالە قۆناغ بە قۆناغ لە كەركوك دواتر لە مەخمور دوای مەخموریش لە نەینەوا ناوەندی هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دادەمەزرێت.

حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش‌و رێگری لەجموجوڵەكانیان، بەتایبەتی لەناوچە كێشە لەسەركان، ماوەیەكە گفتوگۆ دەكەن، بۆ ئەوەی چەند ناوەندێكی هەماهەنگی بكەنەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا