پۆڵه‌تیك پرێس
ئەندامێكی لیژنه‌ى دارایى له پەرلەمانی عێراق رایگه‌یاند، “حكومه‌تى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كورتهێنان له‌بودجه‌ی گشتی عێراق، پێشنیازى كه‌مكردنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌رانى به‌ڕێژه‌ى 18% بۆ 21% كردووه”.
حكومەتی عێراق له ماوه‌ى دوو مانگى رابردوو كێشەی دابەشكردنی موچەی لەوادەی خۆیدا هه‌بوو، ئەوەش بەهۆی نەبوونی پارەی كاش و ئەو كورتهێنانەی لەداهاتی مانگانەدا تۆماری ده‌كرد، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا پرۆژه یاسای قه‌رزى په‌سه‌ندكرد بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و كورتهێنانه‌ى له پرۆژه یاساى بودجه‌ى گشتى عێراق هه‌یه.
جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى عێراق به پۆڵه‌تیك پرێس-ى راگه‌یاند، “حكومه‌تى عێراق له وه‌رقه سپیه‌كه‌ى خۆیدا ئه‌و پێشنیازه‌ى كردووه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كورتهێنان له بودجه‌ى گشتى عێراق لێبڕین له ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌ران بكات به‌ڕێژه‌ى 18% بۆ 21%”.
وتیشى،”لێبڕینه‌كه ته‌نها له‌درماڵه‌كان ده‌كرێت، وه‌ك ده‌رماڵه‌ى مه‌ترسى و منداڵ، له عێراق نادادپه‌روه‌ریه‌ك له دابه‌شكردنى ده‌رماڵه‌كانى وه‌زاره‌ته‌كان هه‌یه، وه‌زاره‌تى نه‌وت ده‌رماڵه‌كه‌ى دوو ئه‌وه‌نده‌ى وه‌زاره‌تى كاره‌با و په‌روه‌رده‌یه، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پێشنیازى كه‌مكردنه‌وه‌ى ده‌رماڵه كراوه، له‌ئه‌گه‌رى به‌رزنه‌بونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت”.
به‌وته‌ی ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی عێراق، ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت به‌رز نه‌بێته‌وه حكومه‌ت ناچار ده‌بێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنان، له‌جیاتى ده‌ستبردن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌رماڵه‌كان كه‌مبكاته‌وه، به‌ڵام تائێستا روننه‌بۆته‌وه ئه‌و كه‌مكردنه‌وه‌یه ده‌كرێت یاخود نا.
له‌باره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌مكردنه‌وه‌كه ده‌یانگرێته‌وه رونیكرده‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌مكردنه‌وه‌یه بكرێت ئه‌وا ده‌رماڵه‌ى پله‌ى باڵاكان و وه‌زاره‌تى نه‌وت و ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ى ده‌رماڵه‌یان زۆره ده‌گرێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ى ناوچه‌ى سه‌وز كه ناوچه‌یه‌كى مه‌ترسیدار بوو كاتى خۆى ئه‌مریكیه‌كان له‌و ناوچه‌یه بوون، ده‌رماڵه‌یان زۆربوو كه‌ب به‌شێوه‌یه‌ك سێ هێنده‌ى ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌رانی ئاسایی بوو، بۆیه به یاسای خزمه‌تى مه‌ده‌نى ده‌رماڵه‌كه‌یان كه‌مده‌كرێته‌وه.