كەلاری لە لوتكەدا چەمچەماڵی جێهێشت

پۆڵەتیك: سپۆڕت

كەمێك پێش ئێستا هەرێم كەلاری ئەفسانەی بەرگیكارانی كوردستان و نوێكار ڕاهێنەری كوردستان كە توانی لە ماوەی تەنها 2 وەرزدا یانەی چەمچەماڵ لە یانەیەكی پلە دووەوە بكاتە یانەیەكی نایاب لە سەر ئاستی تۆپی پێی كوردستان ئەمڕۆ سێ‌ شەممە بە ڕەسمی دەستبەردار بوونی خۆی لە ئەركی ڕاهێنانی یانەكەی شاری شەهیدان و ئەنفال كراوان ڕاگەیاند.

نزیكەی نیو سەعاتێك دەبێت كەلاری لە ئەكاونتی تایبەتی خۆیەوە نامەیەكی سوپاسگوزاری و پیرۆزبایی و ئاگاداری بۆ جەماوەری هاندەری سەوزپۆشەكان ئاراستە كرد تیایدا ڕایگەیاندووە كە ئەو بە هۆكاری تایبەتی ژیانی دەستبەرداری ئەركەكەی دەبێت و هیچ هۆكارێكی تر نییە لە پشت وازهێنانییەوە و پیرۆزبایی لێ‌ كردن كە توانییان بە بڕیاری كۆتایی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان و قاییل بوونی یانەی هەڵۆی ڕكابەر ببنە پاڵەوانی خولی پلە یەك و وەرزی نوێ‌ بەشداری خولی نایاب دەكەن هیوای بەردەوامی بۆ خواستن لە سەركەوتندا و سوپاسی كردن كە لە ماوەی 2 ساڵی ڕابردوو ئامێزێكی گەرم و پڕ میهرەبانی بوون بۆ ئەوی ڕاهێنەریان و ماڵئاوایی لێ‌ كردن.

دواتر لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی دا ڕێبوار خدر سەرۆكی یانەی چەمچەماڵ بە پێگەی Politic Sport ی ڕاگەیاند: (بەڵێ‌ كاپتن هەرێم لە بڕیارەكەی ئاگاداری كردینەوە و هۆكار لە پشت وازهێنانەكەی بۆ ئاشكرا كردین و بە دڵێكی فراوانەوە داواكەیمان قبوڵ كرد و هیوای سەركەوتنمان بۆ خواست لە داهاتوودا و كۆتایی بە هاوبەشییەكەمان هات).

سەرۆكی یانەی چەمچەماڵ زیاتر لەو بارەیەوە دواو وتیشی: (كاپتن هەرێم تەنها و تەنها بۆ هۆكاری تایبەتی خێزانی وازی هێناوە لە ئێستاشدا بۆندی لەگەڵ هیچ یانەیەك بۆ نەهاتووە تا بڵێن لە پێناوی بۆندێكی تر ئێمەی جێهێشتووە ئەو هۆكاری ژیان و بژێوی تایبەتی خۆی هەیە ئێمەش ڕێزمان لە ویستی ئەو گرت).

لە كۆتاییشدا سەبارەت بە دەست نیشان كردنی جێگرەوەی كەلاری ڕێبوار خدر وتی: (نەخێر بە هیچ جۆرێك لە ئێستادا كەسمان بۆ جێگرەوەی ڕاهێنەرەكەمان دیاری نەكردووە سەرەڕای ئەوەی دەست پێكی خولی نایاب زۆر نزیكە، بەڵام جارێ‌ هیچ لە ئارادا نییە لە داهاتوویەكی نزیكدا بڕیار لەوە دەدەین كام بەڕێز شوێنی ئەو ڕاهێنەرە سەركەوتووە خۆشەویستە بە توانایە بگرێتەوە).

نامەكەی هەرێم كەلاری بۆ چەمچەماڵییەكان

به ناوی خوای گەورە و میهرەبان
سڵاو بۆ براكانم لە ئیدارەی یانەی چەمچەماڵ و هاندەرانی خۆشەویست و خەمخۆرانی یانە و یاریزانە جەنگاوەرەكانی چەمچەماڵ هیوام هەمیشە سەركەوتنتانە .. سوپاس بۆ خوای گەورە ئەمساڵیش سەركەوتوی كردین و بوین بە پاڵەوانی خولی پلە یەكەكانی كوردستان و سەركەوتین بۆ پلە نایاب.

پیرۆزبایی خۆمتان پێ ڕادەگەینم و هیوای بەردەوامیتان بۆ دەخوازم .. لێرەوە ئەمەوێ زۆر سوپاسی ئیدارە و هاندەران و یاریزانان بكەم بۆ ئەو ڕێز گرتن و وەفاو دڵسۆزییەی كە لەو ماوەیەدا نواندیان و گەورەیی و خۆشەویستی خۆیان بۆ دەربڕیم .. چاوی یەك بە یەكتان ماچەكەم و خۆم بە قەرزار و خزمەتكارتان ئەزانم بە ڕاستی ووشەیەك نییە بۆ وەسف و ستاییش كردنتان هەر ئەوەندە ئەڵێم خوای گەورە سەركەوتوتان بكات و هەمیشە لە لوتكەدا بتانبینم و داوای لێبوردنیش ئەكەم ئەگەر دڵی كەسێكتانم ئێشاندبێ گەردنم ئازاكەن.

بوون بە پاڵەوان بە شاییستەیی خۆتان بووە و چاوەڕوانی زیاتریشتان لێ دەكرێ .. بۆیە من لێرەوە داوای لێبوردن لە ئیدارە و هاندەرانی خۆشەویستی چەمچەماڵ ئەكەم كە ناتوانم بەردەام بم لە گەڵتان لە بەر هەندێ هۆكاری تایبەتی خۆم .. لە كۆتاییدا ئەڵێم خزمەت كردنی یانەی چەمچەماڵ گەورەترین شانازییە بۆ هەر كەسێك كە ئەو متمانەیەی پێ ببەخشرێت .. دووبارە سوپاس بۆ هەموو شتێك

براتان … كەلاری

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا