قوباد تاڵەبانی بۆ چین و توێژەكانی كفری: تەنیا هاوپەیمانيی كوردستان دەتوانێت بەرگری لە مافەكانتان بكات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆكی هاوپەیمانيی كوردستان بەچین و توێژەكانی كفری راگەیاند تەنیا هاوپەیمانی كوردستانە دەتوانێت بەرگری لەمافەكانتان بكات.

ئەم وتانەی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان لەمیانی كۆبوونەوەیەكیدا هات كەئەمڕۆ سێشەممە 28-9-2021، لەكفری بەرێوەچوو، تێیدا داوای كرد كە بۆ پاراستن لە هەڕەشە و مەترسییەكانی تێرۆر و تێرۆرستان، بۆ بەهێزكردنی پێگەی كورد لە بەغدا و بەدیهێنانی ئامانجە رەواكانی گەلی كوردستان، دەنگ بدەن بۆ سەرخستنی كاندیدەكانی هاوپەیمانی كوردستان.

لەو كۆبوونەوەیەدا كە دكتۆر خەسرەو گوڵ محەمەد ئەندامی سەركردایەتی و كاروان علی یاروەیس كاندیدی ژمارە 32 و سروە محمد كاندیدی ژمارە 20 لە بازنەی 5 ئامادەیبوون، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند گەرمیان و گەرمیانییەكان شایەنی خزمەتی زیاترن، بۆ مسۆگەركردنی ماف و ئیمتیازاتی ئەنفالكراوانی سنورەكە و بەدەنگەوە هاتنی داخوازییەكانیان، دەبێ بەگوڕو تینەوە بەشداری بكەین لەم پرۆسە چارەنووسسازەدا و دەنگ بدەینە كاندیدەكانی هاوپەیمانی كوردستان.

سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان وتیشی: هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە، هەموومان بەیەكەوە هاتوینەتە مەیدان و جیاوازییەكانمان وەلاناوە، یەكێتی و گۆڕان یەكریزی و ئاشتی ناوماڵی كوردستانمان كردۆتە پەیامی هاوپەیمانێتیەكەمان، بەیەكەوە بەهێزترین چونكە بۆمان دەركەوت بەلاوازیمان دەنگەكانمان پەرت و بڵاو دەبێت.

لە وتارەكەیدا، قوباد تاڵەبانی داوایكرد تێكۆشەران و دڵسۆزانی یەكێتی رۆڵی خۆیان ببینن بۆ بەشداریكردن لەپرۆسەی هەڵبژاردن، داواشی لە كادرانی یەكێتی كرد كە كاربكەن تا پەیامەكانی هاوپەیمانی كوردستان بۆ جەماوەر روونبكەنەوە و پێیان رابگەیەنن كەتەنیا هاوپەیمانییە دەتوانێ لە بەغدا رێككەوتن بكات بۆ زامنكردنی ماف و شایستەكانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.

كادران و جەماوەری بەشداربووی كۆبوونەوەكە جەختیانكردەوە كە گەشبینن بەرامبەر ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیەی یەكێتی و گۆڕان و بە وێستگەیەكی پڕ بایەخی خەباتی دەزانن و دووپاتیشیان كردەوە كە ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ گێڕانەوەی متمانەی جەماوەری سنورەكە بەپرۆسەی هەڵبژاردن و هاندانیان بۆ دەنگدان بەهاوپەیمانی كوردستان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا