667 كەس بەتۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان دەستگیردەكرێن

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكر، لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا 667 كەس بە تۆمەتی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددەهۆشبەرەكان دەستگیركراون.

رۆژی دووشەممە 29_5_2023 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دامەزراوەكانیان 667 كەسیان بە تۆمەتی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددەهۆشبەرەكان دەستگیركردووە و دەستیان گرتووە بەسەر 45 كیلۆ و 80 گرام ماددەی هۆشبەر، پێنج سەد و 30 كیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل لە جۆری كاپتاگۆن، دوو هەزار و 774 شیت حەبی هۆشبەر لە جۆری ترامادۆڵ و 70 كیلۆگرام دەرمانچا، كە تێكەڵ كراوە بە ماددەی هۆشبەری جۆری هیرۆین.

لە راگەیەندراوەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، لە هەوڵە بەردەوامەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەپێناو سەقامگیریی كۆمەڵایەتی و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و بنیادنانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست، لە 23ی كانوونی دووەمی 2023 تا 22ی ئایاری 2023 لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش بە هاوكاری و هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتییەكانی تر، توانرا 667 كەس بە تۆمەتی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددەهۆشبەرەكان دەستگیر بكەن.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان روونیكردووەتەوە، لەو ژمارەیەی كە دەستگیركراون، 285 كەسیان بە تۆمەتی كڕین و فرۆشتنی ماددەهۆشبەرەكان دەستگیر كراون كە ژمارەیەكیان گەورە بازرگانن.

هاوكات لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، تواندراوە دەست بگرن بەسەر 45 كیلۆ و 80 گرام ماددەی هۆشبەر كە پێكهاتوون لە (34.161 كیلۆگرام كریستاڵ، 1.5 كیلۆگرام هیرۆین، 3.960 كیلۆگرام حەشیش، 4.585 كیلۆگرام تلیاك، 374 گرام جامایكا، 500 گرام ماریجوانا.

هەروەها دامەزراوەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرجەم تۆمەتبارانی دەستگیركراو پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و رەوانەی بەردەم دادوەر كراون.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان داوا لە هاووڵاتییان دەكات خۆیان بەدوور بگرن لە بەكارهێنانی ئەم جۆرە ماددانە و، هاوكار و هەماهەنگیی دەزگا ئەمنییەكان بكەن لە هەر زانیارییەك لەبارەی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددەهۆشبەرەكان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا