دوای ساڵێك جەنگی رووسیا و ئۆكرانیا بەرەوكوێ‌ دەڕوات؟

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ماوەی ساڵێكە جەنگی رووسیا و ئۆكرانیا بەردەوامە، وەكو ئەوەی بەشێك لە شیكەرەوانی سیاسی و شارەزایانی سەربازی قسەیان لێدەكرد، بەوەی جەنگەكە كاتێكی زۆر ناخایەنێت و ئۆكرانیا دەكەوێت وا دەرنەچوو.

هەردوولا زەرەر و زیانی زۆریان كردووە، زیانی گیانی و ماددی، رووسیا لە رووە ماددیەكەوە كەمتر بەڵام ناكرێت زیانە گیانییەكانی لەیاد بكرێت.

زۆربەی ئەو پێشبینیانەی لە سەرەتای جەنگەكەوە دەكران دروست نەبوون، لەوانە بەئاسانی كەوتنی ئۆكرانیا، یان هەوڵەكانی گەمارۆی سەر وڵاتانی ئەوروپا وەكو كارتێكی بەهێزی فشار لەلایەن رووسیاوە، بۆ دووركەوتنەوەیان لە هاوكاری كردنی ئۆكرانیا (ئەگەرچی بێكاریگەریش نەبوون لەسەر وڵاتانی ئەورپا).

گۆڕانكاری لە پێگەی ڕووسیا، كار دەكاتە سەر هاوسەنگی و پێكهاتەكانی سیستمی جیهانی

بە هۆی پێگەی لایەنە بەشەڕهاتووەكان و جوگرافیای جەنگەكە، لێكەوتەكانی ئەم جەنگە فرەلایەن و فراوانە، لەسەرووی هەموویانەوە ئاراستەی جەنگەكە لەبەرژەوەندی هەر لایەكیان بێت راستەوخۆ كاریگەری دەبێت بۆسەر سیستمی سیاسی جیهانیی.

گۆڕانكاری لە پێگەی ڕووسیا، كار دەكاتە سەر هاوسەنگی و پێكهاتەكانی سیستمی جیهانی. بردنەوەی ڕووسیا لەم جەنگە و گەیشتن بە ئامانجەكانی، گەورەترین پاڵنەر دەبێت بۆ ڕوودانی گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە سیستمی جیهانی، چونكە ئیتر ڕووسیا دەستكراوەتر دەبێت بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی لە جیهاندا، سەركەوتنی لەم جەنگەدا، واتە لاوازبوونی سیستمی جیهانی بە سەركردایەتیی ئەمەریكا و هاتنی سیستمێكی نوی كە تیایدا ڕووسیا جەمسەرە هاوشێوەی ئەمەریكا. بە هەمان شێوە شكستی ڕووسیا لەم جەنگە، واتە سەرلەنوێ بەهێزبوونەوەی سیستمی جیهانیی ئەمەریكی. كەواتە لێكەوتەكانی ئەم جەنگە ڕاستەوخۆ كار لە سروشتی سیستمی جیهانی دەكات.

پاش ساڵێك لە جەنگ ئۆكرانیا ئەگەر سەركەوتووش بێت، سەركەوتوویەكی دۆڕاوە، چونكە بەشێكی زۆری ئەو وڵاتە خاپور بووە و ژێر ئابوری ئەو وڵاتە بەیەكجاری داڕوخاوە، بەڵام مانەوەی بەم شێوەیەش كاریگەری دەبێت لەسەر هاوكێشەی سەربازی و سیاسی لە جیهاندا. وە لە مێژوویەكی دوور مەودادا مانەوە و خۆگرتنی ئۆكرانیا لە ڕووی سایكۆلۆژییەوە كەسایەتییەكی نوێ و بەهێز و باوەڕبەخۆ بۆ مرۆڤی ئۆكرانی دروست دەكات. ڕێگەخۆشكەر دەبێت بۆ بوون بە ئەندام لە یەكێتیی ئەورووپا و لەوانەیە لە ناتۆش. ئەمانەش لە ڕووی سەربازی و ئابووری و سیاسییەوە كاریگەریی پۆزەتیفیان دەبێت بۆ ئەو وڵاتە.

لەلایەكی دیكەوە رووسیا ئەگەر سەركەوتووش بێت لەم جەنگەدا سەركەوتوویەكی شكست خواردوو دەبێت، بەو واتایەی ئەگەر لە رووی سەربازییەوە سەركەوتووبێت لە رووی ئابوورییەوە تاچەندین ساڵی دیكە كاریگەری ئەو سزایانەی لەسەرە لەلایەن ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپاوە خراوەتە سەری.

جگە لە رووسیا و ئۆكرانیا وڵاتانی ئەوروپاش لێكەوتەی جەنگەكە بەسەریانەوە دیارە، بەتایبەت لە دروستبوونی شەپۆلێكی نوێی كۆچ بۆ وڵاتانی ئەوروپی و ئاوارەبوونی هەزاران كەس لە ئۆكرانیاوە، هاوكات ئەو سزایانەی رووسیاش بەسەر وڵاتانی ئەوروپادا سەپاندی كاریگەری و لێكەوتەی خۆیان دەبێت.

جەنگەكە بەرەو كوێ‌ دەڕوات؟

تادێت هاوكارییە سەربازییەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا بۆ ئۆكرانیا زیاتر دەبێت، ئەمەش بەواتای مانەوەی ئۆكرانیایە بەرامبەر رووسیا و شكست پێهێنانی ئامانجەكانی ورچە سپییەكەیە، رووسیاش ئەو كارتە بەهێزەی كە بە دەستیەوەیەتی و لە یەكەم رۆژی جەنگەكەوە ئاماژەی پێدەكات كە بەكاری دەهێنێت ئەویش بریتیە لە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆم.

جگە لە رووسیا و ئۆكرانیا وڵاتانی ئەوروپاش لێكەوتەی جەنگەكە بەسەریانەوە دیارە

جارێكی دیكە رووسیا بەشێوەیەكی فەرمی و لەسەر ئاستی باڵا ئاماژەی بەوەكردوووە دەست بۆ هەموو چەكێك دەبات بە ئەتۆمیشەوە، بۆ ئەو مەبەستە بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتن 90% ی ئاستی چەكە ئەتۆمییەكانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

دمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا لە نوێترین راگەیەندراویدا، كە لە پێگەی فەرمی خۆی لە تێلێگرام بڵاوی كردووەتەوە لەبارەی بڕیاری رووسیا بۆ هەڵپەساردنی بەشداریكردن لە پەیماننامەی كەمكردنەوەی چەكە ستراتیجییە نوێیەكان (START) كە ئامانج لەو پەیماننامە بۆ ئەوەیە توانای مووشەكی بالیستیی ئەتۆمی كیشوەربڕی رووسیا و ئەمریكا رێگەی لێ بگیرێت، روونكردنەوەی دا.

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا، بە ئاماژەدان بەوەی كە ئەگەر ئەمریكا بیەوێت رووسیا شكست بهێنێت، ئەوا پێكدادانێكی جیهانیی لێ دەكەوێتەوە، رایگەیاند: “رووسیا مافی ئەوەی هەیە بە هەر جۆرە چەكێك بە چەكی ئەتۆمییشەوە خۆی بپارێزیت”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا