پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرچاوەیەکی حکومی دیالە ڕایگەیاند، ڕێکخراوی چەکداری داعش دوو کەسی لەسێدارەداوە کە ماوەی ساڵێک و حەوت مانگە ڕفاندوونی.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەکرد، چەند ئەندامێکی داعش کە جلی سەربازییان لەبەرکردبوو هاوینی 2021 هەڵیانکوتایەسەر ماڵی موختارێک لە گەڕەکی ڕەبیع لە دەوروبەری ناحیەی سەعدیە و تەقەیان لێکرد و کوڕەکەیان ڕفاند.
وتیشی، لەو کاتەدا کەسێک کە دراوسێی ماڵی موختار بووە هاتووە و ئەو چەکدارانەی داعشی ئاگادارکردووەتەوە کە ئەوەی دەیڕفێنن کوڕی بەرپرسێکی ئەمنییە و هەوڵی ڕزگارکردنی کوڕەکەیدا، بەڵام چەکدارەکان لەگەڵ کوڕەکەی موختار ئەویشیان ڕفاند و بردیانن بۆ شوێنێکی نادیار.
ئەوەشی خستەڕوو، زانیارییەکان لەبارەی لەسێدارەدانی ئەو دوو ڕفێندراوە لە ماڵپەڕەکانی نزیک داعش بڵاوکراوەتەوە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوە دەکرێت بۆ دیاریکردنی شوێنی تاوانەکە و ئەو سەرچاوانەی وێنە و ڤیدیۆی ساتی لەسێدارەدانەکەیان لێبڵاوکراوەتەوە.