پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
كەسێكی تەمەن 69 ساڵ لە ناوەندی شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا تەقەی لە ناوەندی كلتووریی ئەحمەد كایا و سەرتاشخانەیەك كرد و لە ئەنجامدا سێ كەس كوژران و سێ كەسی دیكەیش برینداربوون.
رووداوەكە لە شەقامی رو دۆنگیا روویدا. شەقامەكە ژمارەیەك دووكان و كافتریای بچووكی تێدایە و تەقەكردنەكەش ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆری لای دانیشتووانی ناوچەكە دروستكردووە.
پۆلیسی فەرەنسا رایگەیاند، تەقەكەرەكە كەسێكی سپی پێستە و پێشتر دووجار هەوڵی كوشتنی خەڵكی دیكەی داوە، ژمارەیەك هاووڵاتیش كە لە كاتی رووداوەكەدا لە شەقامەكە بوون بە میدیای فەرەنسایان راگەیاند، تەقەكەرەكە سەرەتا تەقەی لە ناوەندی كولتووریی ئەحمەد كایا كرد و دواتر چووە سەرتاشخانەیەك و لەوێ لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا.
ناوەندی كلتووریی ئەحمەد كایا چەندین ساڵە لە پاریس دامەزراوە و كاردەكات بە مەبەستی یارمەتیدانی كوردانی دانیشتووی فەرەنسا و تێكەڵكردنیان لەگەڵ كۆمەڵگەی فەرەنسی.