ژەنیاری تەمەكان

لە نیوەڕۆیەكی گەرمی بێ كارەبای گەرمیاندا، لە بن دارتویەكی گەورەدا، ڕۆمانۆكەی ژەنیاری تەمەكانی ڕۆماننوسی عێراقی عەلی بەدرم خوێندەوە. دەقەكە كورتە، بەڵام دەوڵەمەندە.

عەلی بە زمانێكی چڕی سینەمایی، وەك زمانی هەمەنگوای، سەربوردەی كەسێكمان بۆ دەگێڕێتەوە كە لە هەناو كۆمەڵێك زۆر لە دژایەتیدا دەژی. دەكرێت بە ئاسانی بڵێین كە پێكەوەگرێدانی دژەكان تیمای سەرەكی ڕۆمانەكەیە.

ئەم تیمایە لە پێكەوەگرێدانی ئەوروپا و عێراق، شاری دۆزەخیی بەغدا و گەڕان بە دوای شاری باش یان یوتوپیای ئەوروپی، كە خۆی لە چەمكی شاری فازیلەی فارابیەوە دەردەربرێت. لە هەمانكاتدا دژبونی واقیع و یوتوپیا. پاڵەوانەكە ناوی نەبیلە، كەسێكە لە چینی ناوەندی شاری بەغدا، كار و حەزی مۆسیقایە. بەڵام لە هەوڵی ئەوەدایە كە كاری تر بكات بۆ بژێوی. لە میانەی كارەكانیدا، هەمیشە شكست و بێزاری دەرئەنجامی دەبێت، بۆیە لە دواجاردا بڕیاردەدات كە سەفەر بكات بۆ ئەوروپا.

ئەم تیمایانە زیاتر لە بیست ساڵە من تیایدا دەژیم و ئەزمونی دەكەم و بیری لێدەكەمەوە و دەمەوێت بینوسمەوە. نەبیل لە گەڵ خەڵكی دەروبەریاندا تەبانیە.

ئەو بێزارە لێیان، بە تایبەتی ئەوانەی كە لە چینی خوارەوەن. بۆ وەسفكردنی بێزاری لەم خەڵكانە هەردوو وەسفی ماركسی و فارابییانە بەكاردەهێنێت. لێرەدا هەردوو فەیلەسوف هاوڕان، چەمكی لۆمپین-پرۆلیتاریات یان چینی خوارەوەی خاشاك، هەمان دیدی فارابیشە.

وەك چینی ناوەند جێگای سەرسوڕمان نیە نەبیل ڕقی لە ئەوانەی خوار خۆی بێت و ئیرەیی بە چینی باڵاببات. ئەمە سروشتی خەڵكی چینی ناوەندە، كە بەردەوام لە ناسەقامگیری بێزاریی و ئیرەییدا دەژین. لای نەبیل خەڵكە خاشاكەكە لە سەردەمی سەددامدا زۆربەیان فیدایی سەدام بون، لە ئەمڕۆشدا چەكداری میلیشیاكانن.

نەبیل لەم دونیا پڕ لە شكست و بێزارییەدا، زۆربەی كاتی لە شوقەكەی خۆی بە تەماشاكردن فلیمی پۆڕن بەسەر دەبات. ئەم فلیمانە لە ڕێگای ئەو چەند كەناڵەوە تەماشا دەكات كە لە دوكانی ئیسلامییەكانی سەر سوچەكە شفرەكەیان بۆ لابردوە.

لێرەدا جارێكی تر ڕوبەڕوی دژایەتی دەبینەوە لە نێوان ئیسلامی و پۆڕندا. لە پاشاندا توشی دژایەتیەكی تر دەبین لە سێكسی ئەوروپی و سیكسی عێراقی، كاتێك ئەوروپی بە ئاشكرا و لە دەرەوە سێكس دەكات و لە عێراق سێكس لە تاریكی وبە نهێنی دەكرێت.

ئەو ڕۆژەی نەبیل لە گەڵ قاچاخچیەكەدا ڕێكدەكەوێت كە سەفەر بكات، خەریكی تەماشاكردنی فلیمێكی ڕوتە كە ژن و پیاوەكە لە دەرەوە سێكس دەكەن، بەڵام قاچاخچیەكە ناهێڵێت تەواوی بكات ناچاری دەكات كە لە گەڵیدا بڕوات. دیارە لە بەر شێوازی كۆمیدی و كاریكاتێری ڕۆمانەكە: هێندە بە ورودەكارییەوە لە ڕوداو و هەنگاوەكان وورد نابینەوە.

قاچاخچیەكە دەیگەیەنێتە سەر سنوری توركیا. لەوێ بیركردنەوە لە وڵات و ڕۆشتن و گەڕانەوە دایدەگرێت.

لێرەدا ڕوانگەیەكی فارابیانە دەردەبڕێت: فارابی دەڵێت، ئەگەر كەسێكی باش لە شارێكی خراپ ژیا، ئەوا دەبێت ئەو كەسە باشە لەو شارە خراپە نەمێنێت و بڕوات بۆ شارێكی باش. ئەمە سەرتاپا فەلسەفەی هەڵاتنی ئەوە. چیرۆكی زۆری قۆڵبڕین و فریودان و ترسناكی قاچاخچیەكانی بە بیردا دێتەوە. لە سەر سنوری توركیا قاچاخچیەكی تر دەیخاتە ناو لۆرییەكەوە بۆ ئەوەی هەتا برۆكسل بیبات.

لە جێگایەك دەوەستن بۆ پشو، كۆچكەرێكی ئەفغانی پێی دەڵێت: ئێرە پۆڵۆنیایە. ئەو نازانێت ئایا پۆڵۆنیایە یان نا، بەڵام ناوی پۆڵۆنیا كۆمەڵێك یادەوەری دەخاتەوە یادی، كاتێك مامی لە بەغدا كچە پۆڵۆنییەكی هاوڕێی سەردانی دەكات و ئەمیش هەرچەندە تەمەنی منداڵبوە بەڵام لە ماڵەوە دەنێردرێت لە گەڵ مامیدا. مامی بەبەرچاوی ئەمەوە، سیكس لە گەڵ هاوڕێ پۆڵۆنییەكەیدا دەكات. دیسانەوە عەلی دەمانخاتەوە بەر بەركەوتەكانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا. چۆن پۆڵۆنیەك لە ڕۆژهەڵات ڕۆژئاواییانە هەڵسوكەوت دەكات.

كە دەگات، شاحینەكە لە ناوچەیەكی بیانی نشینی شاری برۆكسل دایدەبەزێنێت. ئەو دەترسێت كە ئەو جێگایە شارە یوتوپییەكە نەبێت. كاتێك دەچێتە شوقەكە ئاڵای توركیا و مەغریب دەبینێت. پاشان هەرزوو گوێی لە دەنگی بانگی مزگەوت دەبێت. دەترسێت كە لە جێگایەكی دەروبەری عێراق بێت. كاتێك لە پەنجەرەكەیەوە لە دەرەوە دەڕوانێت بۆی دەردەكەوێت كە جێگایەكی نزیك بە عێراق نیە، بەڵام نازانێت كوێیە.

لە شوقەكەی دەچێتە دەرەوە، ڕوبەڕوی خەڵكانی ڕۆژهەڵاتی زۆر دەبێتەوە كە لە ئەو ناوچەیەدا دەژین. ڕۆژێك نازانێت مانگی ڕەمەزانە لە جێگایەكدا سەلەفییەك بەهۆی خواردنی پیتزاوە لێی توڕەدەبێت و داوای لێدەكات كە دەبێت كەفارەت بدات. كەفارەت بریتیە لە بڕی پارەی وەرگیراو لە بەرامبەر كارێكی خراپدا وەك سزایەك. لێرەدا عەلی بەدر توشی كۆمەڵێك كێشەی ئەم ڕۆژگارەمان دەكاتەوە، چۆن ئەوانەی لە بەغدا لە دەستیان هەڵدێت، لە برۆكسل توشی دەبنەوە، دێنە ناو ژیانی تایبەتیەوە، سزای دەدەن، هەرەشەی لێدەكەن.

بەڵام كاتێك فانی، كچە بەلجیكیە چەپەكە دەناسێت لە چینی ناوەندی بەلجیكی كەمێك ژیانی دەگۆڕێت.

كاتێك لە گەڵ فانیدا سێكس دەكەن، فانی بە دەنگی بەرز ئاه و هاواریەتی. بە جۆرێك هەموو شوقەكانی تر گوێیان لێدەبێت. هەندێك پێی توڕە دەبن، هەندێك پێی پێدەكەنن، هەندێكی تر چێژی لێدەبینن. ڕۆژێك پاش سێكسكردن، باوكێكی تورك كە چەند كچێكی موحاجەبەی پاكیزەی هەیە، ڕێگەی پێدەگرێت و پێی دەڵێت دەبێت بەو كچە بەلجیكییە بڵێیت هێندە بە دەنگی بەرز هاوار نەكات لە كاتی سێكسدا. لێرەدا دیسانەوە توشی بەریەككەوتنی ڕۆژهەڵاتی ڕۆژئاوایی دەبێنەوە لە ئاشكرابونی سێكس و نهێنی بونی. كاتێك فانی بەئەمە دەزانێت زۆر لە توركەكە توڕە دەبێت پێی دەڵێت لە وڵاتی خۆمدا بەوجۆرە هەڵسوكەوت دەكەم كە دەمەوێت. لێرەدا ڕوبەڕوی یەكێك لە هەرە ئاڵۆزییەكانی توێژی چەپی ئەوروپی دەبینەوە كە چۆن لە نێوان ڕەگەزپەرستی و سنگفراوانیدا جۆلانێ دەكات. ئەمە زیاتر زەق دەبێتەوە لە جۆری پەیوەندی لە گەڵ وڵاتدا، چەپەكان بە گشتی، وەها خۆیان دەنوێنن كە دژ بە وڵاتەكەیانن و بە وڵاتێكی خراپ و دواكەوتوو لە قەڵەمی دەدەن، بەڵام كاتێك بیانییەك هەمان ئەو شتانە بە وڵاتەكەیان بڵێت، كە خۆیان دەیڵێن، ئەوا خێرا دەكەونە بەرگری لە وڵاتەكەیان و لە كەسی بیانی توڕە دەبن و پێی دەڵێن ئەگەر ئێرەت پێخۆش نیە بگەڕێوە، یان دەبێت سوپاسگوزاربێت كە لێرە ڕێگەیان پێداوی بمێنیتەوە. بۆ نەبیل ئەم دوفاقیە لە گەڵ تێزەكەی فارابی لە بواری مۆسیقادا یەكناگرێتەوە چونكە فارابی مۆسیقا وەها دەبینێت كە كۆمەڵێك دەنگی جیاوازن پێكەوە دەنگێكی پڕ لە هارمۆنی دروست دەكەن. ئەم دیدە دەكرێت بۆ كەلتورەكانیش بگوێزرێتەوە.

لەم روانگەیەوە نەبیل ڕۆژێك كە لە شوقەكەی فانی دەبێت دەبینێت لە ڕۆژنامەدا هەواڵی ئەوە هەیە كە فاشیستە بەلجیكیەكان چەند ڕۆژێك تر دژ بە پەنابەران خۆپێشاندان دەكەن. ئەویش بڕیار دەدات بڕوات هەتا لەم ڕوانگەی فارابیەوە قسەیان لە گەڵدا بكات. بەڵام لەوێ كاتێك لێیان نزیك دەبێتەوە و دەیەوێت قسەیان لە گەڵدا بكات، هێرشی دەكەنە سەر و دەیخەنە ژێر پێلەقە. لە ڕۆژی دوایی لە ڕۆژنامەدا وێنەی بڵاودەكرێتەوە لە ژێر ناونیشانی سەلەفیەك لە لایەن توندڕەوانەوە هێرشی كراوەتە سەر. نەبیل كە لە دەست سەلەفیەت هەڵات دەكرێت بە سەلەفی.

سەردار عەزیز

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا