خولانەوە لە ناو بازنەدا

ئێمە پشتیوانی تەواوی خۆپیشاندانەكان دەكەین و پێمانوایە یەكێك لە فشارە ڕاستەقینەكان، خۆپیشاندانی جەماوەریە، كە ئێستا خۆشبەختانە دەستیپێكردۆتەوە. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم خۆپیشاندان و فشارانە كاریگەریان هەبێت، پێویستە هاوكات هەوڵی فیدرالیەتی پارێزگاكان بدرێت، چونكە ئێستا خۆپیشاندانەكان لە سلێمانیە، لە كاتێكدا دەسەڵات لە هەولێرە.

بەڵام كە دەسەڵات و داهاتمان هێنایەوە بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین، ئەوكات خۆپیشاندانەكان كاریگەری زیاتر و گەورەتریان دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی موچەی مامۆستایان و سەرجەم فەرمانبەران. ئەگەرنا وەك ١٧ی شوبات، چەندین گەنجی جوانمان لێشەهید دەبێت، بەبێ ئەوەی گۆڕانكاری و بەرەوپێشچون ڕوبدات.

سەبارەت بە خەباتی پەرلەمانیش، كاك نەوشیروان لە دواهەمین كۆبونەوەیدا ڕایگەیاند كە (خەباتی پەرلەمانی كەوتۆتە ژێر پرسیارەوە). مەبەستی ئەوە بوو كە گۆڕانكاری لە كوردستانی عێراقدا چیتر لە ڕێی پەرلەمانەوە ناكرێت. یەكێك لە بۆچونەكانی ئەوەبوو كە موچە و خۆشگوزەرانی هەر پارێزگایەك، لە ڕێی فیدرالیەتی پارێزگاكانەوە دەستەبەربكرێت، كە خۆی یەكێك بوە لە ئەندازیارەكانی و لە دەستوری عێراقدا چەسپاندویەتی.

بە كورتی هەم شەڕی ناوخۆ و هەم خەباتی پەرلەمانی تاقیكرانەوە و دەركەوت كە هیچیان ئەنجامیان نیە. یەكەمیان بوە هۆی ماڵوێرانی، و دوهەمیان بوە هۆی دروستكردنی چەند كادرێكی حكومی و پەرلەمانی و دەوڵەمەندبونیان لەسەر حسابی هەژاربونی زۆرینەی كۆمەڵگا. كەواتە ئێستا كاتی تاقیكردنەوەی ڕێگەیەكی نوێیە كە فیدرالیەتی پارێزگاكانە، كە تاكە ڕێگەی چارەسەر و ڕزگاربونە لەم دۆخە ناهەموارەی هەرێمی كوردستانی تێكەوتوە.

لە دوای یەكگرتنەوەی ئیدارەكانی هەولێر و سلێمانیەوە و بۆ زیاد لە ١٠ ساڵ دەچێت، هەر یەك لە یەكێتی و گۆڕان ڕۆڵیان دابەش كردوە؛ بەشێك لە یەكێتی و گۆڕان دەچنە دەسەڵاتەوە و پارە بۆ حزب و بنەماڵە پەیدا دەكەن، بەشەكەی تریشیان ڕۆڵی معارەزە دەگێڕن.

پێش هەموو هەڵبژاردنێك بە چەند مانگێك ئەو بەشەیان كە ڕۆڵی معارەزە دەگێڕن، دەكەونە هەندێك نمایش كە گوایە شەڕ لەسەر میللەت و موچە دەكەن بۆ ڕاكێشانی سۆزی هاوڵاتیان و بەدەستهێنانەوەی دەنگ.

دوای هەڵبژاردنەكان، بەو دەنگانەوە، كە بەهۆی استغلالكردنی سۆزی هاوڵاتیانەوە بەدەستیان هێناوە، یەكێتی و گۆڕان لەگەڵ پارتی ڕێكدەكەونەوە و زۆرینەی كادرەكانیان بەوانەی معارەزەشن پشتیوانی چونە حكومەت دەكەن لەگەڵ پارتی و لە پەرلەمان دەنگی پێدەدەن، بە ناوی ئەوەی گوایە بۆ خزمەت و چاكسازی چون. هەتا چوار ساڵی تر بەم شێوەیە بەڕێیدەكەن.

چەند مانگێك پێش هەڵبژاردن، هەمان سیناریۆ بێ زیاد و كەم دوبارە دەبێتەوە، و دەڵێن ئەم حكومەتە دز و گەندەڵە و خزمەتی هاوڵاتیان ناكات؛ تا ئەو ڕادەیەی ڕەنگە لە حكومەتیش بكشێنەوە. لە ژێر ئەم بیانوانەدا دیسان سۆزی هاوڵاتیان دەجوڵێننەوە و دوبارە دەنگی پێكۆدەكەنەوە و پاش هەڵبژاردن دەكەونەوە ڕێكەوتن لەگەڵ پارتی. هەموو ٤ ساڵ جارێك ئەم سیناریۆیە دووبارەدەبێتەوە. میللەتیش هەمو جارێك بە دەستی بەتاڵ لە هەڵبژاردن و هاوكێشە سیاسیەكان دێتەدەرێ.

ئەمەی ئێستا ڕوودەدات، لەجیاتی بەرەوپێشچون، خولانەوەیە لە ناو بازنەیەكی داخراودا و گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر.

بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، هەموو جارێك، بەشێكی زۆری میللەتی ئێمە، پێش هەڵبژاردنەكان، سەرلەنوێ سۆز و عاتیفە بەسەریاندا زاڵ دەبێتەوە و ئەوەیان بیردەچێتەوە كە چی ڕویداوە و دیسان باوەڕ بەم سیناریۆ سواوانە دەكەن و جارێكی تر متمانە بەم هێزانە دەكەنەوە. دوای هەڵبژاردن میللەت وەكو هەموو جارەكانی تر توشی شۆك و بێئومێدی دەبێتەوە، وەكو ئەوەی یەكەمجار بێت ڕویدابێت.

وەك كوردەواری دەڵێن ئەگەر جارێك خەڵەتام، خوا سەبەبكارم بگرێت، ئەگەر دوو جار خەڵەتام خوا خۆم بگرێت. بەڕای من ئێستا كاتی ئەوە هاتوە لۆمەی خۆمان بكەین. ئەوە ئێمەین متمانە دەدەینەوە بەو حزبانەی كە لە جیاتی موچە و خزمەت، كار لەسەر سۆز و عاتیفەمان دەكەن. هەموو جارێك پێش هەڵبژاردن دەبن بە زمانحاڵی میللەت بۆ بەدەستهێنانی دەنگ و پاش هەڵبژاردنیش بۆ چوار ساڵی تر لەگەڵ پارتیدا دەچنەوە حكومەت.

میلەتی هۆشیار، سیاسی ڕاستگۆ و بەتوانا حوكمی دەكات و میلەتی عاتفیش، سیاسی دوڕو و خەڵەتێنەر حوكمی دەكات. بە كورتی، خۆشباوەڕی ئێمە كاری سیاسیەكانی زۆر ئاسان كردوە. سیاسیەكانی یەكێتی و گۆڕان بە ئاسانی بەرگەی ٤ ساڵ ڕەخنە و قسەی ناخۆش دەگرن، چونكە شارەزا بون و دەزانن چەند مانگێك پێش هەڵبژاردن، دەتوانن سۆزی خەڵك بجوڵێننەوە و هەموو هاوكێشەكان لەبەرژەوەندی خۆیان پێچەوانە بكەنەوە.

پارتیش زۆربەی كایەكانی سیاسی و سەربازی و ئابوری كۆنترۆڵ كردوە و گوێ بەو نمایشانەی ناو پەرلەمان نادات. بگرە ئەو نمایشانەی ناو پەرلەمان بە ناڕاستەوخۆ خزمەت بە پارتی، و تەنانەت یەكێتی و گۆڕانیش دەكات، چونكە دەبێتە هۆی دامركاندنەوەی توڕەیی خەلك. بە نیسبەت ئەوانەوە نمایشێكی ناو پەرلەمان زۆر باشترە لە تەقینەوەی جەماوەری و ڕاپەڕین.

كەواتە كاتی ئەوە هاتوە یەكێتی و گۆڕان لە جیاتی خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی و ڕۆڵ دابەشكردن و نمایشی ناو پەرلەمان و كات كوشتن، كە هیچی لێسەوز نەبوە بە درێژایی ئەم چەند ساڵە، جگە لە جوڵاندنی سۆزی هاوڵاتیان و بەدەستهێنانی دەنگ پێش هەڵبژاردن، دەستبكەن بە ڕێگەخۆشكردن بۆ فیدرالیەتی پارێزگاكان و هێنانەوەی داهات و دەسەڵات بۆ ئەم سنورە و دابینكردنی موچە و خۆشگوزەرانی و گەشەی ئابوری.

هەمان بۆچون بۆ هەولێر و دهۆكیش ڕاستە، دەكرێت ئەوانیش لە ڕێی فیدرالیەتی پارێزگاكانەوە موچە و خۆشگوەرانی زیاتر بەدیبێنن و تا ڕادەیەك ڕزگاریان بێت لە دەسەڵاتی سەركوتكەری پارتی.

پێویستە كەركوكیش بكرێت بە هەرێمێكی سەربەخۆ و دەسەڵات بدرێتەوە دەست كەركوكیەكان و ڕێز لە هەموو پێكهاتەكانی بگیرێت؛ چونكە كەركوك هەردوو ئەزمونی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی تاقیكردەوە و لە هەردوكیاندا زەرەرمەند بوو، نەوتەكەی بۆ چینێكی تاڵانچی سیاسی و دوكەڵەكەی بۆ خەڵكەكەی بوو. ئێستا كاتی خۆشگوزەرانیە بۆ خەلكی كەركوك لەڕێی فیدرالیەتی پارێزگاكانەوە.

بە كورتی، بۆ هەر موچەیەك كە مافێكی سەرەتایی هەر موچەخۆرێكە، چیتر فەرمانبەران و هاوڵاتیان ماندو نەكرێن بە نمایشی ناو پەرلەمان و یەكتر تۆمەتباركردنی پارتی و یەكێتی و گۆڕان، كە یەكەمیان ڕۆڵی دەسەڵات و دوانەكەی تر هەردوو ڕۆڵی دەسەڵات و معارەزەش لە یەك كاتدا دەگێڕن. لە جیاتی ئەوە، یەك جار لە ڕێی فیدرالیەتی پارێزگاكانەوە، كێشەی موچە و گوزەرانی هاوڵاتیان چارەسەر بكرێت.

بەیار عومەر عەبدوڵڵا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا