پۆڵەتیك پرێس:
بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە ناردنی هێزی پێشمەرگەیان بۆ سەر سنورەكانی رۆژئاوای كوردستان رەتكردەوە و جێگری سوپاسالاری هێزەكانی پێشمەرگەش وتی: ئاگاداری جوڵاندنی هێزنین بەرەو ئەو ناوچانە.
قارەمان كەمال جێگری سوپاسالاری هێزەكانی پێشمەرگە بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، ئێمە وەكو وەزارەتی پێشمەرگە ئاگاداری جوڵاندنی هێزنین بەرەو ئەو ناوچانە.
لەبارەی جوڵانی هێز ئایا لە دەسەڵاتی وەزارەتی پێشمەرگەدایە یان لە دەسەڵاتی حزبدایە ناوبراو وتی: ئەگەر هێزێك سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەبێت ئەوا بە دڵنیاییەوە وەزارەت ئاگادارە و فەرمانی وەزارەتی تیادایە و ئەگەر هێزێكیش سەر بە وەزارەت نەبێت ئەوا نازانین ئەوان فەرمانیان لە كێوە وەرگرتووە.
باسی لەوەشكردووە، هێزەكانی یەكەی ٧٠ و ٨٠ـش سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەن، بەڵام چالاكییەكیان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتدایە.
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەشێك میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان باسیان لەوەكرد، پارتی دیموكراتی كوردستان هێزێكی بەرەو سنوری رۆژئاوای كوردستان جوڵاندووە و ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێكی توركیایە بۆ گەمارۆدانی رۆژئاوای كوردستان.
هاوكات، رێڤینگ محەمەد سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: هیچ شتێكی لەو جۆرە نییە و ئێمە لە نزیكەوە ئاگاداری ئەو بابەتەین و هیچ هێزێك بۆ سەر سنوری رۆژئاوا جوڵەی پێنەكراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا سنورەكانی هەرێمی كوردستان ئارامە و هیچ گرفتێك لەسەر سنوری بوونی نییە.