پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازیكرد لە ئێرڤن هیكس، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان.
لە دیدارێكدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و فراوانكردنی هاریكارییەكان لە بوارەكانی وەبەرهێنان، كشتوكاڵ و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی هەرێم كرایەوە و رۆڵی ئازادی رادەربڕین و میدیای سەربەخۆ لەبەرەوپێشچوونی رەوتی دیموكراسیدا گفتوگۆی لەبارەوەكرا.
لە درێژەی دیدارەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە هەنگاوەكانی بووژاندنەوەی بازاڕ و كاروكاسبی هاوڵاتییان كرد و داواكارییەكانی بازرگان و خاوەنكارانی گەیاندە كونسوڵی ئەمریكا و داوایكرد هاوكار و پشتیوان بن لەسەرخستنی ئەم پرۆسەیەدا.
سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ریشەكێشكردنی پاشماوەكانی داعش، بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی رۆڵ و پشتگیری بەردەوامی هێزەكانی هاوپەیمانانی كرد كە هاوكار و بەشدارێكی سەرەكین لە ئۆپەراسیۆنەكانی دژی تیرۆریستان و هەنگاونان بە ئاڕاستەی سەقامگیری لە ناوچەكە.
لە بارەی چالاكییەكانی ئەم رۆژانەی ئێرڤن هیكس، كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێم، كونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان، بەرپرسانی یۆنامی و یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان لە شاری سلێمانی، بافڵ جەلال تاڵەبانی بەخێرهاتنی كرد و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیی بۆ خواستن.